چەند پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ لایەنەکان و خەڵکی کوردستان

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

سەرۆک بارزانی لە دوایین و گەورەترین کەرنەڤاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد، دوایین پەیامی پارتی لەبارەی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و چەند ڕەهەندێکی جیاوازی لەخۆدەگرت.

 

وێنە گەورەکە: ڕۆژی سێشەممە 15-10-2024، لە دوایین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگای فەرانسۆ هەریری لە هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بە بەشداریی دەیان هەزار کەس، گەورەترین و دوایین کەرنەڤاڵی ڕێکخست.

 

دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:

"ئامادەبوونتان ئومێد بەخش و هێزبەخشە بۆ ئێمە"

سەرۆک بارزانی لە سەرەتای قسەکانی دا بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و گوتی: "هەمووتان بەخێر بێن، ئامادەبوونتان جێگەی شانازییە، ئومێد بەخش و هێزبەخشە بۆ ئێمە، ئێوە پیشانتان دا و ئیسپاتتان كرد ئا ئەمەیە پارتی. شانازییەكی گەورەیە كە كوردستان ئەمڕۆ گەیشتۆتە قۆناغێك، گەلی كوردستان بە هەڵبژاردن و بە ڕەئی خۆی، شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەستنیشان دەكات، ئەمە سەركەوتنێكی مەزنە و دەستكەوتێكی مەزنیشە".

"هەندێک لایەن خۆیان لەم هەڵبژاردنە دەدزییەوە "

سەرۆک بارزانی بیریهێنایەوە کە ئەم هەڵبژاردنە دەبوو دوو ساڵ پێش ئێستا کرابا و گوتی: "ئەمڕۆ دواڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەم هەڵبژاردنە دەبوایە دوو ساڵ پێش ئێستا كرابا، بەڵام هەندێك لایەن هەر كۆسپیان دروست دەكرد و خۆیان دەدزیەوە، تا بە خەیاڵی خۆیان، بە قەناعەتی خۆیان گەیشتنە ئەو ئامانجەی كە بە هەڵبژاردنێكی پێشوەخت دیزایینكراو پارتی دەشكێنن".

"پارتی هەموو هەڵبژاردنێک یەکەم بووە و لەمەودواش هەر یەکەم دەبێت"

لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی گەڕایەوە بۆ 33 ساڵ لەمەوبەر و باسی لە بیرۆکەی یەکم هەڵبژاردن کرد لە کوردستان لەدوای ڕاپەڕین و گوتی: "لای هەموو كەس ڕوونە، پارتی خاوەنی بیرۆكەی هەڵبژاردنە لە كوردستان، لە نەورۆز و ڕاپەڕینی 1991 لە كۆیە، من داوام كرد كە دەبێ لە كوردستان هەڵبژاردن بكرێ، بۆ ئەوەی لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بچینە قۆناغی شەرعیەتی دەستووری و هەڵبژاردن بكرێ و میللەت ڕەئی خۆی بدات. شكور بۆ خوای گەورە و ئێوەی تێكۆشەر، هەر لە یەكەمین هەڵبژاردنەوە تا ئەخیر هەڵبژاردن، پارتی هەر یەكەم بووە و لەمەودواش هەر یەكەم دەبێت".

"لایەنەکان نەیانتوانی پارتی بۆ ئاستی نزم و بەكارهێنانی زمانی زبر ڕابکێشن"

ئاماژەکردن بە دروشمەکانی لایەنە سیاسییەکان بەشێک بوو لە وتارەکەی سەرۆک بارزانی و پەیوەست بەم بابەتە گوتی: "سەرەڕای ئەوەی كە سنوورشكێنیی هەندێك كەس و لایەن و بەكارهێنانی زمانی زبر و وشەی نەشیاو، بەڵام ئێمە تەحەمولمان كرد، سوپاسی هەموو دامودەزگاكانی پارتی دەكەم كە نەهاتنە ئەو ئاستە نزمەی كە هەندێك كەس دەیانویست پارتی بۆ ڕابكێشن".

"پلانی هەڵبژاردنێکی نەخشەبۆدانراومان پووچەڵ کردەوە"

سەرۆک  بارزانی باسی لە پلانی هەندێک لایەن کرد بۆ ئەوەی لەڕێگەی بەغدا و دادگای فیدراڵی پێشوەختە دیزانین بۆ هەڵبژاردن بکەن و گوتی: "كاتێك هەندێك بڕیار لە بەغدا دەرچوون بە چاوساخیی هەندێك لایەنی هەرێم بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەخت دیزاینكراو، پارتی ڕازی نەبوو و قەبووڵی نەكرد، هەرچەندە دواتر زۆر گۆڕانكاری بەسەردا هات، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نەبووە كە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەو پلانەی كە نەخشەشیان بۆ كێشابوو، پلانەكەش سەری نەگرت".

"بۆ ئەوەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێت دەنگ بە پارتی بدەن"

سەرۆک بارزانی لەبەردەم ئامادەبووانی کەرناڤەڵەکە، داوای لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی و سەرجەم خەڵکی کوردستان کردن بە گەرموگوڕییەوە بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە پارتی بدەن: "ئەركی سەرشانی هەموو ئەندامێكی پارتییە، هەموو لایەنگرێك، هەموو دۆستێك، هەموو كوردێكی دڵسۆز، هەموو پێشمەرگەیەكی قارەمان، هەموو تاكێكی هێزەكانی ئەمنی، ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەر بچنە سەر سندووقی دەنگدان، خۆتان و كەسوكارتان و دەنگ بە لیستی 190 بدەن، بۆ ئەوەی كوردستان لە دەستێكی ئەمیندا بمێنێت".

"یەكەمین كاری پەرلەمانی داهاتوو نووسینی دەستوورە"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کار و بەرنامەی پەرلەمانی داهاتووی کوردستان کرد و گوتی: "پەرلەمانی داهاتوو، ئەركێكی قورسی لە پێشە، بۆیە پێویستیی بە خەڵكێكە كە دڵسۆز بن بۆ گەل و نیشتمان، دڵسۆز بن بۆ ئەم هەرێمە و وەفادار بن بۆ خوێنی شەهیدان. یەكەمین كاری پەرلەمانی داهاتوو نووسینی دەستوورە، هەمواركردنەوەی هەندێك یاسایە، دەركردنی هەندێك یاسای دیكەیە، سڕینەوەی ئاسەواری ئەو پلان و بڕیارانەیە كە لە دژی هەرێم دەرچوون و ویستیان قەوارەی هەرێم نەهێڵن و تێكی بدەن".

"دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت"

سەرۆک بارزانی باسی لە بەرنامەی کابینەی داهاتووی حکومەتیش کرد و گوتی: "خواست و ویستی خەڵكی كوردستان دەبێتە بەرنامەی كابینەی داهاتوو، خزمەتگوزاریی زیاتر، ئەمن و ئاسایشی زیاتر، بارسووككردنی سەرشانی خەڵكی كوردستان و دوای هەڵبژاردن نابێ ئەم فەوزایە لە كوردستان بمێنێت، یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە، كۆتاییهێنان بە هاوپەیمانیی مافیا و تیرۆر، لە هەمووشی گرنگتر، كۆتاییهێنان بە بازرگانی و دروستكردنی ماددەی هۆشبەر كە گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاییندەی ئەم میللەتە و گەورەترین خیانەتە بەرامبەر بەم میللەتە دەكرێت".

وەڵامی دروشمی لایەنەکانی دایەوە: ناتوانن

سەرۆک بارزانی خوێندنەوەی بۆ دروشمی لایەنەکان کرد و دواتر لەگەڵ دروشمەکانی پارتی بەراوردی کردن و گوتی: "با تەماشای دروشمەكان بكەین، دروشمی پارتی دروشمی حیزبێكە كە هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی دەكات بەرامبەر بە گەل و نیشتمان، ئارامی و ئاوەدانی، پێكەوەیی و خۆڕاگری، پارتی وەسیلەیە بۆ خزمەتی كورد و كوردستان. با تەماشای دروشمەكانی لایەنەكانی تریش بكەین، هەندێكیان، لادانە و نەهێشتنە و دەركردنە، بەخوا خۆشیان دەزانن كە پێیان ناكرێ و ناتوانن. دروشمی ناواقیعییانە، خۆشیان دەزانن ناتوانن، قسەی زل و وەعدی بێ وەفا ئاسانە، بەڵام شەرت كردارە، پارتی حیزبی كردارە نەك هی قسە".

"ئەوەی ئیش نەكات، هەڵە ناكات"

"تەماشای ئەو كابینانەی كە پارتی سەرۆكایەتی كردووە، هەر لە 1992ەوە تا ئەمڕۆ، لە خزمەتگوزاریی زیاتر هیچی تر نەبووە، ڕاستە هەڵەش كراوە، ئەوەی ئیش نەكات، هەڵە ناكات، ئەوەی كار بكات، هەڵە دەكات". ئەمە گوتەی سەرۆک بارزانی بوو لەبارەی کابینەکانی ڕابردوو، جەختیشی کردەوە: "ئەو خزمەتەی كە كراوە و پێشكەش بە خەڵكی كوردستان كراوە، منەتی تێدانییە و جێی شانازییە بۆ ئێمە".

"دوای هەڵبژاردن دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین"

 

سەرۆک بارزانی تەمەننای كرد دروشمەكانی لایەنەكانی تر كێبڕكێ بووان لەگەڵ پارتی لەسەر پرۆژەی باشتر، خزمەتگوزاریی باشتر، تەبایی و برایەتیی قووڵتر، زیاتر گوتیشی: "بەڵام لەگەڵ ئەوەش، دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر، پارتی بە دڵێكی فراوان، بە هەستكردن بە مەسئولیەتێكی گەورە، دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكات. مەرجی ئێمە تەنیا یەك مەرجە، دڵسۆزی و وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و بۆ خاكی كوردستان. من بەو بەڕێزانە دەڵێم، كاكە ئێمە هەموومان ئاخیری كوردین، كوردستانین، خەڵكی ئەم وڵاتەین، بیر لەوە نەكەنەوە بە دژایەتی و تەحەدای پارتی شتتان دەست بكەوێت، بەخوا ئەوەی بە دۆستایەتی و بە برایەتی لەگەڵ پارتی دەستتان دەكەوێت، بە حەیاتی بەزۆری دەستتان ناكەوێت و ئەوانەی خەون بەوەوە دەبینن كە پارتی بڕووخێنن، كاكی خۆم، كەسانی لە ئێوە گەورەتر، زاناتر، دەوڵەتی بەهێز، خۆیان تەجرووبە كرد و خۆیان ڕووخان، پارتی هەر ما و هەر دەمێنێت. پارتی داربەڕووە داربەڕوو".

هیواداریش بوو دوای هەڵبژاردن "هەموو لایەنەكان بە پارتیشەوە، بەخۆیاندا بچنەوە، بیر لە ئاییندەی هەرێمی کوردستان بكەنەوە، چۆن ئەم هەرێمە بپارێزن؟ چۆن گیانی برایەتی لەنێو ئەم میللەتە قووڵتر بكەنەوە؟ چۆن سوود لە هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرن و چۆن خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتر پێشكەش بە خەڵكی كوردستان بكەن؟ ئەمەیە ڕێگەی ڕاست".

حەوت داواکاری بۆ لایەنگرانی پارتی

 

سەرۆک بارزانی بە جەختکردنەوە لەوەی پارتی هیچ كات لە مەسئولیەت نەترساوە و ڕای نەكردووە، حەوت داواکاری لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی کرد:

یەك: كاتی خۆتان خەسار نەكەن بە وەڵامدانەوەی وشەی سووك و هەڵوێستی سووك.

دوو: تەركیز بكەنە سەر چۆنیەتیی پاراستنی هەرێم و پاراستنی ئازادی و دیموكراسی.

سێ: بنیادنانی ژێرخانێكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان.

چوار: خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ خەڵكی كوردستان.

پێنج: ئیهتیمامێكی زۆرتر بە كەرتی پەروەردە و تەندروستی.

شەش: كار بكەن بۆ قووڵكردنەوەی گیانی برایەتی و تەبایی و پێكەوەیی هەموو نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك.

حەفت: مەجالێكی فراوانتر بۆ ئافرەتان و گەنجان بڕەخسێنن كە رۆڵی خۆیان باشتر و زیاتر ببینن.

سەرۆک دڵنیایی دا لەوەی "خەڵكی كوردستان هۆشیارن و زۆریش زانان، دەزانن دەنگ بە كێ بدەن؟ بەوە بدەن كە كوردستان دەپارێزێت یان بەوە بدەن كە كوردستان دەفرۆشێت؟"

"لەسەر سندووقی دەنگدان و خۆتان نەچەمێنن"

سەرۆک مەسعود بارزانی ئاماژەی بە کۆتاییهاتنی بانگەشە کرد و خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەریشی بیر هەمووان هێنایەوە و گوتی: "بەرواری كۆتاییهێنان بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، هاوكاتە لەگەڵ یادێكی تاڵ و كارەساتێكی نەتەوەیی ئەویش 16ی ئۆكتۆبەرە، چۆن ئێوەی خۆڕاگر لە 25ی ئەیلوول نەتانهێشت ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێت، چۆن لە 20ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە چۆن توانییان پلانی داگیركردنی هەرێم لە پردێ تێكبشكێنن، چۆن پێشمەرگە لە سحێلا خەونی داگیركردنی كوردستانیان لە دووژمنان كردە خەونێك بۆ قەبر، بەو ئیرادەیە، بەو جۆش و خڕۆشە، بەو ئومێدەوە، ڕۆژی 20ی مانگ بچن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و خۆتان نەچەمێنن، بە پەنجەكانتان، پێشمەرگە قارەمانەكان بە خوێنی خۆیان كوردستانیان پاراست، ئێوە لە ڕۆژی 20ی مانگ، داستانی خواكوڕك، داستانی كۆڕێ، داستانی 25ی ئەیلوول، داستانی پردێ، داستانی سحێلا بێننەوە بیری خۆتان و بە پەنجەتان كوردستان بپارێزن".

"هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کوردستان نەکەوێتە نێو ئاگری ناوچەکە"

پەرەسەندنی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان و پەلکێشکردنی ئێران بۆ ناو شەڕەکە، بەشێک بوو لە وتارەکەی سەرۆک بارزانی و بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێک لەمڕووەوە گوتی: "ئێمە لەكاتێكدا دەچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن كە ناوچەكە لە دۆخێكی ئاڵۆز و حەساسدایە، ئێمە لەگەڵ برادەرانی بەغدا خەریكین بەهەموو شێوەیەك كە عێراق بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی، نەكەوێتە ناو ئەو ئاگرەی كە هەیە و هەموو ئومێدمان ئەوەیە لایەنەكان هەموویان پەنا ببەنە بەر دیالۆگ و بەشێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەری ئەو مەشاكیلانەی هەیە، بیكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی مەسئولینی بەغدایە و ئەركی هەرێمیشە كە هەوڵ بدەن، عێراق و هەرێم نەكەونە ناو ئەو ئاگرەوە".

"پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا باشە و ڕێگەچارەسەری گرفتەكان دۆزراوەتەوە"

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک بارزانی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد و گوتی: "پەیوەندیی هەولێر و بەغدا، تەبعەن ئێستا پەیوەندیی پارتی لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری حیزبەكانی عەرەبی چ شیعە و چ سوننە لە عێراق، پەیوەندییەكی باشە و لە ئاستێكی باشدایە و بەینی حكومەتی هەرێم و حكومەتی بەغداش تا حەدێكی زۆر تەفاهوم دروست بووە و ڕێگەچارەسەری گرفتەكان گیراوەتەبەر و لەگەڵ بەڕێز سوودانی، سەرۆك وەزیران، تەفاهومێكی باش هەیە و ئێمە ئومێدەوارین كە دوای ئەم هەڵبژاردنە، هەموو ئەو موشكیلانەی كە هەنە، بنبڕ بكرێن و چارەسەر بكرێن".

"بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین"

 

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا باسی لە چارەسەرکدنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ چارەسەرین، بەڵام قەت و قەت موساوەمە لەسەر مافی خۆمان ناكەین. چەند بنەمایەك هەن كە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئێمە لەسەر ئەو بنەمایانە ڕێككەوتین، بەڵام بەداخەوە كاری پێ ناكەن، شەراكەت و تەوازن و تەوافوق، دەستوور هەیە و ڕێككەوتنی سیاسیش هەیە، ئەگەر كار بەمانە بكرێت، هیچ كێشەیەك لە نێوان هەرێم و بەغدا نامێنێت".

"بڕیاری خۆمان تەسلیمی هیچ كەسێك ناكەین"

پەیوەست بە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، سەرۆک بارزانی گوتی: "لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمییەكان پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان باشە و بەرەو باشی دەچێت، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین كە لەگەڵ هیچ لایەك و لەگەڵ هیچ دەوڵەتێك گرفتمان هەبێت، بەڵام ئێمە خاوەنی بڕیاری خۆمانین، ئێمە بڕیاری خۆمان تەسلیمی هیچ كەسێك ناكەین".

باسی لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیش کرد و گوتی: "مەترسیی تیرۆر هێشتا هەر هەیە، بۆیە ئێمە هیوادارین بەغدا لەگەڵ هاوپەیمانان بگاتە ڕێككەوتنێكی ڕێكوپێك بۆ ئەوەی بەردەوام ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە هەبێت تاوەكوو جارێكی تر داعش نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە".

"دڵخۆش بووم بە شێوازی دابەشکردنی شووقە بەسەر خانەوادەی شەهیدان"

 

گۆشەیەکی دیکەی وتاری سەرۆک بارزانی تایبەت بوو بە دابەشکردنی شووقە بەسەر کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و گوتی: "دوو بابەت هەن من دەمەوێ ئاماژەیان پێ بكەم، لە كەرنەڤاڵی ڕۆژی 12ی مانگ لە دهۆك، ئەلحەمدولیلا لەوێ دڵی دۆستان گەش بوو و دڵی دووژمن و ناحەزان ڕەش بوو. بابەتی تر، پێش یەك دوو ڕۆژ، سەرۆكوەزیران لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، 554 شوققەیان دابەش كرد بەسەر خانەوادەی شەهیدانی شەڕی داعش، ئەمە ئەركە، ئەركی حكومەتە، ئەركی حیزبە، ئەركی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە و هەرچی بۆ شەهید بكەن كەمە، بەڵام ئەوەی لێرەدا بەلای منەوە زۆر زۆر موهیم بوو، بەبێ جیاوازی ئەو شووققانە بەسەر خانەوادەی هەموو شەهیدان دابەش كران بەبێ ئەوەی پێی بڵێن ئەمە پارتییە یان یەكێتییە یان ئەوی ترە؟ ئەمەیە پارتی، ئەمەیە ڕێبازی بارزانی، شەهید پیرۆزە، شەهید تاجی سەرمانە".

سەرۆک بارزانی بۆ لانەگرانی پارتی: وەڵامی ناحەزان بدەنەوە

سەرۆک بارزانی داوای لە لایەنگرانی حیزبەکەی کرد مۆراڵیان بەرز بێت، ئومێدیان زۆر بێت، باوەڕیان نەگۆڕ بێت، سەركەوتن هەر بۆ ڕێگەی ڕاستە، ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەریش وەڵامی هەموو ناحەزان بدەنەوە.

 

"ئومێدەوارم کۆمیسیۆن ڕێگری لە دەستوەردان لە ئەنجامی هەڵبژاردن بکات"

 

سوپاسی هەموو دامودەزگاكانی حیزبی، حكومی، لەشكری و ئەمنی و هەموو خۆبەخشەكان و ئەو کەسانەی کرد کە زەحمەتیان كێشاوە و ئەم مانگە خۆیان زۆر ماندوو كردووە و گوتی: " ئامادەكارییەكی زۆر زۆر ڕێكوپێكیان كردووە بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دەستخۆشییان لێ دەكەم، سوپاسیان دەكەم، هەروەها سوپاسی كۆمیسیۆنیش دەكەم كە بە قسەی برادەران و هەڤاڵانمان، تا ئێستا كاری خۆیان بە ڕێكوپێكی كردووە، ئومێدەوارم هەروا بەردەوام بن و نەهێڵن هیچ لایەنێكی تر دەستێوەردان بكات لە هەڵبژاردن و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن".

پێش تەواوبوونی وتارەکەی سەرۆک بارزانی سڵاوی نارد بۆ گیانی پاكی شەهیدان، بۆ خانەوادەی شەهیدان،  بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، سڵاوی لە دار و بەرد و خەڵكی كوردستان کرد و گوتی: "سڵاو لە كەركووكی دووجار فرۆشراو، سڵاو لە سلێمانی، سڵاو لە هەڵەبجە، سڵاو لە دهۆك، سڵاو لە هەولێری پایتەخت، سیمبوولی هاوبەشی گەلی كوردستان، هەولێر هەولێرە، پشتمان بە خوای گەورە قاییمە و بە هیممەتی ئێوە هەر بەرەو پێشەوە ئەچین، خۆناچەمێنین و سەردەكەوین".

لە كۆتاییدا  سەرۆک بارزانی پرسیارێكی لە لایەنەكانی تر کرد و وتی: ئێوە و ویژدانتان، ئێوە و خوای خۆتان، ئەگەر ئێوە لەجیاتی پارتی بوونایە، چۆن ڕەفتارتان دەكرد لەگەڵ پارتی؟

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ