پارەدارکردنی ڕێکخراوەکان و سپیکردنەوەی پارە لە بانکەکانی عێراق

شەیری بکە لە:

 

ئاڤا نیوز

 

ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی 'پڕۆژەی ڕاپۆرتدان لە سەر تاوانی ڕێکخراو و گەندەڵی' ئاماژە بەوە دەکات کە لە عێراق لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارەوە، گرووپە تیرۆریستییەکان پارەدار دەکرێن.


بۆچی گرنگە: بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە بانکی 'ئەلهودا' یەکێکە لەو بانکە عێراقییانەی کە ڕۆڵی هەبووە لە پارەدارکردنی گرووپە میلیشیا عێراقییەکان، لەوانەش: کەتائیبی حیزبوڵڵا کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە ئوردن، لە نزیک سنووری عێراق و بە هۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

 

زانیاریی زیاتر: ڕۆژێک دوای ڕووداوەکە، ئەمریکا تۆڕی دارایی گرووپە چەکدارەکانی کردە ئامانج و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا حەمەد مووسەوی، خاوەندی بانکەکەی سزادا، چونکە لە ڕێگەی سپیکردنەوەی پارەوە یارمەتیی دارایی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی داوە کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.

 

ئەمەش بزانە: وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە هەوڵەکانی بۆ وشککردنی سەرچاوەی دارایی گرووپە میلیشیاکان بەردەوامە و هەوڵ دەدات نەهێڵێت ئەو گرووپانە بانکە عێراقییەکان و هەروەهاش سیستمی دارایی جیهانیی بۆ سوود و بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن.

 


لەلایەکی دیکەوە: پەرلەمانی عێراقی لیژنەیەکی بۆ لێكۆڵێنەوە لە سپیکردنەوەی پارە لەلایەن بانکەکانەوە پێکهێناوە، بە گوێرەی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە بانکی ئەلهودا و دوو بانکی دیکە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامەی ساختە دۆلاری ئەمریکییان وەرگرتووە و گواستوویانەتەوە بۆ گرووپە میلیشیاکان لە عێراق، سووریا، یەمەن و تەواوی ناوچەکە کە سەر بە ئێران و دژ بە ئەمریکان. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: