کۆمیسیۆن ژمارەی چاودێران و میدیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن ژمارەی چاودێران و میدیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات

 

ئاڤا نیوز


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ژمارەی چاودێران و میدیا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، ئەوانەی بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، ئاشکرا دەکات.

لێدوانی فەرمی: ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: کۆمیسیۆن بەتەواوی ئامادەیە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی دیاریکراو بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن سبەی شەو کۆتایی دێت.

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی ئەیسەر یاسین، پاش کۆتاییهاتنی هەڵمەتەکە کەرەستەی هەڵبژاردن و ئامێرەکانی دەنگدان بەسەر ناوەندەکانی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن، بەپێی ئەو پلانەی کۆمیسیۆن دایناوە لە ڕۆژانی 15 و 16 و 17ی مانگ جێبەجێ دەکرێت.

ژمارەکان وادەڵێن: ژمارەی چاودێرانی سیاسی تۆمارکراو گەیشتووەتە 13 هەزار و 478 چاودێر جگە لە دوو هەزار و 100 چاودێری نێوخۆیی کە بەمشێوەیەی خوارەوە بەسەر پارێزگا جیاجیاکاندا دابەش بوون:

- هەولێر: 1340 چاودێری سیاسی و 257 چاودێری نێوخۆیی .

- سلێمانی: 5 هەزار و 138 چاودێری سیاسی و 644 چاودێری نێوخۆیی.

- دهۆک: 6 هەزار و 735 چاودێری سیاسی و 1723 چاودێری نێوخۆیی.

- هەڵەبجە: 265 چاودێری سیاسی و هیچ چاودێرێکی نێوخۆیی لە ڕێکخراوەکانەوە تۆمار نەکراوە.

لەلایەکی دیکە: چاودێرانی نێودەوڵەتی نوێنەرایەتی 13 کونسوڵخانە و 17 ڕێکخراو دەکەن، هاوکات 20 دەزگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی و 48 دەزگای ڕاگەیاندنی نێوخۆیی بەشداری لە ڕووماڵکردنی هەڵبژاردنەکان دەکەن، ئەیسەر یاسین وادەڵێت.

 

 

شەیری بکە لە: