یەکێتی لەترسی خۆپێشاندان دەوامی زانکۆی سلێمانی دوادەخات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

لەکاتێکدا مانگێک و 14 ڕۆژە دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆی سەڵاحەددین دەستی پێکردووە، زانکۆی سلێمانی بە بیانووی جیاواز دەستی بە دەوام نەکردووە، ئاڤا نیوز زانیویەتی دەستپێنەکردنەوەی دەوام بەهۆی ترسی یەکێتییە لە خۆپیشاندان  و گردبوونەوەی قوتابیان لەکاتی بانگەشەدا.

 

چیرۆکی سەرەکی: مەسرور بارزانی؛ سەرۆکوەیزانی هەرێمی کوردستان دوو ساڵ لەمەوبەر بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی بۆ قوتابیان دەرکرد، قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان ساڵانە لە مانگی نۆ بۆ مانگی شەش دەرماڵە وەردەگرن، بەڵام دوو ساڵە ئەو دەرماڵەیە بۆ قوتابیانی زانکۆی سلێمانی خەرج نەکراوە.

 

زانیاریی تایبەت: سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاڤا نیوزی گوت، بڕیاری خەرجنەکردنی دەرماڵە لە بانکی سلێمانی لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران ڕاگیراوە و بە بڕیاری ئەو پارەکە خەرج ناکرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاری داوە هەفتەی داهاتوو، دروست دوو ڕۆژ دوای هەڵبژاردن و لە 22-10-2024 دەست بە دەوام بکرێت، ئەم بڕیارە لەلایەن یەکێتییەوە دراوە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن سەرئێشەیان بۆ دروست نەبێت.

 

هۆکارە زانراوەکان: ترسی یەکێتی لە خۆپێشاندان بەهۆی خەرجنەکردنی دەرماڵی قوتابیانە، لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان بۆ قوتابیانی ناوشار 40 هەزار و دەرەوەی شار 60 هەزار دینار  خەرج دەکرێت، بەڵام دوو ساڵە (ساڵەکانی خوێندنی 2022-2023 و 2023-2024) ئەو دەرماڵەیە بۆ قوتابیانی زانکۆی سلێمانی خەرج نەکراوە کە ژمارەیان 23 هەزار قوتابییە

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: زانکۆی سلێمانی بە بیانووی تەندەرینی ئامادەکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەستپێکردنەوەی دەوامی ڕاگرتووە، تەندەرەکە 18 باڵەخانە بۆ بەشەناوخۆیی لەخۆدەگرێت و جێگەی پێنج بۆ شەش هەزار قوتابی دەبێتەوە.


بۆچوونی بەرامبەر: د.یۆھان عوسمان، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بە ئاڤا نیوزی گوت: چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی پارە بووین، نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان زیاتر لە 700 ملیۆن دیناری تێدەچێت، ئێستا بڕیارەکە دراوە و 22ی ئەم مانگە بەشەناوخۆیی بەسەر قوتابیان دابەش دەکەین.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ