پێنج پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لە سنووری سۆران جێبەجێ دەکرێن

شەیری بکە لە:
پێنج پڕۆژەی گەورەی گەشتیاری لە سنووری سۆران جێبەجێ دەکرێن

دیمەنێک لە پرۆژەی گەشتیاریی رێشە کە دەکەوێتە ناوچەی پرژە لە قەزای چۆمان و بەشێکی تەواو بووە

ئاڤا نیوز


تادێت ژمارە و ڕووبەری ناوچە گەشتیارییەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زیاد دەبێت، ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن، بۆ بووژانەوەی زیاتری کەرتەکەش مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە دراوە.

وێنە گەورەکە: ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەوڵەمەندە بە ژمارەیەکی زۆر ناوچەی گەشتیاری، بەجۆرێک 540 پرۆژە و سەیرانگە و ناوچەی گەشتیاری لەخۆدەگرێت و 35% ـی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن. 

لێدوانی فەرمی: فەیسەڵ سادق، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سۆران بە ئاڤا نیوزی گوت: "کابینەی نۆیەم دەرگایەکی گەورەی بەڕووی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا مۆڵەتی شەش پڕۆژەی گرنگی گەشتیاری دراوە و پێنجیان لە قۆناغی جێبەجێکردندان."

پڕۆژەکان چین؟ 

1. نیاگارا: لەنێوان سپیلک و خەلیفان دەبێت، کەمپێکی گەشتیارییە و ژمارەیەک تاڤگە و شوێنی پشوودان لەخۆدەگرێت.

2. شاری شووشەیی بناری هەندرێن: پێکدێت لە پردێکی پیادەی شووشەیی کە پانییەکەی سێ مەتر و درێژییەکەی نزیکەی 200 مەترە، لەسەر خەرەندی ڕواندز دروست دەکرێت و بە بناری چیای هەندرێن دەبەسترێتەوە، ڤێلا، پارک و ژمارەیەک بابەتی گەشتیاریی دیکە لەخۆدەگرێت.

3. پڕۆژەی ڕیشەی پڕژە: دەکەوێتە سنووری قەزای چۆمان، ژمارەیەک ڤێلا بە شێوازی کلاسیک لەخۆدەگرێت، بۆ گەشتیاریی زستانە ئامادەکراون و بەشێکی تەواو بووە.

4. پڕۆژەی ڕووپەسەند: دەکەوێتە نێوان هاوینەهەواری جووندیان و قەزای ناوەندیی سۆران، کۆڕنیش، پارک، ڤێلای مانەوە و خواردنگە لەخۆدەگرێت.

5. پڕۆژەی گەشتیاریی سەبەنجە: دەکەوێتە نزیک هاوینەهەواری جووندیان، ژمارەیەک مۆتێلی گەیشتیاری (چالێت) کە دۆستی ژینگەن دروست دەکرێن.


لەلایەکی دیکەوە:
لەپاڵ ئەم پڕۆژانەدا ناوچە گەشتیارییەکانی گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ و ڕواندز دەکرێنە زۆنێکی گەشتیاری و دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەکاتی کردنەوەی پرۆژەیەک لە چیای کۆڕەک قسەی لەبارەوە کرد و گوتی: "ماستەر پلانی پڕۆژەکە ئامادەکراوە، پڕۆژەکە دەبێتە یارمەتیدەرێکی زۆر باش بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی عێراق و دەرەوە".

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: