چەند پەیامێکی نوێ لە مەسرور بارزانییەوە بۆ لایەنەکان و خەڵکی کوردستان

شەیری بکە لە:

گوتاری مەسرور بارزانی لە کەرنەڤاڵی لیستی پارتی لە سۆران

ئاڤا نیوز

 

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی ڕایدەگەیێنێ، "بەرەو هەڵبژاردنێکی چارەنووسساز دەچین و جەماوەر بڕیاری داوە پارتی براوەیە، 20ی ئۆکتۆبەر داستانێکی تر تۆمار دەکەین و ناحەزانی پاتی سەر شۆڕبن. جەختیشی کردەوە ئەوانەی دژایەتیی پارتی دەکەن هیچ پرۆژە و بەڵێنێکیان بۆ خەڵک پێنییە".
 
لێدوانی فەرمی: مەسرور بارزانی لە سۆران بەشداریی لە کەرنەڤاڵی لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان  کرد، لە گوتارێکدا چەند پەیامێکی نوێی ئاراستەی لایەنەکان و خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەوان شانازی دەکەن لایەنی بیانی و دەستی دەرەکییان لەپشتە، ئێمەش شانازی دەکەین خودا و خەڵکمان لەپشتە، هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر هێزی گەل بووەستێت. هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر ئیرادەی گەلی کوردستان بووەستێت و هەمیشە شکستیان هێناوە، لە دروشمەکانیان دیارە ئەو وڵاتە بەرەو کوێ ببەن، هەر دەڵێن تێکی دەدەین و دەیڕووخێنین، ناتوانن خزمەتی خەڵک بکەن بۆیە هەوڵی تێکدان دەدەن و لەمە زیاتر هیچ شتێکی دیکە نازانن".
 
"دروشمی ناحەزانی پارتی بۆ بێئومێدکردنی خەڵکی کوردستانە"

مەسرور بارزانی ئاماژەی بە دروشمی ئەو لایانانەدا کە دەیانەوێت ململانێی پارتی بکەن و گوتی: ئەوان یەک دروشمیان پێ نییە بۆ ئێوە کە باسی ژیان و گوزەرانی ئێوە بکات. هیچ شتێکیان پێ نییە بەڵێنێک بە ئێوە بدەن کە داهاتوو چۆن بۆ خەڵکی کوردستان باشتر ببێت. تەنیا شتێک کە ئەو لایەنانە کە لە دروشمەکانیان دیارە هەمووی بۆ نائومێدکردنی خەڵکی کوردستانە.

جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: ئێمە بەجۆرێکی دیکە هاتووین و دروشمەکانی پارتی دیارە، بەڵام دێن و بە ئێمە دەڵێن کۆتاییتان پێدەهێنین، بە ئێمە دەڵێن ڕاتان دەگرین، بە ئێمە دەڵێن بەسە، بە ئێمە دەڵێن تێکی دەدەین و دەیڕووخێنین... نەک ئێستا لە سەرەتای دروستبوونی پارتی تاوەکو ئێستا زۆر لەو لایەنانە هەبوون کە هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە، جگە لەوەی بەربەست بۆ پارتی دروست بکەن و نەهێڵن پارتی سەربکەوێت و ئەو گەلە بە کەناری ئارامی بگات، لەوکاتەوە هەوڵیان داوە و تاوەکو ئێستاش نەوەستاون. ئێستاش هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ ڕاگرتنی کاروانی خەبات و تێکۆشانی پارتی، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بەختەوەر نەبێت و بە ئامانجەکانی خۆی نەگات، ئێستاش بە شێوازی تر خەریکی ئەوەن بمانوەستێنن، بەڵام چۆن لەوکاتدا نەیانتوانی ئێستاش ناتوانن.

چارەسەری پێنج کێشەی گەورەی کوردستان دەخاتەڕوو

مەسرور بارزانی  ئاماژەی بە پێنج کێشەی گەورەی هەرێمی کوردستان کرد و چارەسەری هەر پێنج کێشەکەشی خستەڕوو و گوتی: بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێن نەمێنێت، دەبێت ئەو دەسەڵاتەی کە بە کودەتا هاتووەتە سەر حکوم و خۆی بەسەر جوومگەکانی حکومڕانی لە کوردستان سەپاندووە، دەبێت کۆتایی بەو دەسەڵاتە خۆسەپێنە بێت. 

بۆ ئەوەی کێشەی ماددەی هۆشبەر چارەسەر بکرێت، دەبێت ئەو کارگانەی کە بۆ ماددەی هۆشبەر دروستکراون تێکبدرێن.

بۆ ئەوەی گەندەڵی نەمێنێت، ئەوانەی پارە سپی دەکەنەوە بە فڕۆکەی تایبەت پارە لە وڵات دەبەنە دەرەوە، دەبێت ئەوانە نەمێنن.

بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان ئاسوودە بێت، دەبێت چاوسوورکردنەوە و سەرانەسەندن نەمێنێت، دەبێت ترس و تۆقاندن نەمێنێت.

بۆ ئەوەی تیرۆر نەمێنێت، دەبێت ئەو تیرۆریستانەی کە خەریکی تیرۆرکردنی هاووڵاتیانی کوردستانن، ڕادەستی یاسا بکرێن.

"ئەوانەی ناتوانن نیشتمانپەروەر بن، با خاکفرۆشیش نەبن"

جێگری سەرۆکی پارتی ئامۆژگاری ئەو لایەنانەی کرد کە "فریودراون یان بۆ هەر بەژەوەندییەک ئێستا ڕێگایەکی دیکەیان گرتووەتەبەر، داوا دەکەین بگەڕێنەوە، دەستی ئاشتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین، بەڵام ئەگەر ناتوانن نیشتمان پەروەربن، هیچ نەبێت با خاکفرۆش نەبن".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، زۆر کەس هەن لەپێناو مانەوەی خۆیان ئامادەن هەموو شت بکەن، "ئامادەن هەموو شتێک ڕادەستی ناحەز و نەیار بکەن، ئامادەن هەرچی سووکایەتییە بیکەن و هەرچی سووکایەتیشە قبووڵی بکەن. ئامادەن هەموو مافێک ڕادەست بکەن تەنیا لەپێناو مانەوەی خۆیان. بەڵام بارزانی و پارتی فێری کردین ئێمە بە ئیرادەیەکی بەهێز دەتوانین هەموو مافەکانمان بە دەستبهێنین و بمێنین و بە هیچ جۆرێکیش سەر بۆ هیچ لایەنێک شۆڕ نەکەین".

"هەوڵمان داوە زۆرترین خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەین"

بەگوتەی مەسرور بارزانی، ئەوان هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ ئەوەی زۆر پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکەن و ئەنجامیان بدەن، "یەکێک لەو پرۆژانە ئەوەبووە کە ئێمە بەرەو سیستمێکی پێشکەوتووی حکومڕانی هەنگاوبنێین. بۆ ئەوەی سەرکەوتووش بین پێویستە ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری و ئیداری و بانکی و خزمەتگوزاری لە هەموو ڕووێکەوە بوونیاد بنێین. بەڵام ئەمە بۆ هەندێک لایەن بووەتە جێگەی مەترسی، چونکە ئەهەر ئێمە توانیمان بە شێوەیەکی یاسایی و ڕوون کارەکان بکەین و لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بین و بڕیار بۆ هاووڵاتی بگەڕێنینەوە. ترسیان لێ نیشتووە وا دەزانن ئەمە لە دەسەڵاتی ئەوان کەمدەکاتەوە و ناتوانن چتر بە هەڕەشە و مووچە بڕین و ترساندنی خەڵک وەلائـ بۆخۆیان بکڕن، بۆیە دژی ئەو پرۆژانە دەوەستنەوە.

"هەژماری من لە بەرژەوەندیی خەڵکە و بۆ ئەوەیە ئازادبن لە وەرگرتنی بڕیاری سیاسی"

یەکێک لەو پرۆژانە وەک مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ کرد، پرۆژەی "هەژماری من"ە، دەڵێت: "پرۆژەی هەژماری من بۆ هاووڵاتییە، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت ببێت بە خاوەن بڕیاری خۆی، مووچە لەکاتی خۆیدا وەربگرێت بەبێ ئەوەی ناچار بێت هیچ لایەنێکی سیاسی بڕیار لەسەر چارەنووسی هاووڵاتی بدات.

بەڵام ئەو لایەنانەی کە دژی ئەو پرۆسەیە دەوەستنەوە، ئەوانەن کە دەترسن لەوەی هاووڵاتی خاوەن ئیرادە و بڕیار بێت. دەیانەوێت هاووڵاتی هەمیشە گیرۆدەی دەستی ئەوان بێت، ئەوان بچن مووچەیان بۆ دابین بکەن و ئەگەر بە قسەی ئەوان نەکەن مووچەیان لێ ببڕن. هەر بۆیەشە دژی دەوەستنەوە.

 

"دژایەتی پرۆژەی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کراوە"

مەسرور بارزانی باسی یەکێکی دیکە لە پرۆژەکانی کرد کە دژایەتی کراوە بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبێت و گوتی: ئەو لایەنانە زۆر هەوڵیان داوە پرۆژەکانی حکومەت سەرکەوتوو نەبێت، یەکێکیش لەو پرۆژانە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و نەیانهێشتووە وەکو پێویست پرۆژەکە بەڕێوەبچێت.

بە گوتەی مەسرور بارزانی سەرەڕای دژایەتیکردنی ئەو پرۆژەیە، لەگەڵ ئەوەش هەنگاوی باش نراون، بەڵام بەهیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە هێزی میلیشیا دروست بکرێت بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی و پەلاماری لایەنی سیاسی دیکە بدرێت، یان پەلاماری بنکەی ڕۆشنبیری بدرێت، یانیش نەیارەکانیان پێ بترسێنن.


"دەستی دۆستایەتی پارتی بگرن با بەیەکەوە بتوانین کوردستانێکی بەهێزتر و ئاوەدانتر دروست بکەین"

جێگری سەرۆکی پارتی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد، بۆ ئەوەی بێن و پێکەوە کوردستانێکی بەهێزتر و ئاوەدانتر دروست بکەن، گوتیشی: پارتی دەستکەوت لەدوای دەستکەوتی بۆ ئەو خەڵکە بەدیهێناوە، لەمەودواش پارتی ناوەستێت. بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئەگەر دەیانەوێت سەرکەوتووبن و دەستکەوتیان هەبێت، فەرموون دەستی دۆستایەتی پارتی بگرن با بەیەکەوە بتوانین کوردستانێکی بەهێزتر و ئاوەدانتر دروست بکەین.


"جیاوازی لە هیچ شوێنێک ناکەین و هیچ بەشێکی کوردستان بە موڵکی خەڵکی تر نازانین"

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد " با بەهیچ جۆرێک پێمان نەڵێن ئێوە جیاوازی دەکەن، نە پارتی و نە حکومەتی پارتی جیاوازیی نەکردووە لە هیچ شوێنێکی کوردستان، پارتی حیزبی هەموو کوردستانە، حیزبی هەموو چین و توێژ و ئایین و نەتەوەیەک و هی هەموو دەڤەرێکی کوردستانە".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئێمە هیچ بەشێکی کوردستان بە موڵکی خەڵکی دیکە نازانین، هەمووی پێمانوایە موڵکی پارتییە و پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە".

 

"دەسەڵاتێکی حیزبی لە هەندێک ناوچە ڕێگر بووە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و دەستی بەسەر داهاتدا گرتووە"

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش کرد کە ئەوان چۆن جیاوازی دەکەن لە وڵاتێکدا کە بە هی خۆیانی بزانن و دەشڵێت: "بەڵام ئەوەی دەبینن دەسەڵاتێکی خۆسەپێنی حیزبی ڕێگر بووە لە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکومەت لە هەموو پارێزگاکانی هەرێم بەشێوەیەکی یەکسان".

مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، "حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی یەکسان پارە و بودجەی بۆ پرۆژەکان بەبێ جیاوازی بۆ هەموو شوێنەکان تەرخان کردووە، بەڵام دەسەڵاتی خۆجێی حیزبی نەک ئیداری، دەسەڵاتی حیزبی دەستی بەسەر داهاتەکان و پرۆژەکاندا گرتووە و ناهێڵن خزمەتی خەڵک بکرێت. ئەوەی جیاوازی دەکات ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەیە کە ئێستا حکومڕانی لەو دەڤەرانەدا دەکات".

"زۆر هەوڵدرا کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو نەبێت، بەڵام نەکەوتین و ناشکەوین"

مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵانەی بۆ تێکدانی قەوارەی هەرێم نراو و گوتی: "لەم چوار پێنج ساڵەی ڕابردوو ئەوەی پێیان کرا کردیان بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم تێکبدەن و زۆر هەوڵ درا کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو نەبێت، چوون لەگەڵ هەرچی لایەنێکە ڕێککەوتن بەس بۆ ئەوەی دژایەتی ئەم حکومەتە و مافی خەڵکی کوردستان بکەن، بەڵام بە پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوە نەکەوتین و ناشکەوین".

مەسرور بارزانی ڕووی لە دەنگدەران کرد و پێیگوتن دەبێ بە دەنگەکانتان تۆڵە لەو لایەنانە بکەنەوە کە تاوەکو دوێنێ دژایەتییان دەکردن، "دەبێت سنوورێکیان بۆ دابنێن، هەرکەسێک لە بەرەی گەل و نیشتمان بێت ڕێزمان هەیە بۆی، بەڵام ئەوانەی خۆیان فرۆشتووە، ئەوانەی ئامادەن هەموو شتێک ڕادەست بکەن.. پەیامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە یان خۆتان چاک بکەن و بگەڕێنەوە بۆ بەرەی گەل و نیشتمان، یان بارکەن و بڕۆن، ئەگەرنا بە دەنگی خەڵکی کوردستان شاربەدەر دەکرێن".


"پارتی لە بەرامبەر هەموو پیلان و مەترسییەکان خۆڕاگر بووە"

مەسرور بارزانی، تیشکی خستە بەرنامەی حیزبەکەی بۆ ئاوەدانی کوردستان و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە "پارتی دەیەوێت ئارامی و ئاشتەوایی هەبێت، چونکە خەڵک شایستەی ئەوەیە لە ژینگەیەکی ئارامدا بژیت، پێمانوایە خەڵکی ئێمە ماندووە لە شەڕ و تووندوتیژی و دەمانەوێت ئاشتی هەبێت، دەمانەوێت ئاییندەیەکی گەشترمان هەبێت.. نامانەوێت منداڵەکانی ئێمەش تووشی هەمان دەردەسەری و نەهامەتی ببن".

مەسرور بارزانی گوتیشی: "پارتی کە داوای ئارامی و ئاشتی دەکات، لەپێناو خەڵکی کوردستان داوای ئارامی و ئاشتی دەکات. پارتی لە هەر شوێنێک بووبێت دەستی ئاوەدانی لەوێیە و کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ ئاوەدانتر و پێشکەوتووتر دەبێت".

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش کرد کە "پارتی بەرامبەر پیلانی دووژمنان و ناحەزان خۆڕاگر بووە، لەمەودواش بەرامبەر بە هەرچی مەترسییەک هەیە خۆڕاگر دەبێت. پشت بە خودا و بە هاوکاری و پشتیوانی ئێوە، پارتی هەرگیز لە هیچ دووژمنێک نەترساوەو ناترسێت.. چۆن خۆڕاگر بووە، لەمەودواش خۆڕاگر دەبێت".

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ