ململانێی "عەقڵی شۆڕش" و "عەقڵی دەوڵەت" لە ئێران: جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە دووبارە دادەڕێژێتەوە؟
- بیروڕا
- 9 تشرینی یەکەم
ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
به‌شێوه‌یه‌كی ساده، ده‌كرێت ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی هه‌فته‌كانی ڕابردوودا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕووی دا وه‌ك "سه‌ركه‌وتنێكی ئاسایی ته‌كنۆلۆژیا به‌سه‌ر ئایدیۆلۆژیادا" سه‌یر بكرێت، هه‌روه‌ك یه‌كێك له شیكه‌ره‌وانی هه‌واڵ باسی كردووه. له‌م ماوه‌یه‌دا شاهێدی ڕووخانێكی له‌ناكاو و دراماتیكی حیزبوڵڵای لوبنانی بووین له‌به‌رده‌م لێدان و ئیختیراقاتهكانی ئیسرائیل‌دا، هاوكات بوو له‌گه‌ڵ دوودڵی و شه‌رمه‌زاری ئێران له جێبه‌جێكردنی چه‌ندان هه‌ڕه‌شه‌ی پێشووی كه ئاستە جیاوازه‌كانی سه‌ركردایه‌تی ئێران ئاڕاسته‌ی ئیسرائیلیان كردبوو، سه‌باره‌ت به ده‌رئه‌نجامه‌كانی هێرشكردنه سه‌ر حیزبوڵڵا یان هه‌وڵدان بۆ لێدان له توانا سه‌ربازییه‌كانی. ئه‌مه‌ش ده‌رگای فراوانی له‌به‌رده‌م ئیسرائیل‌دا كرده‌وه بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی به‌رفراوان بۆ سنووردارکردنی میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌دا.
به‌ڵام ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه زۆر به‌رگه ناگرێت كاتێك ده‌زانین باڵادەستی ته‌كنۆلۆژی و هه‌واڵگریی ئیسرائیل ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ندان ده‌یه لهمهوپێش، ته‌نانه‌ت به‌ر له دامه‌زراندنی حیزبوڵڵا له لوبنان و پاشماوه‌ی میلیشیاكانی ناسراو به میحوه‌ری موقاوه‌مه. كه‌واته چی گۆڕاوه؟ بۆچی ئه‌م ڕووخانه له‌ناكاوه‌ی میلیشیاكان و دواتر ئه‌م دوودڵییه شهرمهزاركهرهی ئێران ئێستا ڕووده‌دات؟ دوای ئه‌م شه‌ڕه چ چاره‌نووسێك چاوه‌ڕێی حیزبوڵڵا و پاشماوه‌ی میلیشیاكان ده‌كات؟
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه پێویستی به گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ "بڕیاری دامه‌زرێنه‌ر" كه دیارده‌ی میلیشیاكانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رهه‌مهێناوه.
"به ئایدیۆلۆژیكردن"، میلیشیاكان و بڕیارێك كه جوگرافیای ناوچه‌كه‌ی گۆڕی
سه‌ركرده شۆڕشگێڕه ئیسلامییه‌كانی ئێران، بكه‌ره دروستكه‌ره‌كانی دیارده‌ی میلیشیاكان بوون به‌و چه‌مكه‌ی ئه‌مڕۆ له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌یناسین، كه به ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی شیعی ناسراوه. سه‌ركرده‌كانی شۆڕش بڕیارێكی دامهزرێنهرانهیان دا كه پێكهاته‌ی هه‌رێمی له قۆناغێكی دواتردا ڕێكخسته‌وه، كاتێك بڕیاریان دا دان به لۆژیكی "ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی"دا نه‌نێن له نزیكبوونه‌وه‌یان له‌وه‌ی ده‌بێت سیاسه‌تی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیان چۆن بێت، كاتێك له پراكتیزه‌كردنی سیاسه‌ته‌كاندا له خاڵێكی سه‌ره‌تاوه ده‌ستیان پێكرد كه له ده‌ره‌وه‌ی چه‌مكی "دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت" بوو. نیگه‌رانییه ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییه‌كان سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بڕیاره بوون، سه‌ره‌نجام بوو به‌هۆی دروستبوونی ئه‌م پێكهاته هه‌رێمییه نوێیه كه به ده‌یان "یاریكه‌ری نا ده‌وڵه‌تی" تێیدا ده‌ژین و كۆنترۆڵی ڕووبه‌رێكی فراوانی جوگرافی له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌دا ده‌كه‌ن.
به ته‌نیا ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی شیعی نه‌بوو له شێوه‌ی ڕێكخراوی چه‌كدار یان میلیشیادا له ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ركه‌وتن، به‌ڵكو پێشتر و دواتریش چه‌ندان ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی و نائیسلامی هه‌بوون. به‌ڵام ژماره‌ی ئه‌و میلیشیایانه‌ی كه ئێران دروستی كردوون، له ڕووی قه‌باره و بڵاوبوونه‌وه‌ی جوگرافی، توانای ڕێکخستن، چەکداریی و ئابووری کردوونی به دیارده‌یه‌کی بێوێنه، نه‌ک ته‌نیا له ناوچه‌که‌دا، به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.
ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌میشه پڕ بووه له بیرۆکه، ئایین و ئایدۆلۆژیای دژ به‌یه‌ک و ململانێکار. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئایدۆلۆژیا له خودی خۆیدا کاریگه‌ری له‌سه‌ر جوگرافیای سیاسی دروست ناکات، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری دروست ده‌کات "پرۆسه‌ی به ئایدۆلۆژیكردن"ـه؛ واته: کۆکردنه‌وه، به دامه‌زراوه‌ییکردنی ئایدۆلۆژیا، به سه‌ربازیکردن و به‌کارهێنانی بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و ئابووری. ئه‌م پرۆسه‌یه به‌شێکی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئیسلامی سیاسی به هه‌ردوو لقه‌که‌یه‌وه؛ سوننه و شیعه. "پرۆسه‌ی به ئایدۆلۆژیکردن" له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا سێ کاره‌ساتی هێناوه‌ته كایه‌وه: ڕابردوویه‌ک که ناهێڵرێت بڕوات، ئێستایه‌ک که ڕه‌تده‌کرێته‌وه و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ناکرێت، داهاتوویه‌ک که لێی دهترسرێت و به‌شداری له دروستکردنیدا ناکات.
له حاڵه‌تی ئێران‌دا، ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه بڵێین ئه‌و عه‌قڵه‌ی دیارده‌ی میلیشیاکانی دروست کرد، که یه‌که‌مینیان "حیزبوڵڵا" بوو و جوگرافیای سیاسی ناوچه‌که‌ی گۆڕی، "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت"ـی ئێران نه‌بوو، به‌ڵکو "عه‌قڵی شۆڕش"ـی ئیسلامی بوو. هه‌میشه ململانێ له نێوان ئه‌م دوو عه‌قڵه دژ به‌یه‌که له ئێران هه‌بووه. وا دیاره ئه‌مڕۆ "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت" چه‌ند هه‌نگاوێک له "عه‌قڵی شۆڕش" پێشکه‌وتووتره؛ ئه‌وه (عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت) بوو بڕیاری کشانه‌وه‌ی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی ئیسرائیل‌دا دا و ئێرانی له مه‌ترسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌کی گشتگیر و کراوه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و هێزه ڕۆژئاواییه‌کان دوورخسته‌وه، که ده‌کرا هه‌موو یان زۆربه‌ی ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێران له سه‌رده‌می نوێ‌دا له‌ناوببات و وڵاته‌که چه‌ندان ده‌یه بۆ دواوه بگه‌ڕێنێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر عێراق، لیبیا و وڵاتانی تری ناوچه‌که و جیهان هات. هه‌ر ئه‌م "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت"ـه بوو ڕێبه‌ری کۆچکردوو ڕوحوڵڵا خومه‌ینی قایل کرد به "خواردنه‌وه‌ی ژه‌هر" و شه‌ڕی عێراق-ئێرانی دوای هه‌شت ساڵی به‌دبه‌ختی کۆتایی پێهێنا، که نزیک بوو ئێران وه‌ک ده‌وڵه‌ت و شۆڕش پێکه‌وه له‌ناوببات. به‌ڵام "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت" دوای ئه‌وه له زۆر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌دا شكستی هێنا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌هۆی نیگه‌رانی له هه‌مبه‌ر مه‌ترسییه وجودییه‌كان دێته‌وه پێش. له ڕوانگه‌یه‌کی زۆر گه‌شبینانه‌وه، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌م عه‌قڵی ده‌وڵه‌ته ئه‌مڕۆ سه‌رکه‌وێت، له‌وانه‌یه ڕووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگۆڕێت به‌بێ به‌ره‌نگاربوونه‌وه، شه‌ڕی خوێناوی و به‌بێ ده‌ستێوه‌ردانی نێوده‌وڵه‌تی و گۆڕانکارییه ستراتیژییه گه‌وره‌کان.
یه‌کێک له گرنگترین به‌ره‌نجامه‌کانی "پرۆسه‌ی به ئایدۆلۆژیکردن" دابڕان له واقیع، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ملکه‌چبوون بۆ هاوسه‌نگی و هاوتهرازووی هێز و پێداویستییه‌کانیه‌تی، له جیاتی ئه‌وه پشتبه‌ستن به به‌هاکانی قوربانیدان، فیداکاری و شانازی‌کردن به توانای به‌رگه‌گرتنی ئازار. هه‌موو ئه‌م به‌هایانه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌یدانیدا سوودیان نییه. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌و ڕووخانه له‌ناکاوانه‌ی که له ناوچه‌که‌دا به‌رانبه‌ر به زاڵبوونی هێز و ڕاستییه‌کانی باڵاده‌ستی ده‌یبینین. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ڕووخانی له‌ناکاوی "حیزبوڵڵا" له‌به‌رده‌م لێدانه‌كانی ئیسرائیل شتێكی نوێ نه‌بوو بۆ ناوچه‌كه، پێشتر سوپای عێراق به هه‌مان شێوه له ساڵی 2003 ڕووخا، تا ڕاده‌یه‌ك به‌هۆی هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌وه. پێده‌چێت میلیشیاكانی تریش له چوارچێوه‌ی ئه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌دا به هه‌مان شێوه و به هه‌مان هۆكار بڕووخێن.
ئێران له نێوان پێویستییه ستراتیژییه‌كان و ئه‌وله‌ویاته ئایدیۆلۆژییهكاندا
ده‌توانین به‌بێ كه‌وتنه داوی زیاده‌ڕۆیی، بڵێین پاشه‌كشه‌یه‌كی ڕوون له گوتاری ئێرانی و دواكه‌وتنێكی گه‌وره له هه‌نگاوه مه‌یدانییه‌كانی بۆ پشتگیریكردنی "حیزبوڵڵا" و میلیشیاكانی دیكه‌ی به‌ره‌ی موقاوه‌مه له‌ژێر هێرشی كراوه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئه‌م میلیشیایانه هه‌یه، ئه‌مه‌ش تووڕه‌یی لایه‌نه تووندڕه‌وه‌كانی له ئێران وروژاند. هه‌روه‌ها پرسیارێكی ڕه‌وای هێنایە پێش له‌باره‌ی ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بڕیارده‌رانی ئه‌م ڕێبازه گرتویانه‌ته به‌ر، ئایا میلیشیاكان له بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئێران ته‌نیا كارتێك بوون بۆ گوشار و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت، كه ده‌كرێت له سه‌ودایه‌كی پڕ قازانجدا ده‌ستبه‌رداریان ببن، یان به‌ڕاستی به‌شێكی سه‌ره‌كی بوون له سیسته‌می سه‌ربازی و ستراتیژی به‌رگریی ئێران و قووڵاییه ستراتیژییه‌كه‌ی، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێرانییه‌كان ده‌یڵێن؟
بێگومان به‌شێك له‌م دواكه‌وتن و پاشه‌كشه‌یه له پشتگیریكردنی "حیزبوڵڵا"، ده‌كرێت به "چاوه‌ڕوانی ئێرانی" دابنرێت كه له ترسیه‌وه له كاریگه‌رییه‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كراوه و تێوه‌گلانی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئێستادا سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌تایبه‌ت له به‌ره‌ی لوبنان. ئه‌زموونی مه‌یدانی ئه‌وه‌ی پیشانی ئێران دا به‌رگرییه ئاسمانییه‌كانی لاوازن له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێك كه ئیسرائیل بیكاته سه‌ر ژێرخان و دامه‌زراوه‌كانی به‌تایبه‌ت دامه‌زراوه ناوه‌كییه‌كان. هه‌روه‌ها ئه‌زموون پیشانی دا چه‌كه ئێرانییه‌كان كه تاران مانۆڕی له‌سه‌ر كاریگه‌رییان كردووه، ناتوانن سیسته‌مه‌كانی به‌رگری ئاسمانی ئیسرائیل تێپه‌ڕێنن كه پێشكه‌وتنێكی گه‌وره و كاریگه‌رییان له ئه‌پریلی ڕابردوودا به‌رجه‌سته كرد، كاتێك نزیكه‌ی هه‌موو مووشه‌ك و درۆنه ئێرانییهكانی خسته خواره‌وه. ئێران توانای هێرشكردنی گشتگیری نییه، به‌تایبه‌ت هێزی ئاسمانی، له‌به‌رئه‌وه بایه‌خێكی زۆر به توانا مووشه‌كییه‌كان و به‌رنامه‌ی درۆنه‌كان ده‌دات، كه‌چی له به‌رانبه‌ر پێشكه‌وتنی به‌رگرییه ئاسمانییه‌كاندا شكستیان هێناوه. هه‌روه‌ها ئێران له نه‌بوونی دیدگایه‌كی ستراتیژی بۆ ساته‌وه‌ختی دواتر ده‌ناڵێنێت؛ واته چی ڕووده‌دات دوای ئه‌وه‌ی ئێران لێدانی مووشه‌كی خۆی ئه‌نجام ده‌دات؟ هۆكاره‌كانی ترسی ئێران ته‌نیا له ڕه‌هه‌نده سه‌ربازییه‌كاندا كورت نابنه‌وه، به‌ڵكوو ئێران ده‌زانێت پێكهاته ئابوورییه‌كه‌ی به‌رگه‌ی باری شه‌ڕێكی كراوه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ناگرێت كه هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پشتگیری لێده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت تاران چاوه‌ڕێی پشتگیرییه‌كی كاریگه‌ر له هاوپه‌یمانه‌كانی له بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات ناكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌م هۆكاره كرداری و مه‌یدانیانه‌دا، هۆكاری دیكه له ئاستێكی قووڵتردا هه‌ن كه پشتگیری ئاراسته‌كانی قۆناغی ئێستایان كردووه، كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پێكهاته‌ی بڕیاردان له ئێران و گه‌شه‌كردنی دیدگای ناوه‌ندی بڕیاردانی ئێرانی بۆ پرۆژه‌ی فره‌وانخوازی ناوچه‌یی كه تێیدا میلیشیاکان ئامرازی سه‌ره‌کین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م فرهوانخوازییه. ده‌توانین جیاوازی له نێوان دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌کیدا بکه‌ین که له ماوه‌ی ده‌یه‌کانی ڕابردوودا دیدگای ئێرانیان بۆ مه‌سه‌له‌ی فره‌وانخوازی ناوچه‌یی و میلیشیاکان به‌ڕێوه بردووه؛ یه‌کێکیان له "عه‌قڵی شۆڕش"ـه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ئه‌وی دیكه‌یان له "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت"ـه‌وه.
"عه‌قڵی شۆڕش"، بڕیارده‌ری زاڵه له ناو پێکهاته‌ی سیاسی ئێران‌دا، ته‌ماشای فره‌وانخوازی ناوچه‌یی و تۆڕی میلیشیاکان وه‌ك به‌شێك له "تیۆری به‌رگری ئێرانی" و "قووڵایی ستراتیژی بۆ ئێران" ده‌كات، سه‌ره‌ڕای بوونی وه‌ك ئامرازێکی سه‌ره‌کی له جێبه‌جێکردنی "پڕۆژه‌ی زاڵبوونی ناوچه‌یی" . عه‌قڵی شۆڕش په‌یڕه‌وی له ڕوانگه‌ی لۆژیكی بیروباوه‌ڕ، ئایدیۆلۆژیای هه‌ڵقوڵاو له "تیۆری ویلایه‌تی فه‌قیه" و خوێندنه‌وه‌ی فه‌رمی ئێرانی بۆ بیروباوه‌ڕی ئیسلامی شیعه ده‌کات. به‌م واتایه، میلیشیاکان ده‌بن به ئامرازێک بۆ کاریگه‌ری خستنه‌سه‌ر بڕیاری ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی، هه‌روه‌ها ده‌بن به به‌شێک له هاوکێشه‌ی ئاسایشی ستراتیژی و توانای سه‌ربازی ئێران له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی سیسته‌می ئێرانی به دوژمنی ستراتیژی ناوچه‌یی (ئیسرائیل) و دوژمنی نێوده‌وڵه‌تی (ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان) دایده‌نێت.
به‌ڵام له دیمه‌نی سیاسی ئێران‌دا ئاراسته‌یه‌کی تر هه‌یه، له "عه‌قڵی ده‌وڵه‌ت"ـه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، له واقیعدا حکومه‌ته یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ئێران و دامه‌زراوه‌كانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن. ئه‌م ئاراسته‌یه میلیشیاکان له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی به‌رگری ستراتیژی داده‌نێت، به‌ڵکوو به "ئامرازێکی ناوچه‌یی" له ده‌ستی ئێران بۆ گوشارخستنه سه‌ر ڕکابه‌ره‌کان ته‌ماشای ده‌كات و وه‌ک ئامرازێكی ناستراتیژی و كارتی هێز مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کات. لایه‌نگرانی ئه‌م ئاراسته‌یه کۆی پڕۆژه‌ی فره‌وانخوازی ناوچه‌یی و میلیشیاکانی جێبه‌جێکاری به کارتێک داده‌نێن که ده‌کرێت به‌کاربهێنرێن، پاشان دانوستان بکرێت بۆ ده‌ستبه‌رداربوون لێیان، یان گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سندووقه‌كه، له به‌رانبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتێك که له‌وانه‌یه بگات به ئاستی به‌رژه‌وه‌ندییه ستراتیژیی، سیاسی و ئابوورییه‌کانی ئێران. ئه‌م ئاراسته‌یه به شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ واتای ئه‌وه‌یه که سیسته‌می سیاسی ئێرانی په‌نا بۆ "حیساباتی تێچوو و به‌رهه‌م" له بڕیاره‌کانی په‌یوه‌ست به چاره‌نووسی ئه‌م میلیشیایانه ده‌بات، جگه له بڕیاره‌کانی په‌یوه‌ست به چاره‌نووسی پڕۆژه‌ی فره‌وانخوازی ناوچه‌یی.
خواستەکانی "پچڕاندنی پەیوەندی" لە نێوان ئێران و شیعەکانی ناوچەکە
میلیشیا هەرێمییەکان، لەوانەش "حیزبوڵڵا"، پشتیان بە یەکڕیزی ناو دەوڵەتی قووڵ لە ئێران لە نێوان "به‌یتی ڕه‌هبه‌ری" و "سوپای پاسداران" دەبەست، لەوانەیە بهرەنجامەکانی ئەم درزە زیادبووەیان لە نێوانیاندا هەرس نەکردبێت، یان هه‌ر ده‌ركیان به بوونی نه‌كردبێت. ئەم درزە بووە هۆی ئەوەی خامنەیی وەک ڕابەری ئێران مامەڵە بکات، نەک وەک ڕابەری ئوممەت وەک ئه‌وه‌ی میلیشیاکان دەیانبینی؛ واتە ئەو لایەنگیری "عەقڵی دەوڵەت"ی کرد، بەتایبەت لە دوایین هەڵوێستیدا دوای تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا.
لە ڕوانگەی میلیشیاکانەوە، پەیوەندی ئۆرگانی نێوان ئێران و شیعەکانی ناوچەکە، په‌یوه‌ست بوو به دوو بابه‌ته‌وه: پاراستنی تایفە و بیرۆکەی بەرەنگاربوونەوە. بەڵام ئەم پەیوەندییەی کە میلیشیاکان بە ئۆرگانی وێنایان دەکرد، ئەمڕۆ سەلمێنرا کە شیاوی هەڵوەشاندنەوەیە، لانیکەم لەڕووی تیۆرییەوە، ئەگەر "هەڕەشەیەکی گەورە و باوەڕپێکراو" بۆ ئێران دروست بێت، کە له نێوان دوو بژاره‌دا ناچاری بکات: ئاسایشی نەتەوەیی و پڕۆژەی هەرێمی.
لەکاتێکدا وڵاتانی عەرەبی نەیانتوانی ئەم جۆرە هەڕەشەیە دروست بکەن سەرەڕای ئەوەی ئامانجی پڕۆژەی ئێرانی بوون، هێرشی ئیسرائیلی ئەمڕۆ وا دەردەکەوێت بەدیلێکی هێناوه‌ته كایه‌وه کە پشتگیرییه بۆ دەستپێکردنی هەوڵێكی نوێ بۆ "پچڕاندنی پەیوەندی" لە نێوان ئێران و شیعەکانی ناوچەکە. "بیرۆکەی بەرەنگاربوونەوە" تا ڕادەیەکی زۆر زیانی پێگەیشتووە، تەنيا بابه‌تی "پاراستنی تایفە" ماوەتەوە. ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ شیعەکان، ئاسایش، پارێزراوی و ئازادی ئایینی دابین بکەن، پێویستییان به ئێران كه‌م ده‌بێته‌وه کە ئێستا زۆر لەسەر سەربەخۆیی، ئابووری، خۆشگوزەرانی و ئاسایشیان كه‌وتووه.
وه‌رگێڕانی: ئارام ناسیح
سه‌رچاوه: مركز الامارات للسياسات
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
15 کاتژمێر لەمەوپێش
لێگەڕێن خەڵکی ناوەڕاست و باشوور بێنە کوردستان و لێرە سەرژمێر بکرێن
17 تشرینی دووەم
هاتنه‌وه‌ی تره‌مپ؛ كۆتایی هه‌ژموونی ئێران له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست
14 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا
10 تشرینی دووەم
پاش گەڕانەوەی ترەمپ ئیسرائیل كێ بە ئامانج دەگرێت؟
7 تشرینی دووەم
كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟
3 تشرینی دووەم
سه‌رژمێری دانیشتووان و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر سنووری ماددەی 140
2 تشرینی دووەم
سەرژمێری و سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا
2 تشرینی دووەم
بچووکبوونەوەی پەرلەمان لە سەردەمی میدیا و سۆشیاڵ میدیا
31 تشرینی یەکەم
هەژماری من دوور لە ململانێی سیاسی
31 تشرینی یەکەم
- بیروڕا
- 15 کاتژمێر لەمەوپێش
کەرکووک و نەبوونى ستراتیژ
- بیروڕا
- 10 تشرینی دووەم
تێگەیشتن لە مانای فەلسەفەی سیاسەت لە هەرێمی کوردستاندا
- بیروڕا
- 7 تشرینی دووەم
پاش گەڕانەوەی ترەمپ ئیسرائیل كێ بە ئامانج دەگرێت؟
- بیروڕا
- 3 تشرینی دووەم
كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟