مەسرور بارزانی: بە چەند هەنگاوێك ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبینەوە

شەیری بکە لە:
مەسرور بارزانی: بە چەند هەنگاوێك ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەبینەوە

سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەشێك لە هاونیشتمانیانی شاری هەولێر

ئاڤا نیوز 

 

لەچوارچێوەی گفتوگۆی لەگەڵ بەشێك لە هاونیشتمانیانی شاری هەولێر، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی باس لە هەوڵ و كارەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت دەكات بۆ پاكڕاگرتنی ژینگە و ڕێگریكردن لە پیسبوون و گۆڕانکارییەکانی كەشوهەوا.

 

لێدوانی فەرمی: سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، لەبارەی گۆڕانی كەشوهەوا و كاریگەرییەكانی ڕایگەیاند: ئێمە هەستمان کردووە بەوەی گۆڕانکاریی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە، هەرێمی کوردستان كەمێك کاریگەریی کەمتری لەسەرە لەبەر ئەوەی زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکان هی خۆمان و شاخەکانی کوردستانە، لە وەرزی  بەفر و بارانبارین زیاتر دەتوانین سوودیان لێ ببینین.

 

لەلایەكی دیكەوە: سەرۆكوەزیران ڕاشیگەیاند: گلدانەوەی ئاو یەكێك بووە لە بەرنامەكانی ئێمە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین بەنداوی مام ناوەند و بچووک و پۆند دروستکراون، ئەمەش هەم سوودی بۆ هاووڵاتی دەبێت، هەم بۆ کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، هاوكات کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەواش لەسەر هەرێمی کوردستان کەم دەكاتەوە.

 

گۆشەیەکی دیکە: بەگوتەی سەرۆكوەزیران، ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو گازەی لە دەرهێنانی نەوت بەفیڕۆ دەڕوات، دەكرێت بە وزە، ئەمەش لەسەر ئاستی عێراق تەنیا لە هەرێمی كوردستان هەیە و كاریگەریی زۆری بۆ ڕێگریكردن لە پیسبوونی كەشوهەوا دەبێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: یەكێك لە بەرنامەكانی حكومەت بۆ ڕێگریكردن لە پیسبوونی ژینگە دامەزراندنی كارگەی ڕیسایكلینە، سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: كارگەی ڕیسایكلین بۆ ڕێگرییە لە پیسبوونی ژینگە، ئەو كەرەستانە جارێكی دیكە سوودیان لێ وەردەگیرێت.

شەیری بکە لە: