سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی 10 پرسی گرنگ گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی هەولێر دەکات
- کوردستان
- 8 تشرینی یەکەم
ئاڤا نیوز
سەرۆکوەزیران بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ خەڵکی هەولێر، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەداتەوە لەبارەی: مووچە، دامەزراندن، هەلی کار، هەڵبژاردن، ئاو و کارەبا، پەیوەندییەکانی هەولێڕ و بەغدا، ژینگە، گەشتوگوزار، پڕۆژەی نوێی حکومەت.
چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی ئەو دیدارانەی لەگەڵ هاونیشتمانیان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان سازی دەکات، دیداری ئەمجارەی لەگەڵ بەشێک لە هاونیشتمانیانی شاری هەولێر بوو لەسەر قەڵا.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: دیدارەکەی ئەمجارەیان جیاواز بوو لە دیدارەکانی پێشووتر، ئەمجارە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لە گرنگی دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات کرد و ڕاستەوخۆ گوێی لە پرسیار و تێبینییەکانی ئامادەبووان گرت.
"پلانێکی باش بۆ گواستنەوەی گشتی دانراوە"
یەکەم پرسیار هی کچە قوتابییەکی زانکۆ بوو بە ناوی نورهان ڕەشید عیماد لەبارەی چارەسەرنەکردنی هەندێک لە گرفتەکانی پەیوەست بە گواستنەوەی گشتی و بە حکومی نەکردنی ئەو کەرتە، کێشەی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە زستان، هاوکات گرفتی کەمئاوی.
لە وەڵامدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوەی نەشاردەوە کە پێشتریش ئەو کێشانە هەر هەبوون، یەکێک لە هۆکارەکانیشی گەڕاندەوە بۆ فراوانبوونی خێرای هەولێر و دانیشتووانی هەولێر، لە هەموو ناوچەیەکیشەوە بەوپێیەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە خەڵک ڕوویان لە شاری هەولێر کردووە.
پەیوەست بە گواستنەوەی گشتی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئێستا پلانێکی باش ئامادەکراوە، هیوادارم لە ماوەیەکی زوو بکەوێتە کار. هەندێک گەڕەکی ناو شاریش هەن گەڕەکی تەنگن و ئاستەمە بتوانرێت هەموو هەولێر بەیەکەوە ببەسترێتەوە، بەڵام لەو شوێنانەی مەجال هەیە، ئەو هێڵانەی تێدا دەخەینە کار بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت لێی سوودمەند ببێت.
"هەوڵی جددیمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لافاو"
لەبارەی دروستبوونی کێشەی ئاو و لافاو سەرۆکوەزیران گوتی: "من بیرمە ساڵی یەکەم دوای وەرگرتنی ئەو پۆستە بینیمان لافاو هەستا، بەداخەوە تەنانەت زیانی گیانیشی لێکەوتەوە. ئێمە هەر ئەوکات هەوڵی جیددیمان دا بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بەوەی کە ڕێڕەوی ئاو کە دێنە ناو شار بیانکەینەوە، ئەو کارانەشمان کرد. دوای ئەوەی پار ساڵ بارانێکی زیاتر باری، بەڵام ئەو لافاوە دروست نەبوو، هەرچەندە لە هەندێک گەڕەک و هەندێک شوێن هەندێک گرفت دروست بوو، بەڵام کێشەیەکی وای لێنەکەوتەوە".
بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لەو بارەیەوە کار کراوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەستانی ئاو و یان گەیاندنی زیان بە هاووڵاتی بکرێت. لەلایەکی دیکە چەندین بەنداو و پۆند دروستکراون بۆ ئەوەی ئەو ئاوە نەیەتە نێو شاری هەولێر، ئەمەش بەدڵنیاییەوە کاریگەری خۆی دەبێت.
"شەو و ڕۆژ لە پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر کاردەکرێت"
لەڕووی دابینکردنی ئاویشەوە بۆ هەولێر، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەیەکی زۆربوو 10 بۆ 12 ساڵ پێش ئێستا بەرنامەی بۆ دانرابوو، بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاو بۆ هەولێر زیاد بکرێت. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەر لە سەردەمی دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە وەکو حکومەت تاوەکو ئێستا تەنیا 13 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر هاتووە. لە ڕابردووشدا زیاتر پەنا برایە بەر ئاوی ژێرزەوی، کە ئەویش وای لێهات بەشێک لە ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزێت.
بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی بەشێوەیەکی بنەڕەتی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: ئێمە هاتین بڕیارێکمان دا کە فریاگوزاری خێرا بۆ پرۆژەی ئاوی هەولێر دروست بکرێت. ماوەی چەند مانگێکە دەست بە کارکردن لەو پرۆژەیە کراوە و شەو و ڕۆژ 24 کاتژمێر کاری تێدا دەکرێت، واتە نیازی ئەوەمان هەیە کاری سێ ساڵ بە 18 مانگ تەواو بکەین. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە بۆ ماوەی 30 ساڵی دیکە کێشەی ئاو لە هەولێر نامێنێت.
"سەقامگیریی کوردستان بەردەوام دەبێت"
شنۆ عادل شەریف، فەرمانبەر لە وەزارەتی پەروەردە وەک "سەرۆکوەزیرانی ئێستاو داهاتوو" بەخێرهاتنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد، پرسیارەکەی لەبارەی داهاتووی کوردستان بوو بە تایبەت لە پێنج ساڵی داهاتوو. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییش "خۆشبینی" خۆی نەشاردەوە لە داهاتووی کوردستان و گوتی: وای دەبینم کوردستان سەقامگیری تێیدا بەردەوام دەبێت، پێشکەوتن زیاتر دەبێت، بووژانەوەی ئابووری زیاتر دەبێت، بە چاککردن و چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، زۆر لەو بیانووانەی تاوەکو ئێستا بەمەیان گرتووە.. نەمانهێشتوو. بۆ ئەوەی ئەو ڕێگریانەشی کە هەن، نەمێنن. هیوادارم ناوچەکەش زیاتر بەرەو سەقامگیری بڕوات. تاوەکو ناوچەکەش سەقامگیر بێت، ئێمە دەتوانین لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا زیاتر پێش بکەوین.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئومێدی ئەوەی خواست ناوچەکە بەگشتی بەرەو سەقامگیری ئاشتەوایی بڕوات و دەڵێت: "ئێمە لە کەشی وادا زیاتر پێش دەکەوین، بۆیە ئومێدم زۆرە، هیوادارم زۆر لەو بەرنامانەی کە دەستیشمان پێ کردووە، ئەنجامەکانیشی لە ماوەی ساڵانی داهاتوو دەردەکەون کە هەمووشی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی کوردستاندایە، پشتیوان بە خودا وڵاتێکی ئاوەدانتر خۆشترمان دەبێت.
"ئەو بەرنامانەی دەستمان پێکردووە، ئەنجامەکانی لە ساڵانی داهاتوو دەردەکەون"
دووکاندارێکی بازاڕی تەیراوە پێشنیازێک و داواکارییەکی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەبوو، پێشنیازەکەی ئەوەبوو لە کابینەی داهاتوو ژوورێک یان دەزگایەکی چاودێری دابمەزرێت، کاریان ئەوەبێت بێنە نێو قووڵایی جەماوەر و خەڵکی کەمدەرامەت و بچێتە ناو دەزگا حکومییەکان و فەرمانگەکان بۆ ئەوەی بزانێت کەموکوڕی و گیروگرفتەکانی خەڵک چین؟ ئەو ژوورەش یان ڕاستەوخۆ سەر بە ئێوە بێت یان وەزارەتەکان، ئەو خەڵکانەش نەناسراو بن بۆ ئەوەی بزانن ئێش و ئازار و کۆژانی خەڵک چییە؟
داواکارییەکەشی ئەوەبوو جەنابیان بێت و سەردانێکی دووکاندارەکانی تەیراوە و گەڕەکە بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان بگرێت.
لە بەرامبەر پێشنیازەکەی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی ئەو دووکاندارەی کرد و بە پێشنیازێکی باشی لە قەڵەمدا ، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی: تۆ وات داتناوە من هەر بەردەوام دەبم، ئەوەش دەوەستێتە سەر ئێوە، ئەگەر دەنگ بدەن و من بەردەوام بم.. بەسەرچاو. ئەگەر بەردەوام بووین بەدڵنیاییەوە لە خزمەت دەبین و پێشنیازەکەشت زۆر بەجێیە.
"ڕێگری کرا لە زیادکردنی گاز بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین"
بۆ داواکارییەکەشی، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "بەدڵنیایەوە ئەو داوایە لەبەرچاو دەگرین و کەی گونجاو بوو، پشتیوان بە خودا ئەوەش دەخەینە بەرنامەی کاری خۆمان".
بێستوون نەجیم، کارمەندی تەندروستی پرسیاری هۆکاری بەرزبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک ئاو و کارەبای لەو کابینەیە لە سەرۆکی کابینەی نۆیەم کرد و بە دوای وەڵامی چارەسەر بوو. لە وەڵامدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێیوانەبوو نرخی ئاو و کارەبا لەسەر هاووڵاتیان زیادکرابێت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەهۆی ئەوەی نەمانتوانیوە کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین، ئەمەش بەهۆی زۆری خواست لەسەر کارەبا بەراورد بەو بڕەی بەرهەم دەهێنرێت".
بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەم گرفتەش بێ هۆکار نەبووە و باس لەوە دەکات، "هەوڵماندا گاز زیاد بکەین، بەڵام ڕێگری کرا لە زیادکردنی گاز بۆ ئەوەی بتوانین ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکەین بۆ ئەوەی کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین، بەڵام کە کارەبای 24 کاتژمێری نەبووە، خەڵک پەنای بردووەتە بەر مۆلیدە. نرخی مۆلیدەش زۆر گرانترە لە کارەبای حکومی".
"پلانمان بۆ کارەبای 24 کاتژمێری و نەهێشتنی بۆن و دەنگ و دووکەڵی مۆلیدە هەیە"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باس لەو نرخە دەکات کە حکومەت بۆ کارەبا خەرجی دەکات بۆ هاووڵاتی، لە بەرامبەردا ئەو پارەیەی کە لە هاووڵاتی وەریدەگرێت زۆر کەمە و ناگاتە 20٪یش.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باس لەو سیستمە نوێیە دەکات کە ئێستا کاری پێدەکرێت و ئاماژە بۆ ئەو دوو گەڕەکەی شاری هەولێر دەکات کە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە. ئەم سیستمە هەم کێشەی کارەبای 24 کاتژمێری ناهێڵێت، هەم کێشەی بۆن و دەنگ و دووکەڵی مۆلیدە ناهێڵێت.
لەبارەی دامەزراندنیش فاتیمە ڕەسول، یاریدەدەری یاسایی لە نووسینگەی شەقڵاوەی بەرەنگاربوونەوەی تووندژی دژی ئافرەتان و خێزان پرسیاری ئەوەی لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد؛ لەو ماوەیە بڕیاری بە گرێبەستکردنی وانەبێژانتان پەسند کرد، ئایا هیچ پلانێکتان هەیە بۆ بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست؟
پێش ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەڵامی بداتەوە پێشنیازێکیشی خستەڕوو لەوەی جەنابیان تاوەکو ئێستا بەردی بناغەی چەندین پرۆژەیان داناوە لە چەندین شوێنی جیای کوردستان، بەڵام وەک خۆی گوتی: "شەقڵاو پشکی لەو پرۆژانە نەبووە" بۆیە پێشنیازی کرد سەردانی شەقڵاوەش بکات، بەهۆی ئەوەی پێویستی بە پرۆژەی نوێ و خزمەتگوزاریی هەیە.
"بەهۆی بڕین و نەناردنی بودجە نەتوانراوە خەڵکی نوێ دابمەزرێنرێت"
لەبارەی دامەزراندن، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەم جۆرە وەڵامی فاتیمەی دایەوە و گوتی: "لە ساڵی 2013وە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خەڵک دابمەزرێنێت، چونکە بەغدا ڕێگەی نەداوە لەوەی ئێمە خەڵک دامەزرێنین. هەمیشە لە ڕێگەی بڕین و نەناردنی بودجە وایان کردووە ئەو داهاتەی لە بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، نەتوانێت خەڵکی نوێ دابمەزرێنێت".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "پێشتر دامەزراندن زیاتر لەسەر بنەمای ڕازیکردن بووە، ململانێی سیاسی حیزبەکان وایان کردووە خەڵکێکی زۆر لە کەرتی حکومی دابمەزرێت. لەسەر دامەزراندن تەنیا لە ماوەی ئەمساڵدا حکومەتی فیدراڵی نزیکەی یەک ملیۆن کەسی دامەزراندووە. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەپرسێت ئایا لەو ملیۆنە هیچ ڕێژەیەکیان بۆ خەڵکی کوردستان تەرخان کرد؟ نەخێر.
"لە 2013 ەوە هەرێمی کوردستان هیچ پشکێکی لە دامەزراندنەکانی عێراق نەبووە"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باس لە هاتنی لیژنە ئابوورییەکەی حکومەتی فیدراڵ بۆ هەولێر دەکات کە ماوەی دوو ڕۆژ لەگەڵ لیژنەی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدا بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان ،و پێش چەند ڕۆژێکیش لیژنەی دارایی پەلەمانی عێراقیش سەردانیان کردین دەڵێ: ئەم بابەتە لەگەڵ ئەوان زۆر بە وردی باسی لێوەکراوە کە پێویستە وەک چۆن حکومەتی فیدراڵ ماف بەخۆی دەدات خەڵک دامەزرێنێت، پێویستە هەرێمی کوردستانیش لێی بێبەش نەبێت.
"پێویستیمان بە وزەی گەنج هەیە و دەبێت ئێمەش هەندێک خەڵک دابمەزرێنین"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پسپۆری نوێ هەیە، "خەڵک هەیە خانەنشین بووە، پێویستیمان بە وزەی گەنج هەیە، دەبێت ئێمەش هەندێک خەڵک دابمەزرێنین. ئێستا ئێمە لەو گفتوگۆیەین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئێمە زیاتر لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە بووین وەکو کیانێکی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەبوو بودجەی خۆی بۆ دیاری بکرێت، دواتر پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و چاودێری دارایی کوردستان، چاودێری خەرجکردنی داهاتەکان بکەن کە چ دەکرێت، نەک وەزارەتێک لە ئاستی حکومەتی فیدراڵییەوە تێکەڵی وردەکارییەکان بێت.. کە ئەمە لەگەڵ سیستمێکی فیدراڵی ناگونجێت. بەڵام لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وایان کرد دەرگای بۆ بەغدا کردەوە ئەوان بێن دەستوەردان لەم وردەکاریانەدا بکەن کە بەداخەوە ڕێگریش بوون لەجیاتی ئەوەی یارمەتیدەر بن، لە جیاتی ئەوەی یارمەتیدەربن خەڵک دامەزرێنین، یارمەتیدەربن سەری مانگ مووچە بێت.. ئێستا دەبینین ئەو گرفتانە هەمووی هاتوونەتە پێش، ئەوانەشی کە هۆکاری ئەو کێشانە بوون ئێستا خۆیان بێدەنگ کردووە و وەکو ئەوەی نە بایان دیوە نە باران. ئێستا دەبێت هاووڵاتیان ئەمەیا بەبیر بێتەوە.
"گرنگیی زیاتر بە شەقڵاوە دەدەین"
بۆ سەردانی شەقڵاوەش، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زۆر جار چووەتە شەقڵاوەو گوتی: پرۆژەشمان لەوێ کردووەتەوە، چۆن نەمانکردووە؟ بۆ نموونە بەنداوی ئاقوبان، بەڵام شتی دیکەش لە بەرنامەمان هەیە پشتیوان بە خودا دەیکەین. شەقڵاوە شارێکی زۆر خۆشیشە، ماوەیەکی زۆریش لەوێ بووم لەکاتی ڕاپەڕین. لە هەموو شارەکانی دیکەی عێراقیش خەڵک دێن سەردانی شەقڵاوە دەکەن، شوێنێکە شایستەی ئەوەیە بە باشترین شێوە خزمەت بکرێت، بەدڵنیاییەوە گرنگییەکی زیاتری پێدەدەین.
دەرچووێکی زانکۆ پێیوابوو بەجددی کار لەسەر کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کوردستان نەکراوە، نموونە لەسەر خۆی دەهێنێتەوە وەک دەرچوویەکی زانکۆ دوای 16 ساڵ خوێندن کاتێک دەردەچێت "شتێکی وا نازانم" هەلی کار بۆ دەرچووان نییە، گلەییەکەشی گەڕاندەوە بۆ مامۆستایان کە هەڵوێستێکیان نەبووە لەسەر پرۆگرامەکانی خوێندن بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە قوتابیان کاتێک دەردەچن ببن بە خاوەن کاری خۆیان لە ڕێگەی ئەو زانستەی کە فێری دەبن.
"دەمانەوێت زانکۆکانمان لە ئاستی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان بن"
لە وەڵامی ئەو دەرچووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئاستی خوێندن، پەروەردە یان خوێندنی باڵا، پێموایە شت کراوە. بەڵام هەستیش دەکەین کە دەکرێت زۆر لەوە باشتر بکرێت، بە تایبەتی بەرزکردنی ئاستی خوێندن. ئێستا دامەزراوەیەکمان بوونیاد ناوە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتی خوێندن لە خوێندنی باڵا، کە ئێمە چۆن بتوانین ئاستی خوێندن لە کوردستان بۆ ئاستێکی بەرزی نێودەوڵەتی بەرز بکەینەوە. ئەو دامەزراوەیە زیاتر بۆ ئەوەیە کوالێتی زانکۆکان و کۆلێژەکان بەراورد بکات بەو سیستمە نێودەوڵەتییانە بۆ ئەوەی زیاتر کەرتی خوێندنی باڵا بەرەو پێشەوە ببەین. ئێمە حەز دەکەین ئاستی خوێندنمان بەرزتر بێت، زانکۆکانمان لە ئاستی زانکۆ هەرە پێشکەوتووەکانی جیهان بێت.
" لەگەڵ وڵاتانی بیانی قسەمان کردووە کاری پیشەیی لە کوردستان پەرەی پێبدرێت"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، تیشکی خستە سەر کاری پیشەیی و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، مەرج نییە هەر کەسێک بیەوێت لە شوێنێک کارێک بکات، هەر دەبێت بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان ماستەر و دکتۆرای هەبێت. بۆیە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی پەروەردەش لەسەر ئەو بابەتە زۆر کارمان کردووە کە چۆن بێین کاری پیشەیی دروست بکەین، تەنانەت لەگەڵ وڵاتانی بیانیش یەکێک لەوانە وڵاتی کۆریا، قسەمان کردووە کە چۆن یارمەتی ئێمە بدەن کاری پیشەیی لە کوردستان پەرەی پێبدرێت. واتە یەکێک بیەوێت کاری پیشەیی فێر ببێت، ناچار نەبێت ئیلا دەبێت بڕوانامەی بەرزی زانکۆیەکی هەبێت تاوەکو کاری پێبدرێت، ڕەنگە شارەزاییشی نەبێت لە کارەکە.
"بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، ڕەنگە هاووڵاتییان بێئومێد کرابن لەلایەن ڕەوتێکی سیاسییەوە "
هاونیشتمانییەک لە هۆکاری کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پرسی، بە گوتەی ئەو بەراورد بە هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو خولی پێنجەم بەردەوام ڕێژەکە کەمبووەتەوە. دەپرسێت: "ئەو هۆکارانە کامانەن کە کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداری هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە؟".
لە وەڵامدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێ: بێگومان لە هەموو کۆمەڵگەو وڵاتێک ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنێک بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە جیاوازە، مەرج نییە هەمیشە بەرەو کەمبوونەوە بچێت، دەکرێت لە هەڵبژاردنێک ڕێژەکە کەم بێت و لە هەڵبژاردنی دوای ئەوە زیاتر ببێت.
"ئەگەر هاووڵاتی خۆی بەشدار نەبێت لە دەنگدان، خەڵکێکی دیکە لەجیاتی ئەو دەنگ دەدات"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست بۆ ئەم هەڵبژاردنەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان زیاتر ببێت. سەبارەت بە هۆکارەکانیش دەڵێ: ڕەنگە هەندێکیان پەیوەندی بەوەوە هەبێت هاووڵاتیان بێئومێد کرابن لەلایەن ڕەوتێکی سیاسییەوە، پێیان گوترابێت کە قسەی هاووڵاتی ناخوا، یاخود بەشداریکردن و نەکردن وەکو یەکە. من وەکو خۆم لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم، پێموایە هەموو هاووڵاتییەک دەنگ و ڕای زۆر گرنگە، ئەگەر هاووڵاتی خۆی بەشدار نەبێت لە دەنگدان و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، ئەوکات خەڵکێکی دیکە لە جیاتی ئەو هاووڵاتییە دەنگ دەدات. بۆیە داوام لە هەموو هاووڵاتییەکی خۆشەویست ئەوەیە بەشدارییەکی کارا بکەن بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکەیان بدەن، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتووی خۆیان بدەن.
"ڕێژەی بەشداریکردن کاریگەری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت"
هەر لەبارەی ڕێژەی بەشداری، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێ: بێگومان ڕێژەی بەشداری کاریگەری دەبێت، من نامەوێت ئەو لایەنانەی ئاراستە دەکرێن، یانیش لایەنێکی حیزبین تەنیا ئەوان خۆیان بە بەرپرسیا بزانن لەوەی بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، چونکە هەر بڕیارێک کە دەدرێت و هەر دەسەڵاتێک حکومەت وەردەگرێت، بڕیارەکانی کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو تاکێک هەیە، جا لایەنگری حیزبێکی سیاسی بیت یان نا.
هاونیشتمانییەک پێشنیازی ئەوە دەکات لە کوردستان ئەو کەسانەی دەستڕەنگینن هاوکاری بکرێن بۆ دەرەوە، تاوەکو ئەو شارەزاییەی لە دەرەوە هەیە بیگوازنەوە بۆ کوردستان و لە کوردستان کارگەی گەورەی پێ دابنرێت و خەڵک تەنیا بیر لەوە نەکاتەوە مووچە وەرگرێت، بەڵکو هان بدرێن لەبری ئەوەی پارەیان پێ بدرێت پارە پەیدا بکەن.
"ئەجێندای ئێمە هەمەجۆرکردنی داهات و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بووە"
سەبارەت بەو پێشنیازەش سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئەمە یەکێک بووە لە ئەجێندای کابینەی حکومەت، کە ئێمە لە سەرەتاوە باسی هەمەجۆرکردنی داهات و هەمەچەشنکردنی ئابووری و دروستکردنی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریمان کردووە لە کوردستان.
ئێمە وەبەرهێنانێکی زۆرمان کردووە لە کشتوکاڵ، بابەتی گەشتوگوزاری گرنگییەکی زۆرمان پێداوە، لە ڕووی پیشەسازیشەوە گرنگیمان بەو لایەنە داوە. بەڵام لەوانەیە لە ئاستی پێویستدا نەبووبێت، ئەویش هۆکاری هەیە.
"هەوڵێکی جیددیمان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دروست بکەین"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوو چەندینجار بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە وەستێنراوە. جووڵەی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان لە ناوچەکە بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان کێشەی تێکەوت. نەخۆشی کۆرۆنا بۆ ماوەی دوو ساڵ کێشەیەکی سەرەکی بووە کە نەیهێشتووە لە زۆر ڕووەوە جوڵەی ئابووری بەرەو پێشەوە بچێت. سەرەڕای ئەوەش هەوڵێکی جددیمان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی باشتر لەنێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دروست بکەین.
بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر لەو پرۆژانەی ئێستا دەبینین لە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون سەرەڕای ئەوەی کە دژایەتییەکی زۆری حکومەت کرا بۆ ئەوەی پەکی بکەوێت و نەتوانێت پرۆژەکان جێبەجێ بکات، بەڵام لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت پرۆژەکان بەردەوام بوون. ئەم پەیوەندییە تەندروستەی کە دروستکرا، متمانەیەکی باشتریشی دروست کرد لەنێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، لەنێوان حکومەت و هاووڵاتی کە ئەنجامەکانیشی بەدەرکەوتووە لە هەندێک ڕووەوە.
"بەرنامەمان هەیە لەڕووی پیشەسازییەوە سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بیرۆکەی ئەو هاونیشتمانییە بە دروست دەزانێت و لەگەڵ ئەوەش دەڵێ: ئێمە بیرمان لە شتی دیکەش کردووەتەوە، جگە لەوەی بۆ تواناسازی خەڵکی خۆمان بچنە دەرەوە و سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیکە وەربگرن، بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی بەتایبەتی ئەگەر خودا یارمەتی داین و بەردەوام بووین بەرنامەمان ئەوەیە سوود لەو ئەزموونانە وەربگرین بە ڕاکێشانی ئەزموونی ئەو وڵاتانە لە کوردستان. نەک تەنیا چەند کەسێکمان بچن بۆ ئەوێ، بۆ نموونە زۆر لە وڵاتان هەن کە لە ماوەیەکی خێرادا پێشکەوتن.. بۆ ئێمە نەتوانین سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین؟ ئەگەر ئەوان بێن بەشێک لە کارگە و کارخانەکانی خۆیان بە تێکەڵاوبوون لەگەڵ کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان لێرە دروست بکەن، ئەمە سوودەکەی دوو بەرامبەرە. یەکەمیان؛ هەم ئەزموونەکە دێتە ئێرە، هەم هەلی کاریش بۆ هاووڵاتی دروست دەبێت.
"دەسەڵاتی خۆجێیی لە ئاستی پارێزگا بەرپرسیارە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی حکومەت"
پرسیاری ئاوێستا عەلی، دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی لە سەرۆکوەزیران لەبارەی جیاوازی لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بوو لەنێوان هەولێر و سلێمانی، سەرەڕای تەرخانکردنی بودجەی پێویست لە هەردوو شارەکە. وەڵامەکەش بەلای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەوە بوو کە ئەوان لە سەرەتاوە هەوڵی جددیان داوە بۆ ئەوەی هەموو داهاتەکانی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکسان خزمەتی هەموو شارەکانی پێ بکەن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێ: گلەییەکی زۆر کرا لەوەی دەبێت دەسەڵات شۆڕ بکرێتە خوارەوە بۆ ئاستی پارێزگاکان، ماوەیەکی زۆر بەوە تاوانبار کراین کە ئێمە دەسەڵاتمان قۆرخ کردووە و ڕێگە نادەین دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ پارێزگاکان.. ئەمەشمان کرد، دەسەڵاتمان شۆڕکردەوە و هەموو دەسەڵاتێکمان دایە پارێزگاکان بۆ ئەوەی ئەوان ئەم کارانە بکەن.
"حکومەت پڕۆژەی بۆ هەموو کوردستان هەیە، تەنها بۆ پارێزگایەک نییە"
بەگوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەسەڵاتی خۆماڵی لە ئاستی پارێزگا بەرپرسیارە بەرامبەر بە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پرۆژانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەکات جێبەجێ بکرێت. کەواتە حکومەت پرۆژەی بۆ هەموو کوردستان هەیە، تەنیا بۆ پارێزگایەک نییە. چۆنیەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی دەسەڵاتی خۆماڵی لەسەر ئاستی پارێزگا.
"دەسەڵاتی حیزبی هەبووە لە شاری سلێمانی ڕێگەی نەداوە ئیدارە کاری خۆی بکات و پڕۆژەکان وەکو پێویست جێبەجێ بکرێن"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕووی گلەیی لە دەسەڵاتی ئیداری پارێزگا ناکات، بەڵکو " لە دەستوەردانی حیزبی لە کاروباری ئیداری دەکەم، کە ئەوان ڕێگر بوون لەوەی نایانهێشتووە لەسەر ئاستی ئیدارەی پارێزگاکانیش بەرنامەکان جێبەجێ بکرێن، لە تەرخانکردنی بودجە، لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان.. دەسەڵاتی حیزبی هەبووە لە شاری سلێمانی ڕێگەی نەداوە ئیدارە کاری خۆی بکات و پرۆژەکان وەکو پێویست جێبەجێ بکرێن. ئەمەش حەقیقەتی بابەتەکەیە".
مامۆستایەکی ئایینی هیوای ئەوەی خواست هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام بەڕێوەبچێت، جەختی لە پاراستنی خاک و ئاسایش و سەقامگیری و ئەو پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کردەوە و بەرپرسیاریەتی پاراستنەکەشی خستە ئەستۆی خۆیان و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خواست.
"لە دەستەبەركردنی كەشی ئارام بەردەوام دەبین"
باڵپشت بۆ گوتەکانی ئەو مامۆستا ئایینییە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە، "ڕاستە هەموومان دەتوانین بە ئازادی و سەربەرزیی لەم وڵاتەدا بژین، چونکە ئاسایش و سەقامگیری هەیە، بۆ ئەمەش پێویستە سوپاسی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بکەین کە شەونخونی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو کەشە ئارامە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی کوردستان دەستەبەر بکرێت، پشتیوان بەخودا بەردەوامیش دەبین".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر ئەو گرژییانەی لە ناوچەکە هەیە و گوتی: کوردستان بەراورد لەگەڵ ناوچەکە هێشتا شوێنێکی سەقامگیرە و خەڵک لە ناوچەکانی دیکە ڕوودەکەنە کوردستان بۆ ئەوەی بەئارامی تێیدا بژین، ئەمەش جێی سوپاس و پێزانینە. کوردستانیش وەکو پێگەو لانکەی پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان ناسراوە.
"پەیامی ئێمە ڕوونە و داوای بانگەشەیەكی ئاراممان بۆ هەڵبژاردن كردووە"
سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنیش سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: "پەیامی ئێمە هەر لە سەرەتاوە ڕوون و دیار بووە کە داوای بانگەشەیەکی ئاراممان کردووە لە کەشێکی ئارامدا، هەر کەس و لایەنێکیش بۆخۆی ئازادە پروپاگەندە بۆخۆی بکات و باسی بەرنامەکانی خۆی و داهاتووی وڵاتەکان بکات و لە چوارچێوەیەکی مەعقولیش ڕەخنە بگرن. بەڵام ئەگەر خوانەخواستە لایەنێک یان کەسێک زمانی زبر و سووک بەکار بهێنێت ئەوە گوزارشت لە ناخی ئەو کەس و لایەنە دەکات".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیوای خواست خەڵکی کوردستان نێوبژیکاربن لەوەی چۆن بڕیار دەدەن لەسەر ئەوەی دەیانەوێت کوردستان بەرەو کام ئاراستە بڕوات.
"كەسانێك هەن لە بەغدا هێشتا بڕوایان بە فیدڕاڵیەت نییە"
سەبارەت بەوەش تا چەند حکومەتی عێراق هاوکار بووە لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی فرمێسک محەممەد، دەرچووی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ناکرێت بەشێوەیەکی گشتی بڵێین حکومەتی بەغدا، چونکە لەوێش لایەنی سیاسی جیاواز و کارەکتەری جیاوازیش هەیە و وەزارەتەکانیش هەموویان وەکو یەک نین. هەیانە زیاتر یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، هەشن لە بنەڕەتدا بیرۆکەی حکومەتی ناوەندیان لا ماوە".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: "زۆر کەس هەن لە بەغدا هێشتا بڕوایان بە فیدراڵییەت نییە، پێیان وانییە دەسەڵات دەبێت بگوازرێتەوە بۆ شوێنەکانی دیکە".
"پەیوەندپی باشمان لەگەڵ سوودانی هەیە"
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "لە حکومەتی فیدراڵی، حکومەتێکی ناوەندی نییە، حکومەت هەیە لە ئاستی فیدراڵی، بەڵام حکومەتی هەرێمی هەیە، حکومەتی پارێزگاکان هەیە کە ئەوانە سیستەمێکی فیدراڵی پێکدەهێنن. بەڵام کاتێک دەسەڵات بە خراپی سوودی لێوەرگیراو بیرۆکەی بە مەرکەزیکردنی حکومڕانی زاڵ بوو، ئەوکاتە ئەم جۆرە کێشانەی لێدەکەوێتەوە. ئێمە هەوڵمان داوە بەتایبەتی ئێستا پەیوەندی باشمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران هەدیە، کە هەمیشە دەڵێ من نیەتی ئەوەم هەیە چارەسەری کێشەکان بکرێت".
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەرێمی کوردستان "هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێ کردووە، چاوەڕێی ئەوە دەکەین حکومەتی فیدراڵیش لە ئاستی بەرپرسیاریێتی خۆی بێت و ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت".
"لەچوارچێوەی بەرنامەمان بۆ گلدانەوەی ئاو، چەندین بەنداو و پۆند دروستكراون"
لەبارەی ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکی گۆڕانی کەشوهەوا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئەو هاونیشتمانییە گوتی: " بەڵێ بێگومان، ئێمە هەستمان کردووە بەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان چەندە. هەرێمی کوردستان تۆزێک کاریگەری کەمتری لەسەرە لەبەر ئەوەی زۆرێک لە سەرچاوە ئاوییەکان هی خۆمانە هی شاخەکانی کوردستانە، لە وەرزی بارانبارین و بەفر زیاتر دەتوانین سوودیان لێ ببینین. بەڵام چۆن ئێمە بتوانین ساڵ بە ساڵ سوود لەو سەرچاوە سروشتییانە وەربگرین؟ یەکێک لە بەرنامەکانی کە داماننابوو ئەوەبوو ئاو گل بدەینەوە، بۆ ئەوە مەبەستەش چەندین بەنداوی مام ناوەند و بچووک و پۆند دروستکراون بۆ ئەوەی ئەو ئاوەی گل دەدرێتەوە هەم بۆ سوودی هاووڵاتی بێت، هەم بۆ کشتوکاڵ و گەشتوگوزار بێت و کاریگەری گۆڕانەکانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستانیش کەم بکرێتەوە. ئەمەش بەشێکە لەو ستراتیجیەتەی کە زوو هەستمان پێکردووە و بەرنامەشمان بۆ داناوە، هێشتاش بەنداوی گەورەتر هەیە کە لەبەرنامەدایە بۆ ئەوەی ئەوانیش جێبەجێ بکەین.
"لەسەر ئاستی عێراق تەنیا لە كوردستان ئەو گازە بەفیڕۆ دەڕوات لە دەرهێنانی نەوت، دەكرێت بە وزە"
لەلایەکی دیکە، سەرۆکوەزیران گوتی: "تەنیا شوێن لە هەموو عێراق ئەو کارەی کە ئێمە کردوومانە، ئەویش ئەو گازەی بە فیڕۆ دەڕوات لە دەرهێنانی نەوت، تەنیا شوێن کە ئێستا ئەو گازە وەردەگیرێتەوە دەکرێت بە وزە لە کوردستان ئێمە ئەو کارەمان کردووە. بەداخەوە دوای ئەو بڕیارە نادروستانەی لەسەر بابەتی نەوت و غاز درا لە هەرێمی کوردستان کە ئێمە نەتوانین وەکو پێویست سوود لەو سەرچاوە سروشتییە وەربگرین، تۆزێک شتەکانی دواخست. بەڵام لە بەرنامەی ئێمەدایە هەموو ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر بۆ ئەوەی کەشوهەوا پیس نەبێت و لەبری ئەوەش وزە دروست بکەین".
"دامەزراندنی كارگەی ڕیسایكلین یەكێكە لە ڕێككارەكانمان بۆ ڕێگریكردن لە پیسبوونی ژینگە"
کارێکی دیکەیان بە گوتەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دروستکردنی کارگەکانی ڕیسایکلینە و دەڵێت: ئەمەش وادەکات هاووڵاتی زیاتر سوود لەو کەرستانە وەربگرێت لەجیاتی ئەوەی ژینگەی پێ پیس بکرێت و جارێکی دیکە سوودی لێ وەربگیرێتەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هاووڵاتی خۆی چۆن بەشدار دەبێت لە پاراستنی ژینگە، ئەمە کەلتوورە دەبێت هەموو هاووڵاتییەک هەوڵی ئەوە بدات هەموو کوردستان بە ماڵی خۆی بزانێت.
"پارتی شانازی دەكات كە بووە جێی متمانەی پێكهاتەكان"
لەبارەی نەمانی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێ: هۆکارێک هەبوو بۆ نەمانی کۆتا، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت حەقە خەڵک هەمووی بزانێت کە هۆکاری نەهێشتنی کۆتاکان چی بووە. سکاڵایەک لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە درایە دادگەی فیدراڵی بۆ ئەوەی ئەو کۆتایانە نەمێنن، شانازیش بەوە دەکەن بەوەی کۆتاکانیان نەهێشت و دەڵێن ئێمە کۆتاکانمان لابرد. پێموایە ئەمە کارێکی هەڵە بوو.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەر لەبارەی پرسی کۆتاکان دەشڵێ: هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕاندەوە دەیانگوت پێش هەڵبژاردن 11 بە سفر دەبوو، کەواتە پارتی 11 دەنگی کۆتای لەگەڵ بووە پێش ئەوەی بچینە هەڵبژاردن، بەڵام پێموانییە ئەمە خاڵێکی نەرێنی بێت لەسەر پارتی، دەبێت پارتی شانازی بکات بەوەی کە بووەتە جێگەی متمانەی پێکهاتەکان، کە تورکمانەکان و کریستیانەکان ئەوەندە متمانەیان بە پارتی بووە و بوونەتە هاوپەیمانی لە ڕابردوو، کە لایەنی دیکە نەیتوانیوە ببێتە جێی ڕەزامەندی و بڕوای ئەم پێکهاتانە خەتای خۆیانە.
"بە پێداگریی ئێمە پێنج کورسیی کۆتاكان گەڕایەوە"
لابردنی کۆتاکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی لێدان بووە لە مافی پێکهاتەکان، من ئەو گلەییەم لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەبووە، زۆرجاریش باسمان کردووە، ناکرێت بۆ خاتری بابەتێکی سیاسی پێشێلی مافی نەتەوەیەک یان ئایینێکی دیکە بکەی. دەکرێت لە پەرلەمانی داهاتوو جارێکی دیکە ئەو ئەندام پەرلەمانانە ئەم هەڵەیەی کە کراوە ڕاست بکرێتەوە. ئێمەش داکۆکیمان کرد لەوەی ناکرێت ئەو پێکهاتانە بەشدار نەبن لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بۆیە هەر لەسەر پێداگریی ئێمە پێنج کورسی کۆتاکان بگەڕێتەوە لە چوارچێوەی ئەو 100 کورسییەی پەرلەمان. هەرچەندە ئەمەش دەبێت ڕاست بکرێتەوە، دەبێت دابەشکردنێکی دادپەروەرانە هەبێت بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئەوە نەبێت لەبەر خاتری لایەنێکی سیاسی کورسییەکان بەسەر پارێزگاکان دابەش بکرێت.
"پرۆژەی زۆر گەورەی گەشتیاریمان بۆ سنووری سۆران هەیە"
سەبارەت بە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ لە سۆران، کە داواکاری یەکێک لە هاونیشتمانیان بوو لە دیدارەکە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: سۆران شارێکی گرنگە و هەر شارێکیش تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئێمە پێویستمان بەوەیە ئاستی پەروەردەو فێرکردن لە هەموو کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانین بەباشترین شێوە خزمەتی کەرتی پەروەردە و تەندروستی و هەموو کەرتەکانی دیکە بکەین، دەبێت داهاتی زیاترمان هەبێت، واتە سیاسەتی ئێمە ئەوەبووە چۆن داهاتی خۆمان زیاتر بکەین تاوەکو ئەو داهاتەی دێتە بەر دەستمان لەو کەرتانە خەرجی بکەین و بیخەینە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
سۆران و دەوروبەری، ناوچەی باڵەکایەتی، سیدەکان و ڕواندز و هەموو ئەو شوێنانە بە گشتی ناوچەی گەشتیاری سەرنجڕاکێشن، ئێمە پرۆژەی زۆر گەورەی گەشتیاریمان هەیە بۆ ئەو سنوورە کە وادەکات بەشی زۆری داهاتەکەی بۆ خودی سنوورەکە بگەڕێتەوە، وادەکات ئێمە وردەوردە ئاستی شارەکانمان بەرز بکەینەوە. هەر شارە و تایبەتمەندی خۆی هەیە و دەبێت ئەو تایبەتمەندییە بۆ شارەکان بگەڕێنینەوە و گرنگیان پێ بدەین.
"حكومڕانی ئاسان نییە چونكە ئەمانەتە"
لەبارەی ئەوەش تاوەکو چەند حکومڕانی ئاسانە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: ئاسان نییە، چونکە ئەمانەتە. هەڵگرتنی ئەمانەت گرانە، کاتێک سوێندم خوارد هەوڵم داوە ئەو سوێندەم لەبەرچاوبێت بەرامبەر بە خودا، بە خەڵک و بەرامبەر بە ویژدانی خۆم بۆ ئەوەی لە هەموو ئاستەنگەکان و قۆناغەکان کە سەختیش بوون، هەمیشە ئەوەم لەبیر بووە کە نابێت بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافی خەڵک بکەی.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
هونەرمەندان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵاوایی لە 'زاهیر عەبدوڵڵا' دەکەن
- کولتوور
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرهەمەکانی زاھیر عەبدوڵڵا بەرز دەنرخێنێت
- تەندروستی
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
پەڵەی ڕەشی پێست؛ هۆکار و چارەسەرەکانی
- ژینگە
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دانانی چەند زەنگێکی مۆبایل لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی فشاری دەروونی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی دانانی سمێڵ لە مانگی نۆڤەمبەردا
3 کاتژمێر لەمەوپێش
شارۆچکەیەک لە ئالاسکا دوو مانگ خۆر نابینێت
4 کاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە بۆ ئاڤا: کێشەکان بەدروستی چارەسەرنەکراون
6 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبەر ئەحمەد: داعش ئێستا زۆر لە ساڵی 2014 بەهێزترە
7 کاتژمێر لەمەوپێش
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
کوژرانی دوو بەرپرس و سێ چەکداری داعش لە کەرکووک پشتڕاست دەکرێتەوە
- کوردستان
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
بڕیارێکی نوێ لە وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دامەزراندنی وانەبێژان
- کوردستان
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
ماڵپەڕی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی هاک کرا