شاندێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەردانی بەغدا دەکات

شەیری بکە لە:
شاندێک بۆ  هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەردانی بەغدا دەکات

ئەگەر مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لەگەڵ عێراق هاوتا بکرێت کەمترین مووچەیان دەبێتە 250 هەزار دینار، گرافیک: بڕوا ئیبراهیم

ئاڤا نیوز

هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تایبەت بە پرسی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دەستپێکردنەوەی هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی و دوو تەوەری دیکە سەردانی بەغدا دەکات.

 

وێنە گەورەکە: وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هاوتای عێراق بکرێت، کە ژمارەیان نزیکەی 102 هەزار کەسە و مووچەیان 100 بۆ 150 هەزار دینارە، ئەگەر  هاوتای عێراق بکرێت کەمترین مووچە دەبێتە 250 هەزار دینار.

 

لێدوانی فەرمی: یوسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتى هەولێر کە ئەندامی شاندەکەیە بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، "شاندەکە لە حەوت کەس پێکهاتووە و یەکشەممەی داهاتوو سەردانی بەغدا دەکەین، لەگەڵ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاری عێراق و خالید شوانی، وەزیری داد کۆدەبینەوە."

 

ئامانجەکانی سەردانەکە: شاندەکە یەک ڕۆژ لە بەغدا دەمێنێتەوە و ئامانجی سەردانەکەیان چوار تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت:-

1- تۆمارکردنی نوێ لە لیستی خاوەن پێداوسیتییە تایبەتەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە 13 هەزار خاوەن پێداویستییە.

2- هاوتاکردنی مووچەی خاوەن پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە عێراق.

3- هاوکاریی چاودێری کۆمەڵایەتی دەستپێبکاتەوە، کە لە عێراق بەردەوامە و لەهەرێمی کوردستان ڕاگیراوە.

4- دابینکردنی دوو سەبەتەی خۆراکی ساڵانە بە خێزانە کەمدەرامەتەکان، لەلایەن وەزارەتی کاری عێراق.

 

شەیری بکە لە: