ئاڤا نیوز بەدواداچوون بۆ چارەنووسی 14 هاونیشتمانی کورد لە توونس دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە چارەنووسی 14 هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی توونس نادیارە، بەپێی گوتەی کەسوکارەکانیان دوایین جار بەتەلەفۆن پێیان گوتراوە لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون، ئاڤا نیوزیش زانیویەتی بەمزووانە ئازاد دەکرێن.

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی 23-7ی ئەمساڵ 14 هاونیشتمانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کە تەمەنیان لە نێوان 16 تا 35 ساڵیدایە، لەدوای تەواوکردنی ڕێکارەکان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە سەردانی وڵاتی توونسیان کرد، ڕۆژی 29ی هەمان مانگ لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکران.

زانیاریی زیاتر: کەسوکاری بەشێک لە دەستگیرکراوەکان سەردانی بەغدایان کرد، حەسەن، باوکی یەکێک لە دەستگیرکراوەکانە بە ناوی دانیار، دەرچووی ئەمساڵی پۆلی 12یە و ناوی لە کۆلێژی دەرمانسازی گەڕاوەتەوە، خێزانەکەی لەلایەک خەمی گەڕانەوەیەتی و لەلایەکی دیکەش پەرۆشی لەدەستنەدانی خوێندنی ئەمساڵیەتی.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ناوەڕاستی ئەمساڵ حکومەتی توونس مەرجی وەرگرتنی فیزەی پێشوەختەی بۆ عێراق لابرد، بەدەر لە مەبەستی گەشتیاری دەیان هاووڵاتی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان سنووری ئەو ووڵاتە بەکاردەهێنن تا بەشێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

زانیاریی تایبەت: بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاڤا میدیا، لەدوای تەواوکردنی ماوەی حوکمەکانیان بەمزووانە ئەو 14 هاونیشتمانییە ئازاد دەکرێن. لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 100 هاووڵاتی عێراقی بەتۆمەتی جیاواز لە وڵاتی توونس دەستگیکراون، لە ئەگەری بەردەوامبوونی سەرپێچییەکان چاوەڕێ دەکرێت حکومەتی توونس ڕێکارەکانی پێدانی فیزا بە عێراق تووندتر بکات.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: