ئێران: بوون و هەژموون، ڕۆڵ و داهاتووی لە ناوچەکەدا

ئێران: بوون و هەژموون، ڕۆڵ و داهاتووی لە ناوچەکەدا

ماوەی  ساڵێکە پەیوەندییە جیۆسیاسییەکانی ئێران گۆڕانکاریی فراوانی بەخۆوە بینیوە، جگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاقمە میلیشیاکانی بەرەی مقاوەمە، لەوانە میلیشیاکانی عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەن، ئێران لەڕێگەی کۆمەکردن و پارەدارکردن و پڕچەککردنی ئەو میلیشیایانەوە پەیوەندیی هەمەلایەنی پەیوەست بە پشتیوانیکردن لە دۆزی فەڵەستین و ململانێی لەگەڵ ئیسرائیلدا دامەزراندووە. 

جەوهەری گۆڕانکارییە ناوچەییەکانی ئێران لەگەڵ بەرەی مقاوەمە تایبەتمەندییەکی جیاوازی هەبووە، چونکە تاران لە هێڵی پڕوپاگەندە و میدیایی خۆیدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر لایەنەکانی هاوپەیمانێتییەکە دەپارێزێت، بەڵام لە پراکتیک و واقعیدا هەنگاوی ناوە بۆ وازهێنان و دەستبەرداربوون لە هەندێک لەو لایەنانە، بەتایبەتی لە نێو پەرەسەندنی گرژییە سیاسی و سەربازییەکاندا، کە ئێران پێیوابوو بەرگەی دەرەنجامەکانی دەگرێت یان نایەوێت لە باشترین حاڵەتدا بەرگەی دەرەنجامەکانی بگرێت.

نموونەی ئەو گۆڕانە جیۆسیاسییەی ئێران بەرامبەر هاوپەیمانە فەڵەستینییەکەی حەماس بەڕوونی دوای ئۆپەراسیۆنی زەرفی غەززەی 2023 دەبینین، کە تێیدا هەوڵی دا خۆی لە هەموو ئەو شتانە دووربخاتەوە کە پەیوەندی بە ئۆپەراسیۆنەکەوە هەیە، بەتایبەتی کاتێک کاردانەوەی سیاسی و سەربازی تووند لەلایەن ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاواوە دەستیپێکرد، ئێران  بەرە و دەستبەرداربوون هەنگاوی ناو  حەماس و فەڵەستینییەکانی غەززەی لە ناو دۆخی سنووری دڕندەیی ئیسرائیل بەجێهێشت، ئێران بێدەنگی خۆی هەڵبژارد لە ئاست لەناوبردنی سەرکردە فەڵەستینییەکان تەنانەت کوشتنی ئیسماعیل هەنیە لەناو دڵی تاران و بەڵێنەکانی تاران بۆ وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکە جێبەجێ نەکران. 

خەسڵەتەکانی جیۆسیاسەتی ئێران لەگەڵ ڕژێمی سووریا زۆر جیاواز نییە لەگەڵ سیاسەتەکانی پێش خۆی. بەشێوەیەکی گشتی، ئەم سیاسەتە بە جیابوونەوەیەکی ئاشکرا لە نێوان تاران و دیمەشق بە چەندین هۆکار و ڕەهەندی جیاواز دەناسرێتەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران و هەندێک لە گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران یەکێک بوو لە کەناڵەکانی تێکچوونی پەیوەندییەکان. پێویستییەک هەیە کە دەبێت لەکاتی قسەکردن لەسەر هەر لایەنێکی نێگەتیڤ لە پەیوەندییەکانی تاران و دیمەشق لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش پەرۆشی هەردوولا بۆ پەردەپۆشکردنی لایەنە نەرێنییەکان و جیاوازییەکانە تەنانەت لە دوو هەڵوێستی جیاوازیشەوە؛ یەکەمیان پێویستی بەرژەوەندیی ستراتیژی ئێران لە بوونی سووریا و دووەمیان پێویستی ڕژێمی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی ئێران لە مانەوەی و زاڵبوون بەسەر کێشەکانیدا، تەنانەت ئەگەر بەلایەنی کەمیشەوە بێت.

جیاوازترین مۆدێل لە پەیوەندییەکانی جیۆسیاسییەکانی ئێران لەگەڵ لایەنەکانی بەرەی مقاوەمە، حیزبوڵڵای لوبنانییە کە شوێنکەوتووی قووڵی دەسەڵاتی مەزهەبی و ئایینییە، چونکە ئەو حیزبە ئامرازی سیاسەتی ئێرانە نەک لەبەرئەوەی ئێران بەتەواوی پارەداری دەکات، وەک نەسروڵڵا چەندینجار جەختی لێ کردووەتەوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەو سیاسەتە شیعەگەراییە بەبێ دوودڵی جێبەجێ دەکات بە بەشە شاراوەکانیشەوە. 

لەکاتی شەڕی غەززە، پەرەسەندنەکان لە باشووری لوبنان لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل دەستیپێکرد، بەبێ چوونە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆوە. سەرەڕای هەڕەشەکانی ئیسرائیل و هۆشداری ئێران بە حیزبوڵڵا کە نەکات بیانووی داگیرکردنی لوبنان بداتە ئیسرائیل، حیزبوڵڵا گاڵتەی پێدەهات، تاوەکو بووە هۆی ئەوەی شەڕی هەورەبروسکە لە دژی حیزب و دەزگاکەی لە لوبنان لە باشوورەوە تا بەیروت و بیقاع دەستپێکرد و، لە شەپۆلی بۆردوومانەکانی باگەرەوە تا هێرشی ئاسمانی کە هەزاران سەرکردە و چەکداری حیزبوڵڵا لە نێویاندا نەسروڵڵا و زۆرینەی سەرکردەکانی کوژران.

ئەمە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی زەرفی غەززە. لەکاتی پەرەسەندنەکانی شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان و هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی سەر بە ئێران و حیزبوڵڵا و ڕژێمی سووریا، وای لە ئێران کرد سیاسەتەکانی خۆی ڕێکبخات کە نزیکە لە بیرۆکەی وازهێنان و دەستبەرداربوون، لە بەرەی مقاوەمە یان سنووردارکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاقمە ملیشیاکان.

بەکوردی و بەکورتی بەپێی ئامارە پراکتیکییەکان، سیاسەتی ئێران لەسەر ڕێڕەوی وازهێنان و دەستبەرداربوونە لە میلیشاکان، ئایا ئەمە کاتییە یان دەستبەرداربوون دەبێتە هێڵێک بۆ سیاسەتی داهاتووی تاران لە ناوچەکەدا؟ لە هەردوو سیناریۆکەدا، گرنگترین پرسیار پەیوەندی بە سووریاوە هەیە، کە تایبەتترین لایەنی ئێرانە و لە ماوەی سێزدە ساڵدا باجێکی زۆری داوە لەڕووی مرۆیی و ماددییەوە بۆ بەهێزکردنی بوون و کاریگەری خۆی لەوێ کە یەکێکە لە پێداویستییە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ئێران.


ئێران دەیان ساڵە بە میلیشیا بریکارەکانی شەڕی لەگەڵ کورد و عەرەب و ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە. لە هەمان کاتدا، کورد و ئەمریکا و عەرەبەکان لێرە و لەوێ لەپێناو سەقامگیری ناوچەکە سازشیان کردووە،  بەڵام (ئیسرائیل و ئەمریکا) لە کۆتاییدا ڕایانکێشایە  ناو گەمەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ. کاتێک ئیسرائیلییەکان لە جەنگێکدا دەدۆڕێن، بیر لەوە دەکەنەوە لە هەموو جیهاندا لەناودەچن، بەڵام کاتێک لە جەنگدا دەبەنەوە، بەرەو لەناوبردنی ڕکابەرە دۆڕاوەکە دەڕۆن! کاتێک ئێران دوودڵ بوو لە وەڵامدانەوەی پاش ئەو زیانە گەورەیە، دەگوترا دەیەوێت ئەمریکا ئاشت بکاتەوە و گەمارۆکە هەڵبگرێت. بەڵام وەک چارەنووسی حەماس و حیزبوڵڵا لاواز دیار بوو. بۆیە دەبێت هاوسەنگییەک لە ناوچەکەدا هەبێت و نازانین بەبێ توانای وەڵامدانەوەی سیاسەتەکانی هێزی ئیسرائیل کە بە پشتیوانی ئەمریکا زاڵ دەبێت چۆن ڕوودەدات، ئایا ئەمە دەرگا دەکاتەوە بۆ بەردەوامی ملیشیاکان و ئێران؟

لە واقعیدا ئێران بیر لە گۆڕانکاری ڕیشەیی دەکاتەوە لە بیرکردنەوە و سیاسەتدا.  ململانێی دەسەڵات لە ئێران ناوخۆیییە و ئیستا خامنەیی پیر بووە و ڕکابەریی نێوان سوپای پاسداران و ڕیفۆرمیستەکان شتێکی ئاساییە، بەڵام هەردووکیان دان بە گرنگی ئاشتیخوازی لە سیاسەتی دەرەوەدا دەنێن.  

ئێران بیر لە کاریگەریی سەربازیی ڕاستەوخۆ لەسەر تواناکانی خۆی ناکاتەوە، کە بێگومان کاریگەریی گەورەتر دەبێت لە کاریگەری مووشەکی ئێران لەسەر ئیسرائیل، بەڵکو بیر لە کاریگەری ڕاستەوخۆی سیاسی و ئەمنی و میدیایی لەسەر پێگەی ڕژێمی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە کەچی ڕژێمەکەی سەدام حوسێنی لە عێراق لەناوبرد، هەڵبەت فراوانبوونی بوو لە دەرەوەی سنووری توانای سروشتی خۆی، وەک ئەوەی میزەڵان زیاد لە کێشی خۆی هەوای تێدەکرێت.  ئایا ڕژێمی خومەینی دەکەوێتە هەمان هەڵەی گەورەی ڕژێمی بەعس لە عێراق لە سەردەمی ڕابردوودا؟! ئایا ئێران دەستبەرداری میلیشیاکانی دەبێت؟ بە ئەگەری زۆرەوە ئێران بۆ ئەوەی خۆی لەو قەیرانە ڕزگاربکات ناچارە ملیشیاکان بەتەنیا جێبهێڵێت وەکو چۆن حیزبوڵڵا و حەماسی بەجێهێشت.

شەیری بکە لە: