شاخەوان عەبدوڵڵا: بێ پەسندکردنی پرۆژەیاساکەی کورد هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان ناکرێت

شەیری بکە لە:
شاخەوان عەبدوڵڵا: بێ پەسندکردنی پرۆژەیاساکەی کورد هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان ناکرێت

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نەکرا بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140بدرێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەڵێت: بەبێ پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە هیچ دانیشتنێکی پەرلەمان ناکرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممە 2-10-2024ی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر دوو پڕۆژەیاسای پەیوەست بە کورد و شیعە بدرێت، ئەوانیش "گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان لە سنووری ماددەی 140" و " هەمواری یاسای باری کەسێتی".

 

لێدوانی ڕۆژنامەوانی: دوای تەواونەبوونی نیساب و دواخستنی دانیشتنەکەی پەرلەمان، د.شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: بڕیارمان دا دانیشتنەکانی پەرلەمان ڕابگرین، ئەمڕۆ دانیشتن بکرێت یان مانگێکی دیکە یان دوو مانگی دیکە، ئەم کارنامەیەی ئەمڕۆ لە پەرلەمان دەبێت".

 

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا: "بەبێ پەسندکردنی ئەو پرۆژەیاسایە دانیشتن ناکرێت، ئەمە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمانە و بڕیاری فراکسیۆنە کوردستانییەکانە کە هەموومان یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بووین، شیعە و کورد لە لیژنەی یاسایی دەنگیان لەسەر پرۆژەیاساکە داوە، ئەوەی کە دێت و دەخوێنرێتەوە بە ڕێککەوتنی کورد و شیعەیە". 

 

بۆچی گرنگە: بەگوێرەی پرۆژەیاسای گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم موڵک و ماڵی هاونیشتمانیانی کورد و تورکمانی کەرکووک کە بە بڕیاری بەعس دراون بە عەرەبی سوننە، بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێتەوە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێشتر سوننەکان دژایەتی خۆیان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساکەی تایبەت بە کورد نەشاردووەتەوە، بەڵام بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا "سوننەکانیش ڕەزامەندیان پیشانداوە، تەنیا فراکسیۆنی تەقەدوم نەبێت".

شەیری بکە لە: