لە چەند ڕۆژێکی کەم مامەڵەی بە گرێبەستبوونی مامۆستایان تەواو دەکرێن

شەیری بکە لە:
لە چەند ڕۆژێکی کەم مامەڵەی بە گرێبەستبوونی مامۆستایان تەواو دەکرێن

کۆبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی، وێنە: krg

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لیژنەی تایبەتمەندی بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی بەگرێبەستبوونی مامۆستایان لە هەر هەشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان داناوە، تاوەکو لە چەند ڕۆژێکی کەم کارەکان تەواو بکەن.

 

وێنە گەورەکە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کۆبووەوە، بڕیاری دا مامۆستایان لەسەر داهاتی ناوخۆ بکرێنە گرێبەست، کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەسە.

 

لێدوانی فەرمی: د. سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ڕۆژی 26-09-2024، فەرمانی وەزاری بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستایان دەرچووە و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەکان کراوە، تاوەکو فەرمانی کارگێڕییان بۆ دەربچوێنن و ڕەوانەی پەروەردەی قەزاکانی بکەن، بۆ ئەوەی مامەڵەی بەگرێبەستبوونیان تەواو بکرێت.

 

زانیاریی زیاتر: بەڵێننامەیەک لە بەشی یاسایی پەروەردەی قەزاکان پڕ دەکرێتەوە، کە مامۆستاکە مووچەی لە هیچ دامەزراوەیەکی دیکەی حکومەت نییە.

 

قووڵتر: لە ڕۆژی 01-09-2024، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست هەژمار دەکرێت، یەکەم مووچەی بەگرێبەستبوونیان لەگەڵ فەرمانبەراندا وەردەگرن. 

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: وەزیری پەروەردە  فەرمانی بە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کردووە، لە چەند ڕۆژێکی کەمدا مامەڵەکانی گرێبەست تەواو بکەن.

 

خاڵی ئەرێنی: لیژنەی تایبەتمەند بۆ هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ پێکهێنراوە، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی کارەکانی بەگرێبەستبوون بکەن.

 

باکگراوند: 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەگرێبەست کراون. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: