دادگەی فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستان بڕیار دەدات

شەیری بکە لە:
دادگەی فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی کوردستان بڕیار دەدات

دادگەی فیدراڵی عێراق سێ گۆڕانکاری گەورە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، وێنە؛ ina.iq

ئاڤا نیوز

دوای 15 جار دادبینی و دواخستن، بڕیاروایە ئەم هەفتەیە دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە دادبینی لەبارەی سکاڵای یاسای هەڵبژاردنی کوردستان بهێنێت و بڕیار بدات. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەگەر دادگە بڕیار بدات دەتوانرێ مانگی پێنج هەڵبژاردن بکرێت.

زانیاریی تایبەت: بڕیارە دادگەی فیدراڵی عێراق ئەم چوارشەممەیە 2024/2/21 لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات. بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئاڤا نیوز دراون، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بەمشێوەیە دەبێت:

1-كورسی كۆتای توركمان و ئەرمەن هەڵدەوەشێتەوە.

2-تەنیا كورسی كۆتای مەسیحی دەمێنێت و ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان دەبێتە 105 ئەندام.

3-هەڵبژاردن بە چوار بازنە دەبێت، هەولێر و سلێمانی و دهۆک.

لەلایەکی دیکەوە: دڵشاد شەهاب، گوتەبێژى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت: "هەرچەندە چیتر چارەنووسى هەڵبژاردن نابەستینەوە بەم هەموو دواخستنەى دادگاى فیدراڵییەوە، زیاتر دەستەوەستان نابین و ئێستا بەدوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێین، بەڵام ئەگەر چوارشەممە بڕیار بدات، ئەوا دەتوانرێت کۆتایی مانگی پێنج هەڵبژاردن بکرێت".

زانیاری زیاتر: بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئێستا ئەندامانی دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان لە بەغدان، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆ بکەن لەبارەی پەلەکردن لە هەڵبژاردن و ئەمڕۆش یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆککۆمار کرد. بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق، ئەنجوومەنی دادوەری و  سەرۆکی دادگای فیدراڵیش کۆببنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: