عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: حیزبی نوێ لە هەولێر دانامەزرێنم

شەیری بکە لە:
عەبدوڵڵای حاجی مەحموود: حیزبی نوێ لە هەولێر دانامەزرێنم

عەبدوڵلای حاجی مەحموود. وێنە: سۆشیاڵ میدیای ناوبراو

ئاڤا نیوز


عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، جێگری سکرتێری حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حیزبی نوێ لە هەولێر دانامەزرێنێت و حیزبەکە بە هی خۆی دەزانێت.

چیرۆکی سەرەکی: لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بۆ جاری دووەم گرژی لە نێوان محەممەد حاجی مەحموود و عەبدوڵڵای برای ڕووی دا؛ هەردوو جارەکەش بەهۆی گۆڕانکاری لە پۆستە حزبییەکانەوە بووە. 

لێدوانی فەرمی: عەبدوڵڵای حاجی مەحموود کە هاوکات وەزیری کاروباری شەهیدانە، بە ئاڤا نیوزی گوت: " سۆسیال دیموکرات حیزبی خۆمە و هەر لەوێ دەمێنمەوە، بەڵام هەرشتێک لە دەرەوەی پەیڕەوی ناوخۆ بکرێت، پێیەوە پابەند نابم".


ناوبراو لە وەڵامی دەنگۆکاندا گوتی: "دەگوترێت سێ ملیار دیناری حیزب لای منە، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و یەک دیناری حیزب لای من نییە؛ ئێمە حیزبێکی ئەوەندە گەورە نین تاوەکو ئەو هەمووە پارەیەمان هەبێت". 


لەبارەی ئەوەی لە هەولێر کۆبوونەوەی بە ئەندامان و لایەنگرانی کردووە و ویستوویەتی دەست بەسەر مەڵبەندا بگرێت. عەبدوڵڵای حاجی مەحموود گوتی:  "ئەمە ڕاست نییە و جێگری سەرۆکی حیزبم بۆ هەر جێگایەک بڕۆم دەتوانم کۆبوونەوە بکەم. لە هەولێر داوایان لێکردم بچم سەردانێکیان بکەم، منیش چووم سەردانم کردن".


چی لەبارەوە دەگوترێت: غازی عەبدوڵڵا، بەرپرسی مەڵبەندی یەکی حیزبەکە لەبارەی کێشەکانی ئەمڕۆوە بە ئاڤا نیوزی گوت: "پێویستە کاک عەبدوڵڵا کێشەکانی لەگەڵ سەرەوە لە مەکتەبی سیاسی و نووسینگەی سەرۆک یەکلایی بکاتەوە نەک شۆڕبێتەوە بۆ ئەندامانی خوارەوە، چونکە ئێمە نامانەوێت ببینە لایەنگر، بەڵام بەو ڕێگایە دەیەوێت ئەوە نیشانبدات کە دەتوانێت خەڵک کۆبکاتەوە". 

زانیاریی تایبەت: پێشتر دەسەڵاتەکانی عەبدوڵڵای حاجی مەحموود لەنێو حزبەکەیدا زۆر بوو، بەڵام لە دوای کۆنگرەی حەوتەمی حیزبەکە لە ساڵی 2023، دەسەڵاتەکانی بەپێی پەیڕەوە کەمکراوەتەوە. 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان