فازڵ میرانی لە ئاڤا میدیا وەڵامی یەکێتی و لایەنەکان دەداتەوە

شەیری بکە لە:
فازڵ میرانی لە ئاڤا میدیا وەڵامی یەکێتی و لایەنەکان دەداتەوە

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی

ئاڤا نیوز

 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، وەڵامی دروشمی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە بەرامبەر حیزبەکەی دەیکەن و لەبەرامبەر دروشمی یەکێتیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر بە لۆژیکی هێز بێت، ئەو هێزە نین کە پارتی بڕووخێنن. ئەگەر هێزی لۆژیک بێت، هێزی لۆژیک ئەمە قبووڵ ناکات.

 

چیرۆکی سەرەکی: فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی میوانی گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 07:00ی ئاڤا میدیابوو کە هەوراز گوڵپی پێشکەشی دەکات.

 

لێدوانی فەرمی: لە وەڵامی دروشمی یەکێتی کە دەڵێت "کۆتایی بە تاکڕەوی پارتی دەهێنین لە دەسەڵات" فازڵ میرانی ڕایگەیاند: "یەكێتی بە دروشمی كۆتایی پێدەهێنین خۆیان تاوانبار دەكەن و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە بەشدارن لە دەسەڵات.

 

لەلایەکی دیکەوە: فازڵ میرانی ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو: "یه‌كێتی یان ده‌بێت به‌ته‌واوی له‌ ده‌سه‌ڵات یان ئۆپۆزسیۆن بێت و ناكرێت به‌ ڕۆژ هاوبه‌ش بیت و به‌ شه‌و دژ بیت. وتاری یەکێتی ناڕوونە، نە دەسەڵاتە، نە ئۆپۆزیسیۆن".


درێژەی دیدارەکە....

 

کوردستان پێویستی بە بانگەشەیەکی ئارامە

 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی بانگەشەی پارتی و پێویستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام ڕایگەیاند: ئەگەر بەرژەوەندیی و خواستی میللەت لەبەرچاو بگرین، پێویستە ڕێگای ئارامیی بگرینە بەر، چونکە لە نائارامیدا نە دەستکەوت دەبێت، نە میللەت ڕازی دەبێت. ئەگەر نائارام بێت بەهۆی لێکەوتەکانییەوە شت لەدەست دەدرێت. بۆیە لەمەدا پارتی هەست بە بەرپرسیاریێتی دەکات. بە بڕوای من گرژی و زمان درێژی لە ڕێبازی پارتی بارزانیدا نین، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی زمانی درێژە دەستی کورتە.


ڕووخانی ئێمە واتە ڕووخانی هەرێمە

 

سەبارەت بە دروشمی لایەنەکان فازڵ میرانی پێیوایە دروشمی حیزبەکان بۆ بانگەشە هەڵەن و بۆ نموونە ئەوانەی دەڵێن دەیڕووخێنین.. ئێمە ئەمڕۆ کیانێکین پێی دەگوترێت فیدراڵیەتی عێراق، ئێمە تەنیا حیزبێک نین. ئێمە لەگەڵ خەڵکانێکی دیکە ڕۆڵی سەرەکیمان هەبووە لەوەی ئەو فیدراڵیەتەمان لە دوای سەرهەڵدان بەدەستهێناوە و ڕۆڵی سەرەکیمان هەبووە لە پاراستنی.

 

تەنیا پارتی دەتوانێت کۆتایی بەخۆی بهێنێت

 

بە گوتەی میرانی: "ڕووخانی ئێمە واتە ڕووخانی ئەو هەرێمە، ئایا لۆژیکێک هەیە حیزبێک بانگەشە بۆ کوردایەتی و پێشکەوتن و خزمەتکردن بە میللەت بکات، بێت و کیانێک کە خوێنی هەزاران شەهید و ئەنفال و کیمیاباران بەرهەمهاتووە، بێت و بیڕووخێنێت؟ بۆیە من دەڵێم هەڵەن... کۆتایی پێدەینن.. کۆتایی بە چی دەهێنن؟ تەنیا پارتی دەتوانێت کۆتایی بەخۆی بهێنێت".

 

ئەوەی دەڵێت دەیگۆڕین، دەمانکەن بە چی؟

 

سەبارەت بەوانەش دروشمی ئەوەیان هەڵگرتووە کە دەڵێن دەیگۆڕین، فازڵ میرانی دەپرسێت: "بە چی دەیگۆڕن؟ بۆ دەمانکەن بە چی؟ ناوی ئێمە یەکەمجار پارتی دیموکراتی کوردی بووە، دوای کرا بە پارتی دیموکراتی کوردستان. بۆچی دەمانگۆڕن، ئێمە نە دەبین بە سۆشیالیست نە دەبینە چەپڕەو، نە دەبەینە یەمینی ڕەجعی، نە دەبینە لیبڕال. ئێمە ناوی خۆمان بە خۆمانەوەیە".

 
لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات و لەگەڵ شوانیش شین دەکات

 

سەبارەت بە بانگەشەی یەکێتیش وەکو هاوبەشێکی سەرەکی پارتی لە حکومەت، فازڵ میرانی نموونە بە گوتەتی سەرۆک بارزانی دەهێنێتەوە کە دەڵێت: "لەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات و لەگەڵ شوانەکەش شین دەکات. ئەم جۆرە هەڵوێستانەش دەرئەنجامی پەیوەندی نا دروستی نێوان پارتی و یەکێتیە. من هانی دابڕان نادەم، بەڵام تۆ ئەگەر دەتەوێت شتێک بڕووخێنێت بۆ لەناویدایت؟".

 

ئەو هێزە نین پارتی بڕووخێنن

 

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی  هەر لەبارەی دروشمەکەی یەکێتی دەشڵێ: "دوو شت هەیە، لۆژیکی هێزو هێزی لۆژیک، من نازانم ئەو برادەرانە بە چ لۆژیکێک قسە دەکەن؟ ئەگەر بە لۆژیکی هێز بێت، ئەو هێزە نین کە پارتی بڕووخێنن. ئەگەر هێزی لۆژیک بێت، هێزی لۆژیک ئەمە قبووڵ ناکات. هێزی لۆژیک پێکەوە ژیان و پاراستنی دەستکەوتەکان و ئاسوودەکردنی میللەت و پێشکەشکردنی خزمەتە، بەرپاکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە لەناو وڵاتەکەی خۆت".

 

جەختیشی کردەوە "ئەوەی یەكێتی بانگەشەی بۆ دەكات ڕاست نییە، قوباد تاڵەبانی دەسەڵاتی تەواوی لە حکومەتدا هەیە، ئەگەر جێگری سەرۆكوەزیران بێ دەسەڵات بووە، بۆچی بەردەوام بووە؟ بەو قسەیەی کە یەکێتی دەیکات لەوەی دەسەڵاتیان نەبووە لە حکومڕانیدا ستەم لە خۆیان دەکەن و خۆیان خۆیان تاوانبار دەکەن، پارتی حزبێکی تاکڕەو نەبووە، حکومەتێکی ئیئتلافیمان هەیە. بوونی حکومەتێکی بنکەفراوان دەلیلی تاکڕەوی نییە. خۆیان قسەکەی خۆیان بە نالۆژیکی پیشان دەدەنەوە".

 

داهاتی سلێمانی بگەڕێتەوە سەرۆکوەزیران هەمان شت بۆ سلێمانیش دەکات

 

سەبارەت بەو گلەییانەی دەخرێتە ئەستۆی پارتی لە نەگەیاندنی خزمەتگوزاریی بە هەموو بەشەکانی کوردستان فازڵ میرانی دەڵێ: "ئەگەر داهاتەکانی سلێمانی لەلایەن ئیدارەی سلێمانییەوە بگەڕێتەوە دەست حکومەت و پەیڕەو پڕوگرامی حکومەت جێبەجێ بکەن، سەرۆکوەزیرانی ئێمە لە هەولێر و دهۆک چی کردووە، لەوێش وا دەکات".

 

سەبارەت بەو بۆچوونەش کە پێیانوایە ئەوەی یەکێتی دەیکات لە دژایەتیکردنی پارتی وەکو تاکیکێکی هەڵبژاردنی دەیبینن و دواتر دێنەوە بەشداری لە حکومەت دەکەن. فازڵ میرانی دەڵێ: "پێشتر ئەزموونی وامان هەبووە، ئەوانەی دژی پارتی بوون و لە حکومەت دەرچوون لە پێناوی ئەوەی دەنگەکانیان زیاد بکات، بەڵا دەنگەکانیان کەمی کرد".

 

کاک مەسرور ئەم حکومڕانییەی پاراستووە

 

لەبارەی هەبوونی باڵ باڵێن لەنێو پارتی، فازڵ میرانی ڕەتیدەکاتەوە لەناو پارتی باڵ باڵێن بوونی هەبێت و دەشڵێ: "ئێمە لەناو خۆماندا یەک بڕیاردەرمان هەیە، ئەگەر مەبەستیشیان لە کاک مەسرورە، کاک مەسرور سەرۆکی حکومەتی ئێمەیە، بە کۆدەنگی بڕیاری سەرکردایەتی بووە سەرۆکوەزیران، هەرچی كاک مەسرور بارزانی دەیكات ئێمە لێی بەرپرسین و بەرپرسیاریێتیەکەی هەڵدەگرین، ئەگەر شتێک خراپی کرووە فەرموون پێمان بڵێن".

 

میرانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکاتگ: "کاک مەسرور چووە ژێر باڵی هەڕەشە یاساکانی بەغدا، دادگەی فیدراڵی، نەدانی مووچە و چەندان هەڕەشەی دیکە. بەڵام بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەم حکومڕانییەی پاراستووە".

 

بەو پارێزگارە کوردە کۆتایی بە بەعەرەبکردن لە کەرکووک نایێت

 

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند: "پارێزگاری کەرکووک کە بەو شێوەیە بووە پارێزگار بە بڕوای من ستەمی لێکرا کە کرا بە پارێزگار، چونکە ئەوەی پێشتر کراوە بەو پارێزگارە ناگۆڕێت. نە تەعریب هەڵدەگیرێت، نە ئەو سیاسەتەی بەرامبەر کورد و تورکمان دەگیرێتەبەر، نامێنێت". 

 

حەلبووسی سوننەی پەرتەوازە کرد

 

 سەبارەت بەو دەنگە نەشازانەی بەرامبەر بە کورد و پێشمەرگە بەرزبووەتەوە، بە دیاریکراویش لەلایەن محەممەد حەلبووسییەوە، فازڵ میرانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: "حەلبووسی برپرسیاریێتیەکی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ لە بەرامبەر بە پەرتەوازەکردنی سوننە، سوننەی وا لاواز کرد کە هیچ ئیرادەیەکی نەماوە و هیچ حیسابێکی بۆ نەکرێت".

 

میرانی دەشڵێت: "جارێک لەگەڵ ئەملاو جارێک لەگەڵ ئەولا، کورد دەڵێت ئەوەی لەسەر دوو دار یاری بکات یەکێک دەچێتە نێو سکی. بە بڕوای من دارەکە چووە نێو سکی کاتێک لە پەرلەمان بە ئیهانە دەرکرا، نەشیتوانی بەرگریی لەخۆی بکات. حەقیقەتەکە ئەوەیە کە دەیڵێن، بەڵام بارودۆخ حکوم دەکات، لە هەندێک بارودۆخ ئەم قسانە دەکەن و هەندێک جاریش نایکەن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: