پەیامێکی نوێ لە سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی مووچە و دامەزراندن

شەیری بکە لە:
پەیامێکی نوێ لە سەرۆکوەزیران بارزانی لەبارەی مووچە و دامەزراندن

وێنەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراق دووپاتمان کردەوە هەرێمی کوردستان، پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و داوای پاراستنی مافەکانی دەکات وەک لە دەستووردا هاتووە و پێویستە ماددەکانی دەستوور، هەمووی وەکو خۆی و وەک یەک پاکێج جێبەجێ بکرێت.

 

لەلایەكی دیكەوە: سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بە ئەندامانی لیژنەی دارایی عێراقی گوتووە، ئەگەر نیازپاکی و ڕێزلەیەکترگرتن و لەبەرچاوگرتنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەبێت، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەبن. دووپاتیشی کردەوە کە دەیانەوێت باشترین پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەبێت و پێویستە هەمووان کار لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان بکەین. 

 

قووڵتر: لە كۆبوونەوەكە سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ئەوە داوە نابێت مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کارتێکی سیاسی و فشار بەکاربهێنرێت، بۆیە پێوستە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ ئاستەنگ و گرفتێک بدرێت و هەروەها لە دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێ، پێویستە هەرێمی کوردستانیش وەک هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق، بە پێی یاسای بودجەی فیدراڵ، مافی دامەزراندنی فەرمانبەرانی نوێی هەبێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بە هۆی ڕاگرتنی، زیاتر لە 19 ملیار دۆلار زیان بە هەرێمی کوردستان و بودجەی گشتیی فیدراڵ کەوتووە، داواکراوە لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکاتەوە و لە هەمانکاتدا، کار لە سەر دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە نەوت و گازی فیدراڵ بکرێت.  

 

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند: ئامانج لە هاتنی لیژنەی دارایی ئەوەیە بە شێوەیەکی جددی و بنەڕەتی، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بە تایبەتی کێشە داراییەکان بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کۆبوونەوەكانمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەردەوام دەبێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ