گوتاری سەرۆک بارزانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی
ئاڤا نیوز
سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی خەڵکی کوردستان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکات و لە ئێستاوە "مژدەی سەرکەوتنێکی گەورە"یان پێدەدات. بە جەختکردنەوە لە درووشمی "خۆنەچەمینن" داوای کرد بەهیچ جۆرێک بیر لە شکست نەکەنەوە.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دروشمی "ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگری"، لە ئاهەنگێکدا بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی و بە ئامادەبوونی نێچێرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، بەفەرمی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرد و سەرجەم بەربژێرەکانی ناساندن.
لێدوانی فەرمی: سەرۆک بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، بە هیممەتی پارتییەکان خۆمان بۆ ڕۆژی دەنگدان، 20 ئۆکتۆبەر ئامادە دەکەین و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنین. دەبێت بڕوامان بە سەرکەوتن بێت و نابێت بیر لە شکت بکەینەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: پارتی بە لیستی ژمارە 190 بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات و 190 بەربژێریشی لە هەرچوار بازنەی هەڵبژاردن هەیە: هەولێر 64، سلێمانی 72، دهۆک 48 و هەڵەبجە 6 بەربژێر.
تەواوی گوتارەکە بخوێنەوە:
"هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە"
لەم رۆژە پیرۆزەدا، دەمەوێ پیرۆزبایی لە ئێوە و لە هەموو گەلی كوردستان بكەم، ئەو ڕۆژەی گەلی كوردستان بڕیاری دا نەهێڵێت ئیرادەی بشكێت و خۆی نەچەماند. ڕۆژی 25ی ئەیلوول، لەم ڕۆژەدا ئەوە بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستیپێكرد، پیرۆزبایی لە كاندیدە بەڕێزەكان دەكەم و تەمەنای سەركەوتنیان دەكەم و پشت بە خوای گەورە و بە هیممەتی هەموو دڵسۆزانی كوردستان و بە فەرموودەی بارزانیی نەمر، هەموو كوردێكی دڵسۆز پارتییە. بە هیممەتی پارتییەكان، خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەر و سەركەوتنی گەورە بەدەستدێنین.
"نابێ بیر لە شكست بكرێتەوە"
دەبێ بڕواتان بە خۆتان بێ و بە ئومێدێكی بەرزەوە و بە متمانەیەكی بەرزەوە هەنگاو بنێن و خۆتان ئامادە بكەن، دەبێ زیاتر بڕواتان بە سەركەوتن بێت و نابێ بیر لە شكست بكرێتەوە. دەبێ هەمیشە هەریەكێك لە ئێوە خۆی ئامادە بكات كە دەبێ سەربكەوین و سەریش دەكەوین ئینشائەڵا.
هەڤاڵینە، هەرێمی كوردستان، كەس خێری پێ نەكردووین، هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالكراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكانە، ڕەنجی خەڵكی كوردستانە. پارتی شەرەفی ئەوەی بەركەوتووە، خوێنێكی زۆری داوە بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستكەوتە مەزنە و هەروەها بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتە مەزنە.
"سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەم"
من لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی كوردستان بكەم، بۆ خۆڕاگرییان، بۆ پشتیوانییان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەكی و بە چاوساغی هەندێك لە ناوخۆ كە ویستیان هەرێمی كوردستان تێك بدەن، تەحەمولیان كرد، سەبری ئەیوبیان هەبوو، خۆیان ڕاگرت و هەرێمەكەیان تەسلیم نەكرد، سوپاسیان دەكەم و پیرۆزباییان لێ دەكەم.
"ئاواتمان خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستانە"
پارتی بڕوای بە ئاشتییە، بڕوای بە دیموكراتییە، بڕوای بە پێكەوەژیانە و بە كردەوە سەلماندوویەتی نەك بە قسە. ئێمە مەبەستمانە و ویستمانە خەڵكی كوردستان بەختەوەر بێت و لە ژیانێكی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمان خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستانە.
"ئەوەی زمانی درێژە، دەستی كورتە"
داوا دەكەم لەم هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە تووندوتیژی، دوور لە بەكارهێنانی زمانی زبر، ڕاتاننەكێشن بۆ شەڕێكی لابەلا، سەنگی خۆتان و پارتەكەتان بپارێزن. زۆرجار وەڵامنەدانەوەی خەڵكێكی بێمەسئولیەت وەڵامدانەوەیە، وەڵامنەدانەوە خۆی وەڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویستیشی بە وەڵام بكرێت، دەبێ مەدرووس بێ و دەبێ پرس بە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن بكرێ. ئەگەر لە حاڵەتێكی موعەیەندا وەڵامێك پێویست بوو. ئەوەشتان لەبیر نەچێ، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی كورتە.
"لیستی پارتی لیستی پاراستنی كەرامەتی كوردستانە"
ئەركی هەموو هەڤاڵێكی پارتییە نەك تەنها خۆی، بەڵكو كەسوكاری و هەر كەسێكی كە تەئسیری لەسەری هەبێ، بۆ ڕۆژی 20ی مانگ هیممەت بكات، خۆی و دەوروبەری هەموویان بێن بۆ سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190 بدەن. لیستی پاراستنی كەرامەتی كوردستانە، لیستی پێشمەرگەیە، لیستی شەهیدانە.
"با دەنگتان بەرز نەبێ، با ئاستی قسەكانتان و ڕەفتارتان بەرز بێت"
كاندیدەكانمان هەموویان خۆشەویستی ئێمەن، كچ و كوڕی ئێمەن، خوشك و برای ئێمەن، هیچ جیاوازییەكمان نییە بۆ هیچ كاتمان، داوای سەركەوتن بۆ هەمووتان دەكەم، بەڵام یەك ڕجاتان لێ دەكەم، مونافەسەی یەكتری نەكەن، هەر كامتان دەربچێت بۆ ئێمە هیچ فەرق و جیاوازییەك نییە و بەڵێنی گەورە نەدەن كە پاشان نە ئێوە پێتان بكرێ و نە ئێمە پێمان بكرێ جێبەجێی بكەین، ئەو بەڵێنانە بە خەڵك بدرێ كە قابیلی جێبەجێكردن بێت. با دەنگتان بەرز نەبێ و با ئاستی قسەكانتان و رەفتارتان بەرز بێ.
ئێمە دەستی برایەتی بۆ هەموو لایەك درێژ دەكەین، ئەگەر لایەنێكیش پێیوابێت بە دژایەتیی پارتی زیاتر شتی دەست دەكەوێ، وابزانم ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ مێژوو و عیبرەتی بۆ خۆی لێ وەربگرێت، باشترە لەوەی سوور بێ لەسەر ئەوەی بە دژایەتیی پارتی شتی دەست بكەوێ.
"پارتی یەك حیزب و یەك بڕیارە"
یان هەندێك دڵیان بەوە خۆش كردووە و جار بە جار گوێمان لێ دەبێ دەڵێن پارتی باڵباڵێنی لەناوە و پارتی چەند لایەنە، پارتی یەك حزبە و یەك بڕیارە، پارتی حزبی شەهیدانە، پارتی مەسئولیەتی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدانە، پارتی وەكو هەر حزبێك نییە كە بە كەیفی خۆی بێت. ئیلتزامانی پارتی زۆر قورسە، با كەس بەو خەیاڵەدا نەبێت، چونكە زۆر كەس خەونی بەوە دەدیت كە پارتی یان قیاداتی ناو پارتی جیاوازییان هەبێ یان كەلێن دروست بكەن، بەخوا خەونەكانیان بردە ناو قەبر و ئەوانەی ئێستاش هەر دەیبەنە ناو قەبر.
"لەگەڵ بەغدا خەریکین کێشەکان چارەسەر بکەین"
لەگەڵ بەغداش خۆشبەختانە ئێستا ئینفراجێك دروست بووە، لەگەڵ سەرۆكوەزیران بەڕێز سوودانی تەفاهومێكی تا ئاستێكی باش هەیە و حكومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك خەریكن لەگەڵ بەغدا چارەسەری ئەو گرفتانە بكەن، ئومێدەوارین بگەنە چارەسەر بۆ هەموو گیروگرفتەكان و ئەوە نەهجی ئێمەیە و پێمان خۆشە ئەو موشكیلانە هەموو چارەسەر بكرێن. لەگەڵ دەرودراوسێش سیاسەتی ئێمە هەر ئەوەیە كە بە حیوار و بە لێكتێگەیشتن و باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەك هەبێت.
"پێشمەرگە مەترسیی نییە، عەقڵیەتی شۆڤێنی مەترسییە"
بەداخەوە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گوێمان لە هەندێك لە شۆڤێنییەكان بوو كە دەیانگوت نابێ چەك بە پێشمەرگە بدرێ و ڕەخنەیان گرتووە لەوەی چەند تۆپێك ڕادەستی پێشمەرگە كراوە. وەڵامی من بۆ ئەوانە ئەمەیە: پێشمەرگە دارێكە، بە خوێنی شەهیدان، بە فرمێسكی دایكی شەهیدان ئاودراوە. ناوی پێشمەرگە و ئەركی پێشمەرگە لای ئێمە زۆر پیرۆزە. پێشمەرگە نە بە بڕیاری كەس دروست بووە و نە بە بڕیاری كەسیش تێك دەچێت. پێشمەرگە بە ئیرادە كوردستانی پاراستووە، ئەگینا هیچ وەختێك تەكافوئ (هاوسەنگی) نەبووە لە چەكی پێشمەرگە و چەكی ناحەزان و دووژمنانی پێشمەرگە، بەڵام ئیرادەی پێشمەرگە بەهێزتر بووە. هیچ وەختێك پێشمەرگە مەترسی نییە، چونكە پێشمەرگە هێزێكی گوێڕایەڵە و هێزێكی مونزەبیتە، بەڵام مەترسیی ئەو فیكرە شۆڤێنییەیە كە هێشتا ماوە، مەترسی لەسەر عێراق و لەسەر هەرێم و لەسەر ناوچەكە ئەو شۆڤینیەتەیە كە ئێستاش ماوە، ئەگینا پێشمەرگە مەترسی نییە لەسەر كەس، پێشمەرگە تەنها بەرگریی لە كوردستان دەكات و لە كەرامەتی میللەتی كورد، پێشمەرگە پەلاماری كەس نادات.
"دەمانەوێت پەرلەمانی داهاتوو هەیبەت و قودسییەت بۆ پەرلەمان بگەڕێنێتەوە"
دوای 20ی ئۆكتۆبەر، هەموو دونیا چاوی لە هەرێمە، ئێمەش هەموومان چاوەڕوانین كە بزانین ئەو پەرلەمانەی داهاتوو چۆن دەبیت، ئومێدەوارم پەرلەمانی داهاتوو پەرلەمانێك بێت هەیبەت و قودسیەتی پەرلەمان بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و هەست بە مەسئولیەتی مێژوویی خۆی بكات بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، پەرلەمانێك بێت ببێتە قەلغانێك بۆ هەرێم، پەرلەمانێك بێت هەرچیی پلان و هەوڵی تێكدانی هەرێم دراوە لە هەر لایەك بێت، تێكی بداتەوە هەموو ئەم پلانانە نەهێڵێت. ئومێدەوارم و دەبێ هەوڵ بدرێت، دوای 20ی ئۆكتۆبەر، یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگە هەبێت و كۆتایی بە هەرچی كاری نایاساییە بهێندرێت.
"گلەییەکانتان بۆ دوای هەڵبژاردن دوابخەن"
ئەندامانی پارتی، هەڤاڵانی پارتی، لایەنگرانی پارتی، هەموو كوردێكی دڵسۆز، داواتان لێ دەكەم ئەو ڕێنماییانەی لە لێژنەی باڵای هەڵبژاردن دەرچوون، جێبەجێ بكرێت. هەروەها داوا لە هەموو ئەو هەڤاڵانە دەكەم كە تەكلیف كراون هەر یەكێك بە ئەركێكی موعەیەن، ڕۆژی 20ی مانگ و پێش 20ی مانگیش، ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و تەعلیمات جێبەجێ بكەن. ئەگەر گلەیی هەیە، دوای بخەن بۆ دوای هەڵبژاردن، وەختی ئەوە نییە كە كەس گلەیی ئێستا بكات. ئینشائەڵا، من وەعدی ئەوەتان پێ دەدەم كە هەوڵ بدەین پێش هەموو كەسێك، چاكسازیی لە ناو خۆماندا بكەین ئنجا داوا لە خەڵكی تر بكەین چاكسازیی بكەن.
"پارتی بەهێز بێت، کوردستان بەهێز و پارێزراو دەبێت"
بە بڕوایەتیی تەواوەتییەوە و بە ئومێدێكی بەرزەوە، بڕۆن بەرەو هەڵبژاردن و دەنگ بدەن، بڕۆن بۆ سندووقی دەنگدان، لەبیرتان نەچێت خۆتان نەچەمێنن.
لە كۆتاییدا دەمەوێ سوپاسی لێژنەی باڵای هەڵبژاردن و هەموو بەشەكانی مەكتەبی سیاسی و مەكاتیبی ڕێكخستنی پارێزگاكان و هەموو لقەكان و هەموو ئەو هەڤاڵانە بكەم كە زەحمەتیان كێشاوە، ئومێدەوارم ئینشائەڵا بەرهەمی ئەو ماندیبوونە لە ڕۆژی 20ی ئۆكتۆبەر بێتە دەست، پارتی سەركەوێت بۆ ئەوەی كوردستان بەهێز بێت و كوردستان پارێزراو بێت. ئیتر هەر سەركەوتوو بن و هەر لە خۆشیدا بن ئینشائەڵا،
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 20 خولەک لەمەوپێش
سەرۆککۆماری عێراق: لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵک باجەکەی دەدات
- جیهان
- 28 خولەک لەمەوپێش
سەرۆکی پێشووی بەڕازیل بە هەوڵدان بۆ کودەتا تۆمەتبار دەکرێت
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی: پەنابردن بۆ تیرۆر خۆكوژییە بۆ نەتەوەكەمان
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دیارترین كەسایەتییەكان كە لە پێنجەمین كۆڕبەندی مێپس بەشدارن
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەوێنە؛ مەزارگەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا
21 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕەوا جەمال کۆنسێرتێک ساز دەکات
22 کاتژمێر لەمەوپێش
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
20 تشرینی دووەم
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
20 تشرینی دووەم
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
- کوردستان
- 20 خولەک لەمەوپێش
سەرۆککۆماری عێراق: لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵک باجەکەی دەدات
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی: پەنابردن بۆ تیرۆر خۆكوژییە بۆ نەتەوەكەمان
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دیارترین كەسایەتییەكان كە لە پێنجەمین كۆڕبەندی مێپس بەشدارن
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بەتەمەنترین مرۆڤی جیهان لە کوردستانە
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
بە بەشداری سەرۆک بارزانی پێنجەمین كۆڕبەندی 'مێپس' لە دهۆك بەڕێوەدەچێت