سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچە و دامەزراندن بۆ ئاڤا دەدوێت

شەیری بکە لە:
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچە و دامەزراندن بۆ ئاڤا دەدوێت

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

 

 عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی مووچە قسە بۆ ئاڤا دەکات و دەڵێت: هیچ مەبەستێک بۆ دواخستن نییە و پێموایە کاتی دابەشکردنی مووچە لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق هاوکات بکرێت. لەبارەی دامەزراندنیش دەڵێت: دوای پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچە بەرچاومان ڕوون دەبێت بۆ تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ ئەو بابەتە.

 

چیرۆکی سەرەکی: لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە هەولێرە و چەند پرسێک لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن، لەوانە بودجە و مووچە. سێ ڕۆژ لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە و لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بازرانیش کۆدەبنەوە.
 

لێدوانی فەرمی: عەتوان عەتوانی لە لێدوانێکدا بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەن، لەوانەش بابەتی گومرگ و باجەکان و مووچە.

لەلایەکی دیکەوە: بابەتێکی دیکەی گرنگ باس دەکرێت پرسی کارکردنی کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری نەوتە لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەجۆرێک ببێتە مایەی ڕەزامەندی هەردوولا، ئەوانیش وەک لیژنەی دارایی ئامانجیان ئەوەیە دەرچەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزنەوە، چونکە پشتگوێخستنی ئەو پرسانە چارەسەری کێشەکان قورستر دەکات.

 

دەقی پرسیارەکانی ئاڤا میدیا و وەڵامەکانی عەتوان عەتوانی

 

ئاڤا نیوز: بەخێربێن بۆ کوردستان، ئامانجی سەردانی لیژنەی دارایی بۆ هەولێر چییە؟

عەتوان عەتوانی: زۆر سوپاستان دەکەم، لەڕاستیدا لیژنەی دارایی یەکەم سەردانی خۆی بۆ هەرێم ئەنجامدا، دوای ئەوەی لە بەغداش ژمارەیەک کۆبوونەوەمان ئەنجامدابوو و گفتوگۆمان لەبارەی زۆر بابەت کردبوو، ئێستا دەمانەوێت بە کرداری چاودێری ئەو شتانە بکەین کە بەدەستهاتوون.

لە کۆبوونەوەکانماندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت کۆمەڵێک پرس تاوتوێ دەکەین لەوانەش بابەتی گومرگ و باجەکان و مووچە، هەروەها بابەتێکی دیکەی گرنگیش باس دەکەین ئەویش پرسی کارکردنی کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری نەوتە لە هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەجۆرێک ببێتە مایەی ڕەزامەندی هەردوولا.

ئێمە وەک لیژنەی دارایی ئامانجمان ئەوەیە دەرچەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان بدۆزینەوە، چونکە پشتگوێخستنی ئەو پرسانە چارەسەری کێشەکان قورستر دەکات، بۆیە ئێمە جددین لە چارەسەری کێشەکان بەشێوەی ڕاست و دروست، هەروەها دەمانەوێت ئەو پێشمەرجانەش بەدیبێن کە لە بودجەدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و داهاتی نانەوتی و پرسی بەبانکیکردنی مووچە دیاریکراون.

ئاڤا نیوز: وەک لیژنەی دارایی چیتان کردووە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان؟

عەتوان عەتوانی: لەڕاستیدا ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونکە لە بودجەدا پشکەکەی بە 12.67% دیاریکراوە و هەرێم مافی مامەڵەکردنی بەو پارەیەوە هەیە لەوانەش پرسی دامەزراندن لە دەسەڵاتی ئەوانە، بەڵام دوای پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران پێموایە ڕوانگەیەکی ڕوونترمان دەبێت لەسەر ژمارەی هێزی کار لە هەرێم و تەرخانکردنی بودجەی زیاتر بۆ ئەو بابەتە، ئەو کاتەش بابەتی دامەزراندن تاوتوێ دەکرێت.

ئاڤا نیوز: حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی بیانووبڕی بۆ بەغدا ناردووە، کەی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟

عەتوان عەتوانی: پێموایە کاتی دابەشکردنی مووچە لەنێوان هەرێم و ناوچەکانی دیکەی عێراق هاوکات بێت، مانگی ڕابردوو مووچە زۆر دوانەکەوت، ئومێدیشمان هەیە ئەم مانگە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا مووچە دابەش بکرێت، چونکە لە ڕاستیدا هیچ مەبەستێک نییە لەپشت دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیاری دادگای فیدڕاڵیش ڕوونە لەسەر ئەم بابەتە، حکومەتی فیدڕاڵیش تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتی بە حکومەتی هەرێم داوە تا سەرنجەکانی پەیوەست بە مووچە چارەسەر بکات، ئێمە لەو سەردانەدا بەدواداچوون بۆ ئەو ڕێککەوتنە دەکەین تا چارەسەری پرسی مووچە لەوە زیاتر درێژەنەکێشێت.

ئاڤا نیوز: تا چەند سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا؟

عەتوان عەتوانی: دوای ئەوەی چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی حکومەت کران، بینیمان نیازێک هەیە بۆ چارەسەکردن و سفرکردنەوەی کێشە و ناکۆکییەکان و ئەم سەردانەش بۆ ئەوەیە چاوخشاندنەوە بەو کێشانە بکەین، تا بزانین تاوەکو چەند ئەنجوومەنی نوێنەران دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت بۆ چارەسەرکردنیان، لە ماوەی  داهاتوودا دیار دەبێت ئایە ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە.

نزیکبوونە و گەیشتن بە خاڵی ناوەڕاست کە لەگەڵ یاسا  و دەستوور دەگونجێت و باشترین چارەسەرە، ئەم سەردانە ڕژدیی حکومەتی هەرێممان بۆ دەردەخات لەبارەی هاوکاریی و جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە و یاسا و دەستوور.


ئاڤا نیوز: کەی 243 ملیار دینارەکە کە ماوە بۆ پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت؟

عەتوان عەتوانی: مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەکو مووچەخۆرانی حکومەتی عێراق دابەش دەکرێت و هیچ جیاکارییەک لە تەرخانکردن نییە. بەشی هەرێم 12.67٪ـە، مووچەی فەرمانبەران  لە بودجەی ساڵی 2024 لە خەرجییەکان جیاکراوەتەوە بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، بۆ ئەوەی نەبێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان، بۆیە پارەکە لەکاتی خۆی ڕادەست دەکرێت هەر وەکو ئەوەی لە حکومەتی فیدراڵدا هەیە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ