لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەشتی بەهەشت پێکدەهێنرێت

شەیری بکە لە:
لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەشتی بەهەشت پێکدەهێنرێت

هەیکەلی چەند ڤێلایەک لە پرۆژەی دەشتی بەهەشت، سەرچاوە: سۆشیاڵ میدیا

ئاڤا نیوز


لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەشتی بەهەشت پێکهێنراوە و ئەم هەفتەیە دەستبەکار بووە، بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ماف بۆ کڕیارانی زیانمەند و چارەسەرکردنی کێشەکەیان، دواتر کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.


چیرۆکی سەرەکی:
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەشتی بەهەشت لە شاری هەولێر، ڕۆژی 19-9-2024 کۆبوونەوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەستەی وەبەرهێنان، پارێزگار و دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر کراوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دەشتی بەهەشت پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونە و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی هەولێر بەرامبەر کەسنەزان، 427 ڤێلا و هەزار و 122 شووقە لەخۆدەگرێت، لە ساڵی 2010 لەلایەن گرووپی كۆمپانیاكانی عادل موتەحیدە دەست بە دروستکردنی کرا و بڕیار بوو ساڵی 2013 تەواو بکرێت، بەڵام وەبەرهێنەرەکەی کە ڕووشدی سەعید بوو پڕۆژەکەی جێهێشت و تاوەکو ئێستاش تەواونەکراوە.

کێشەی سەرەکی: کێشەکانی پرۆژەکە چەند جۆرێکن، لەوانە شووقە و ڤێلای وا هەیە بە هەشت کەسی جیاواز فرۆشراوە، بەشێک لە شووقەکانیش بەرامبەر کارکردن بە خەڵک دراون، هەندێکیان گرێبەستیان هەیە و هەندێکیشیان هیچ گرێبەستێکیان نییە. لە دوایین هەوڵیشدا زیاتر لە دوو ساڵە حکومەت کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەکات.

لێدوانی فەرمی: بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان بە ئاڤا نیوزی گوت: زۆرینەی گرێبەستەکانی دەشتی بەهەشت وەرگیراون، لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردن لێیان پێکهێنراوە و لە دوێنێ یەکشەممەوە دەستبەکار بووە.

بەرگەشت ئاکرەیی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد دوای پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوە، ئەگەر دەرکەوت گرێبەستەکە ڕاستە، ئەوا ماف بۆ خاوەنی گرێبەستەکە دەگەڕێنرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ژمارەی گرێبەستەکانیش زۆرن ئەم پرۆسەیە کاتی پێویستە.

سەرەتا پێویستە سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن ئینجا پرۆژەکە بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە و دەست بە تەواوکردنی بکرێت، بەرگەشت ئاکرەیی دەڵێت ئەگەر کێشەیەک بە لیژنەکە چارەسەرنەکرا ڕەوانەی دادگا دەکرێت.

 

ئەمەش بزانە: پێشتر لیژنە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی فلۆریا ستی و ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی دیکەی هەولێر پێکهێنراوە کە کارکردن تێیاندا وەستابوو، لەوبارەیەوە گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی ''زیاتر لە 90%ی کێشەکانیان چارەسەرکراون''.

 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ