دوای 13 ساڵ چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک دەگۆڕدرێت

شەیری بکە لە:
دوای 13 ساڵ چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک دەگۆڕدرێت

وێنەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی لالیگا و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق

ئاڤا نیوز

 

دوای 13 ساڵ جارێکی دیکە چیمەنی یاریگەی یانەی دهۆک دەگۆڕدرێت و  کۆمپانیایەکی هۆڵەندی کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی دەکات.

 

وێنە گەورەکە: شەوی ڕابردوو یاریی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان دهۆک و زەورا لەسەر یاریگەی دهۆک بەڕێوەچوو، دوای یارییەکە میدیا عێراقییەکان ڕەخنەیان لە چیمەنی یاریگەکە گرت، لەکاتێکدا 10 ڕۆژ پێش دەستپێکردنی خولەکە لەلایەن لیژنەی وردبینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق پەسەند کرابوو.

 

لێدوانی فەرمی: د. عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی وەرزشی دهۆک بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند، "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاری داوە لەم وەرزە چیمەنی یاریگەکە بەتەواوەتی بگۆڕدرێت، کۆمپانیایەکی هۆڵەندی کارەکە دەکات و لەماوەی یەک مانگدا تەواو دەبێت."

 

زانیاریی زیاتر: گۆڕینی چیمەنی یاریگەکە دوای کلاسیکۆی کوردستان لە نێوان هەولێر و دهۆک لە میانەی گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکرێت، چونکە دوای ئەو یارییە بۆ ماوەی یەک مانگ خولەکە دەوەستێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: یاریی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە نێوان دهۆک و زەورا بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ خافیێر تیباس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی لالیگا؛ عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و ژمارەیەک کەسایەتی وەرزشی ناوچەکە بەڕێوەچوو، زەورا بە گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: