ئەم هەفتەیە شاندێکی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

شەیری بکە لە:
ئەم هەفتەیە شاندێکی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات

دیمەنی یەکێک لە كۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کارووباری ئابووری بەسەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، سەرچاوە, KRG

ئاڤا نیوز

 

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری سەردانی هەولێر دەکەن، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.

 

وێنە گەورەکە: 13 ڕۆژ بەسەر كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق دا تێدەپەڕێت،  لەم هەفتەیە دا ترافیکی بەغدا و هەولێر قەرەباڵغ دەبێت، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان دەچێتە بەغدا و شاندێکی دارایی عێراقیش دێنە هەولێر.

 

لێدوانی فەرمی: د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "ئێوارەی دووشەممە 23-09-2024، شاندەکە بەسەرپەرشتی عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەگاتە هەولێر و ڕۆژی سێشەممە کۆبووەنەکان دەستپێدەکەن."

 

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، تاوەکو ئێستا خشتەی کۆبووەنەوەکانی لیژنەکە یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام بە ئامانجی هەڵوەستەکردن لەسەر ناوەڕۆکی کۆبووەنەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق، تاوتوێكردنی پرسی مووچە و داهاتی ناوخۆ و بەرپرسیاریێتییەكانی هەردوولا سەردانی هەولێر دەکەن.

 

لەلایەکی دیکەوە: بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بەسەرپەرشتی د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەردانی بەغدا بکات و پرسی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ و چەند پرسێکی دیکە یەکلایی بکرێنەوە.

شەیری بکە لە: