کێشەی مووچەی 12 هەزار خانەنشینی مەدەنی چارەسەر دەکرێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

لە یەکەم مانگدا کە خانەنشینانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، هەزاران خانەنشین بەراورد بە خانەنشینانی عێراق کەمتر لەوەیان وەرگرتووە کە پێویستە وەریبگرن، ئێستاش کار لەسەر قەرەبووکردنەوەیان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا.

وێنە گەورەکە: خانەنشینانی مەدەنی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی هەشتیان بە هاوتاکراوی وەرگرت، بەگوێرەی ساڵی خزمەت و بڕوانامە بڕێک پارە چووە سەر مووچەکانیان، بەڵام بەهۆی بەردەستنەبوونی کاتی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان، 10 هەزار خانەنشینان مووچەی کەمتریان وەرگرت، دوو هەزاریش هێشتا مووچەیان هاوتا نەکراوە.

 

زانیاریی تایبەت: سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی گشتیی هەرێمی کوردستان بە ئاڤا نیوزی گوت، "لەو 10 هەزار کەسە سێ بۆ چوار هەزار خانەنشین لە سنووری پارێزگای سلێمانین، نزیکەی 300 بۆ 400 هەزار دینار کەمتریان پێدراوە و ڕۆژانە سەدان خانەنشین سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان."

زانیاریی زیاتر: بەشێکی ئەو خانەنشینانەی کێشەیان بۆ دروست بووە پلەتایبەتن، ژمارەیان دوو هەزار خانەنشین دەبێت و بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکانیان تاوەکو ئێستا مووچەیان هاوتا نەکراوە، بۆ مووچەی مانگی نۆش هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەدرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: خانەنشینانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان 149 هەزار و 687 کەسە، پارەی پێویست بۆ مووچەیان 112 ملیار و 465 ملیۆن دینارە.

 

لەسەر چ بنەمایەک مووچەی خانەنشینان دیاری دەکرێت؟

 

لە هەرێمی کوردستان و عێراق مووچە بە سێ هەنگاو هاوتا دەکرێت؛ مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵەی بژێوی و بڕوانامە.

 

هەنگاوی یەکەم: مووچەی بنەڕەتی

 

مووچەی بنەڕەتی سێ ساڵ پێش خانەنشین بوون لەگەڵ ئەو زیادەیەی دەچێتە سەری لەبەرچاو دەگیرێت، واتە کاتێک فەرمانبەر دەگاتە تەمەنی 61 ساڵ، 62 ساڵ و 63 ساڵ.

 

بۆ نموونە ئەگەر خانەنشینێک  لە تەمەنی 61 ساڵی مووچەی بنەڕەتی مانگێکی 200 هەزار بووبێت، ساڵی دووەم بووبێت بە 220 هەزار و ساڵی سێیەم بووبێت بە 230 هەزار، هەرسێکیان کۆدەکرێنەوە و  دابەشی سێ دەکرێن.

230+220+200 = 650 هەزار ÷ 3 = 216 هەزار

ئەو ئەنجامەی دەردەچێت واتە 216 هەزار × ساڵی خزمەت

بۆنموونە 15 ساڵ خزمەتی هەیە × 2.5 دەکرێت؛

216 × 15× 2.5 ÷ 100= 810 هەزار دینار

 

هەنگاوی دووەم: دەرماڵەی بژێوی


مووچەی بنەڕەتی × ساڵی خزمەت (15 ساڵ بەنموونە) ÷ 100


216 × 15 ÷ 100 = 32 هەزار دینار

هەردوو ئەنجامەکە کۆدەکرێنەوە: 810 هەزار دینار + 32 هەزار دینار = 842 هەزار دینار.

 

هەنگاوی سێیەم: هەژمارکردنی بڕوانامە

 

بڕوانامە لە دیبلۆمەوە هەژمار دەکرێت، بڕوانامەی پۆلی 12 کە پێشتر پێی دەگوترا شەشی ئامادەیی هەژمار ناکرێت. لە مووچەی بنەڕەتی خانەنشینەکە ڕێژەیەک وەر دەگیرێت، بۆنموونە لەسەرەوە نموونەیەکمان هێنایەوە و مووچە بنەڕەتییەکە کردییە 216 هەزار.

 

دیبلۆم: 5% ی مووچەی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت و دەکاتە 10 هەزار و 800 دینار، مووچەکەی دەبێتە: 852 هەزار و 200 دینار.

بەکالۆریۆس: 10% ی مووچەی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت و  دەکاتە 21 هەزار و 600 دینار، مووچەکەی دەبێتە: 863 هەزار و 600  دینار.

 

ماستەر: 15% ی مووچەی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت و دەکاتە 32 هەزار و 400 دینار، مووچەکەی دەبێتە: 874 هەزار و 400 دینار.

دکتۆررا: 20 %ی مووچەی بنەڕەتی هەژمار دەکرێت و  دەکاتە 43 هەزار و 200 دینار، مووچەکەی دەبێتە: 885 هەزار و 200 دینار دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ