ڕێنماییەکی نوێ بۆ دابەشکردنی زەوی دەردەکرێت

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی خێراکردنی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی ڕێنماییەکی نوێ دەردەکات و گۆڕانکاریی لە پڕۆسەکە دەکات، بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بێت پێش کۆتایی ئەمساڵ دەستی پێبکرێت و دوانەکەوێت.

 

لێدوانی فەرمی: سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی، زانیاری نوێی بۆ ئاڤا میدیا ئاشکرا کرد و گوتی: گۆڕانکارییەک لە ڕێنمایی دابەشکردنی زەوی کراوە و ڕۆژی یەکشەممە جێبەجێ دەکرێت. ڕێنماییەکە تایبەتە بە وردبینی و لەجیاتی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاتی زۆری پێویستە، دەسەڵات بە وەزارەتی شارەوانی دراوە وردبینی بۆ فۆرمەکان بکات، هەر لە وەزارەتیش شوێنی زەوییەکان بۆ فەرمانبەران دیاری دەکرێت".

وێنە گەورەکە: زیاتر لە 200 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن و هەر کەسێک لە سنووری شوێنی دەوامکردنی 200 مەتر زەوی پێدەدرێت، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 50٪یان فۆرمیان پڕکردووەتەوە، بەشێک لە وەزارەت و دەستەکانیش فۆرمەکانیان بۆ وەزارەتی شارەوانی ناردوون و هەفتەی داهاتوو دەست بە وردبینی دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە وەزارەتی شارەوانی لیژنەیەکی 20 کەسی بۆ وردبینیکردن لە فۆرمی فەرمانبەران پێکهێنراوە و بە دوو شەفت کار دەکەن بۆ خێراکردنی پڕۆسەکە، ئەگەر پێڕانەگەن و پێویست بکات ژمارەی فەرمانبەرەکان زیاتر دەکرێت.

 

شێوازی جێبەجێکردن: پرۆسەی وردبینیکردن لە وەزارەتی شارەوانی زیاتر لە دوو مانگی پێویستە، هەر فەرمانگە و دەستە و وەزارەتێک وردبینی تەواوبوو، لیستی پاککراوە بۆ ڕەزامەندیدان لەسەری ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، دواتر دەگەڕێنرێتەوە وەزارەتی شارەوانی و لەوێوە ئاراستەی شارەوانییەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی هەر کەسێک پێشتر سوودمەندبووبێت ناوی دەربهێنرێت.

ئەمەش بزانە: سەرجەم شارەوانییەکانیش داتای هاوبەشیان هەیە و ڕێگری لە فێڵکردن دەکرێت، ئەگەر فەرمانبەرێک ئێستا لە هەولێر دەوام بکات و پێشتر لە سلێمانی زەوی وەرگرتبێت، ئاشكرا دەبێت و ناوی دەردەهێنرێت.

شەیری بکە لە: