عێراق دوای ڕووداوەکانی لوبنان ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرێتەبەر

شەیری بکە لە:
عێراق دوای ڕووداوەکانی لوبنان ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرێتەبەر

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق - شفق نیوز

ئاڤا نیوز 

 

دوای تەقینەوە یەک لەدوای یەکەکانی لوبنان، عێراق کۆبوونەوەیەکی خێرا دەکات و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش داوا دەکات ڕێوشوێنەکان توندتر بکرێن.

 

وێنە گەورەکە: ئەنجوومەنی وەزاری عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی، ئەمڕۆ بڕیاری دا ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە دەروازە سنوورییەکان لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان، بەتایبەتی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تووندتر بکەن.

 

لێدوانی فەرمی: لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی کرد، تێیدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ کران.

 

زانیاریی زیاتر: ئەنجوومەنەکە سەبارەت بە پێشهات و ڕووداوەکانی لوبنان گفتوگۆیان کرد، هاوکات جەخت لە بەردەوامیی ناردنی یارمەتی پزیشکی و مرۆیی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی لوبنان کرایەوە.

 

ئەمەش بزانە: لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەوەی دەبێت ڕێوشوێنی پێویست بۆ دوورکەوتنەوە لە هاککردن و هێرشی ئەلیکترۆنی لە عێراق بگرنەبەر، هاوکات پێش گرێبەستکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان، پشکنینی تایبەت و ئەمنی بۆ کاڵاکان بکرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: هەفتەی ڕابردوو کۆمپانیای "چێک پۆینت" بۆ ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئیسرائیل شیکارییەکی لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە کە گرووپێکی ئێرانی ناسراو بە APT34 ، هێرشی ئەلیکترۆنی کردووەتە سەر دامودەزگاکانی عێراق و توانیویەتی دەستبەسەر چەندین داتا و زانیاریدا بگرێت.

باکگراوند: ڕۆژی سێشەممە 17-9-2024 ئیسرائیل هێرشێکی ئەلیکترۆنی کردە سەر بێتەلەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵای لوبنان لە جۆری پەیجەر و بەهۆیەوە 12 کەس کوژران و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون، ئەمڕۆ چوارشەممەش جارێکی دیکە هێرشی ئەلیکترۆنی کردە سەر بێتەلەکانی ئەندامانی حیزبوڵڵا لە جۆری ئایکۆم 82، بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و زیاتر لە 450 کەسیش بریندار بوون.

شەیری بکە لە: