ئاڤا نیوز وردەکاریی لیستی نوێی مووچە و ژمارەی مووچەخۆران ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


لیستی مووچەی مانگی هەشت بەوردی ئامادەکراوە، هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراقی دەکەن.

وێنە گەورەکە: هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسەکانی مووچە و دامەزراندن سەردانی بەغدا دەکەن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ شاندی عێراق مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆ، چارەسەرکردنی گرفتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی، دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست تاوتوێ دەکەن.
 

زانیاریی تایبەت:  لەم مانگەوە سیستمی دارایی و ژمێریاریی نێوان هەردوو حکومەت یەکدەخرێت، لیستی مووچەی مانگی هەشت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری کارپێکراوی حکومەتی فیدراڵی ئامادەکراوە، لیستەکە پێچەوانەی دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان نییە.

خاڵی ئەرێنی: بڕیارە دوو ڕۆژ دوای گەیشتنی شاندی هەرێمی کوردستان، واتە کۆتایی هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت لەلایەن بەغدا خەرج بکرێت، دوو هەفتە دواتریش مووچەی مانگی نۆ بنێردرێت.

 

خاڵی نەرێنی: هەولێر و بەغدا تاوەکو ئێستا لەبارەی جیاوازی مووچەی خانەنشینانی سەربازی ڕێکنەکەوتوون، حکومەتی عێراق کۆمەڵێک پرسیار و تێبینی هەیە و هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر دەکەن.

 

ژمارەکان وادەڵێن: ئاڤا نیوز لیستی نوێی مووچەی دەستکەوتووە و دوێنێ واژۆکراوە، بەسەر چوار بەش دابەشکراوە و کۆی ژمارەی مووچەخۆران و پارەی مووچەیان خراوەتەڕوو؛ بەگشتی ژمارەی مووچەخۆران یەک ملیۆن و 114 هەزار و 63 کەسە. کۆی گشتی مووچەیان یەک تریلیۆن و 59 ملیار و 83 ملیۆن و 453 هەزار و 818 دینارە.

یەکەم: فەرمانبەرانی مەدەنی ژمارەیان 552 هەزار و 101 کەسە. مووچەیان 507 ملیار و 495 ملیۆن و 621 هەزار و 244 دینارە.

دووەم: وەزارەتی پێشمەرگە،  پێکهاتەی وەزارەتی ناوخۆ و یەکەکانی 70 و 80 ژمارەیان 280 هەزار و 327 کەسە، مووچەیان 300 ملیار و 638 ملیۆن و 359 هەزار و 898 دینارە.

سێیەم: دەزگا ئەمنییەکان کە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستەی ئەمنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی لەخۆدەگرێت، ژمارەیان 43 هەزار و 458 کەسە، مووچەیان  74 ملیار و 71 ملیۆن و 374 هەزار و 175 دینارە.

چوارەم: خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی: ژمارەیان 238 هەزار و 177 کەسە، مووچەیان 176 ملیار و 878 ملیۆن و 98 هەزار و 501 دینارە.

خانەنشینانی مەدەنی: ژمارەیان 149 هەزار و 687 کەسە، مووچەیان 112 ملیار و 465 ملیۆن و 754 هەزار و 388 دینارە.

خانەنشینانی سەربازی:  ژمارەیان 88 هەزار و 490 خانەنشینی سەربازی. مووچەیان 64 ملیار و 412 ملیۆن و 344 هەزار و 113 دینارە.

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ