دیمەنی چاوپێکەوتنی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ هەوراز گوڵپی، وێنە: محەممەد شوانی - ئاڤا
ئاڤا نیوز
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایدەگەیێنێ، هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی هەشت ڕادەستی بەغدا دەکەن و لە ماوەی 14 ڕۆژدا دوو مووچە لەلایەن بەغدا خەرج دەکرێن. مووچەخۆرانیش دڵخۆش دەکات بەوەی نەوەک تەنیا ئەمساڵ، بەڵکو لە ساڵی داهاتووش ناردنی مووچە لەلایەن بەغدا بەردەوام دەبێت.
وێنە گەورەکە: د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە یەکەم گەشتی هەواڵەکانی ئاڤا میدیا، وەڵامی 10 پرسی گرنگی لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، مووچە، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، دامەزراندن، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران، دابەشکردنی زەوی و دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دایەوە.
ئاڤا نیوز: لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووری لەنێوان هەولێر و بەغدا چی ڕوویدا و لەسەر چ ڕێککەوتن؟
د.ئومێد سەباح: سەرەتا بیرۆکەی ئەو کۆبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەو پێی باش بوو بتوانین کۆمەڵێک لە بڕیاربەدەستانی عێراق کۆببینەوە، هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک شوێن و خۆشی ئامادەی ئەو کۆبوونەوەیە بێت.
ئەوەبوو دوای ڕێکارسازییەکان تەواوبوون لەگەڵ بەڕێز د.فوئاد حوسێن، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق گفتوگۆ کرا و بەرنامەش بۆ ئەو بابەتە دانرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار و دەرئەنجامی زۆرباشی لێکەوتەوە، یەکەمیان لەسەر بابەتی دارایی بەتایبەتی مووچە، دەروازە سنوورییەکان، بابەتی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ، کاروباری کۆمەڵایەتی و بانکەکان قسەمان کردووە، لە هەر سێکتەرێکیشدا کۆمەڵێک بریاری باش دراون. بەشێکیان بڕیاری کۆتایین و دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بەشێکیان بوونەتە ڕاسپاردە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەوێ پەسند دەکرێن و دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە کۆتاییشدا ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیان داوەت کردووە بۆ ئەوەی گەڕێکی دیکە کۆبوونەوەکان لە بەغدا دەستپێکەین.
دەستپێکێکی باش بوو دەتوانم بڵێم پووختەیەک بوو لە کاری دانوستاندنی 5 ساڵی ڕابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واتە 5 ساڵە لە دانوستانداین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئەم حکومەتە لەگەڵ 3 حکومەتدا دانوستاندانمان کردووە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، مستەفا کازمی و دواتریش سوودانی، لەگەڵ هەرسێ سەرۆکوەزیراندا لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووریی پوختەی کارەکانی ئەو 5 ساڵەی ڕابردوو بوو، دەرئەنجامی باشی هەبوو، ئێمە ڕازین لە دەرئەنجامەکانی گرنگیش جێبەجێکردنیەتی حەفتەی داهاتووش دەچینەوە بەغدا بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنەکانیان. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە شاندەکەی بەغدای گوت سازش لە مافەکانمان ناکەین
ئاڤا نیوز: ئەو قسەیەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە شاندەکەی گوتبوو کە ئێستا ساڵی 2024 و خەڵک وا دەچێتە سەر مەریخ، کەچی ئێمە تازە باسی کێشەی مووچە دەکەین، جەنابیان چی بە شاندەکە گوت و هەڵوێستی ئەوان چی بوو؟
د.ئومێد سەباح: پێمخۆشە بەشێوەکی گشتگیرتر وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بابەتەکە هەر ئەو کۆبوونەوەیە نییە، ئەگەر تەنیا باسی ئەو کۆبوونەوەیە بکەم ڕەنگە کەمتەرخەمیی بکەم لە ئاستی هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی.
سەرۆکوەزیران مەسرور لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا زۆر بە ئەمینانە و حەکیمانە و دانایی خۆی سەرپەرشتی دۆسیەی دانوستاندنەکانی کردووە، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمان بووە. دەتوانم بڵێم ئەندازیاری هەموو ئەو سەرکەوتنانەی کە هەبوو هەمووی خۆی بووە، ئێمەش لە خزمەتی بووینە، دواتریش تیمەکان بەدوای دەرئەنجامەکان ڕۆیشتوون.
لە کۆی گشتی قسەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوو شتی زۆر سەرەکی لا مەبەست بوو، یەکەم: مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک قابیلی سازشکردن نییە، من خۆم شایەدی ئەوەم زۆرجار سانسۆر و گوشارێکی یەکجار زۆریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام خۆڕاگربووە، بەڕاستی ئەو وشەیەی لەسەر سەرۆکوەزیران باسی دەکەن پڕ بە پێستیەتی "سەرۆکوەزیرانێکی خۆڕاگر" بێگومان خۆم شایەتم لەو 5 ساڵەدا خۆڕاگربووە و بە هیچ شێوەیەک سازشی لەسەر مافە دەستوورییەکان نەکردووە، هەندێکجار خۆم سەرسام دەبووم بەو خۆڕاگرییە و ئەو توانایە هەیەتی لە ئیدارەدانی ئەو دۆسیانە.
سوپاس بۆ خوا توانیمان حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پێی خۆی بمێنێت، سەرەڕای هەموو ئەو کێشەو گرفت و پیلانگێڕیانەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.
لەوێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر بە ڕاشکاوانە باسی ئەوەی کردووە و گوتی ئێستا کاتی ئەوە نییە هاتوون باسی قووتی خەڵکمان لەگەڵ دەکەن، ئێمە بەشێکین لەو وڵاتە و دواتر ئێمە مافی خۆمان هەیە و واز لە مافی خۆمان ناهێنین و سازشیش ناکەین لەسەر مافەکانی خۆمان، لە دەرئەنجامدا قسە زۆر کرا، بەڵام ئەنجامەکە گرنگە، سوپاس بۆ خودا ئەنجامەکەی باش بوو، بە قازانجی خەڵکی هەرێمی کوردستان شکایەوە و بڕیاری باشیشی لێکەوتەوە، هەروەها لەسەر کێشەکانی پەیوەست بە مووچە لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتووین تا سەری ساڵ چارەسەری بکەین.
ئاڤا: ئایا مووچەی هەردوو مانگی هەشت و نۆ کەی دێت و چۆن ڕێککەوتوون؟
د.ئومێد سەباح: پەیوەندی دارایی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە مانگی 2ی 2024 گۆڕانکاری بەسەردا هات، پێشتر دەیانگوت ئێمە پەیوەندیمان بە مووچەی هەرێمی کوردستانەوە نییە، بڕە پارەیەکتان بۆ دەنێرین و ئێوە دەبێت خۆتان لەگەڵ داهاتەکانی دیکە تێکەڵی بکەن و مووچە دابەش بکەن.
لە مانگی 2ی 2024وە پەیوەندییەکی تازە لەنێوان بەغدا هەرێمی کوردستان دروستبووە سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران، لەوکاتەوە پابەندیی تەواو کەوتە سەر حکومەتی فیدراڵیی بۆ ئەوەی بە تەواوەتی هەموو مووچەی مووچەخۆران دەرخات لە هەموو کێشەو گرفتە تەکنیکییەکان و دواتریش سیاسییەکانیش، دەبێت ئەو مووچەیە گەرەنتیش بکرێت.
لە مانگی 2ی 2024وە تاوەکو مانگی 6 گرفت نەبوو لە ناردنی مووچە، لە مانگی حەوت کێشەو گرفتێک دروستبوو، حەز دەکەم لێرە باشی ئەو کێشە و گرفتە بکەم بۆ بەرچاوی بینەران.
لە مانگی حەوت زانیمان برادەرانی بەغدا هەندێک ناڕەزایەتیان هەیە لەسەر مەسەلەی مووچە، دوای بەدواداچوون و لە کۆبوونەوەیەش بڕیاری لەسەر درا، بۆمان دەرکەوت ئەو ناڕەزایەتیانەی کە بەغدا هەیەتی سێ خاڵە، خاڵی یەکەمیان ئەوەیە دەڵێن، بەشێک لە فەرمانبەران یان مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بایۆمەتریان نەکردووە، بۆیە بڕیاریاندابوو مووچەکانیان ببڕن، ئێمە کە بە لۆژیکەوە قسەمان لەگەڵیان کرد نەیانتوانی وەڵام بدەنەوە، نەبوونی ژمارەی بایۆمەتری مانای نەبوونی فەرمانبەرەکە نییە، بەڵکو ئەو فەرمانبەرە فەرمانی وەزاری هەیە، دۆسیەی هەیە، چاودێری دارایی هەردوولا چەندین جار هاتووین لێکۆڵینەوەیان لە هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
یەکێک لە گلەییەکانیان نەبوونی بایۆمەتری بوو، هەر بۆ زانیاریتان لەو ملیۆن و 114 هەزار مووچە خۆرەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، تاوەکو ئێستا 84 هەزار کەس ماوە بایۆمەتری بکەن، پرۆسەکەش بەردەوامە.
بەشێکی دیکە لە گلەییەکانی دیکەی بەغدا ئەوەبوو، دەیانگوت کۆمەڵێک فەرمانبەر هەیە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن، بەڵام خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن، من خۆم خەڵکی کەرکووکم ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە بە هیچ شێوەیەک پرۆسەی خوێندنی کوردی نەدەچووە پێشەوە، خزمەتگوزرایی سەرەتاییش لەو ناوچانە جێبەجێ نەدەکرا.
بۆیە کۆمەڵێک خەڵکی ئەو ناوچانە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، بەڵام لە دامودەزگاکانی ئەو ناوچانە دەوام دەکەن، بیانووەکەیان ئەوەبوو مادام لەوێ دەوام دەکەن ئێمە نابێت پارەیان پێ بدەین.
یەکێکی دیکە لە بیانووەکانیان ئەوەبوو دەڵێن هەندێک لە ناوەکان لێکچوون هەیە لە نێوانیان، ئێمە زۆر قسەمان لەگەڵیان کرد، لە دەرئەنجامدا گەیشتینە ئەو ڕێککەوتنە: ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردووە هەموو ئەو مووچانەی بڕیان لە مانگی حەوت لەدوای ئەوەی هەفتەی داهاتوو لیستەکان گشتیان دەبەین، من خۆم دەچم لەگەڵ هەندێک لە برادەران، لیستەکان بە تەواوەتی دەبەین، ئەوانەی ئەو مووچانەیان بڕیووە، هەمووی دەگەڕێننەوە، واتە مووچەی مانگی 8 گەرەنتی دەبێت.
بۆ مووچەی فەرمانبەرانی کەرکووکیش ڕێککەوتووین لەسەر ئەوەی لیستەکانیان پێ دەدەین، ئەوان پرسیار دەکەن لە وەزارەتەکانی دیکە بۆ ئەوەی بزانن دوو مووچە وەردەگرن یان نا، ئێمە دڵنیاین کە هەموویان یەک مووچە وەردەگرن.
بۆ ئەوانەشی کە لێکچوون هەیە لە ناوەکانیان، لە ڕێگەی ناوی چواری و ناوی دایکەوە لەسەر ئەو وردەکاریانە گەیشتووینەتە ڕێککەوتن، هەفتەی داهاتوو گشت ئەو بابەتانە لەگەڵ خۆمان دەبەین و ڕێککەوتنیشمان لەسەر ئەوە کردووە تاوەکو کۆتایی ساڵ پرۆسەی بایۆمەتری تەواو ببێت، تا ئەو کاتەش هیچ کێشەیەک نامێنێت. هەفتەی داهاتوو شاندێک دەچینە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیش لەگەڵ خۆمان دەبەن.
ئاڤا نیوز: کەی دەچنە بەغدا؟
د.ئومێد سەباح: هەفتەی داهاتوو دەچین، لیستەکان دەبەین و لەگەڵ بەغدا ڕێکدەکەوین، هەموو ئەو پارانە دەگەڕێنینەوە کە لە مانگەکانی ڕابردوو بڕیویانە و لەگەل مووچەی مانگی هەشت دابەش دەکرێت، هەروەها لیستی مووچەی مانگی نۆ لەگەڵ خۆمان دەبەین، بێگومان داوای مانگی 9ش دەکەین، ئەویش دوای ئەو دەنێردرێت.
"دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت"
ئاڤا نیوز: ئەو هەفتەیە مووچە دێت؟
د.ئومێد سەباح: ئەو هەفتەیە دەچین لیستەکان دەبەین، دوای لیستەکان ڕەنگە دوو ڕۆژمان پێ بچێت، دوای ئەوە دەبێت مووچەی مانگی هەشت بنێردرێت، دوای دوو هەفتەی دیکە دەبێت مووچەی مانگی 9 بنێرن.
ئاڤا نیوز: واتا ڕێککەوتن کراوە دەبێت بنێردرێت؟
د.ئومێد سەباح: بەڵێ بێگومان، بەشی زۆری کۆبوونەوەکە لەسەر ئەوە بووە و ڕێککەوتنمان لەسەر ئەو بابەتە کردووە.
ئاڤا نیوز: بەڵام چەند جارێکی دیکەش گوتوویانە ڕێککەوتن کراوە و ئەم مانگە کێشەی مووچە نەما، بەڵام دوای ئەوە ناینێرێتەوە.. گەرەنتییەک هەیە هیچ کێشە دروست نەبێتەوە لەلایەن بەغداوە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟
د.ئومێد سەباح: گەرەنتییەکەی ئەمجارە ئەوەیە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەنگی لەسەر درا، ئەو ڕێککەوتنەی من باسی لێوە دەکەن، بایۆمەتری، فەرمانبەرانی ناوچە کوردستانییەکان، ناوی لێکچوو و هەموو کێشە تەکنیکییەکان، لێرەوە تاوەکو سەری ساڵ مووچە بەردەوام دەبێت، بەڵام لە هەمام کاتیشدا کۆتایی بە کێشە تەکنییەکان بهێنین، دڵنیاییمان وەرگرتووە کە مووچەکان بەردەوام دەبن.
بۆ زانیاریشتان ئەو بڕیارەی هەردوو ئەنجوومەن دەنگمان لەسەری دا، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش دەنگی لەسەر دراوە، کەواتە ئێستا بڕیارێکمان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیشەوە، وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کردووە دەبێت مووچەکان بنێرێت.
ئاڤا نیوز: واتا تا سەری ساڵ هیچ کێشەیەک نامێنێت مووچەکان دەنێرن، ئەی دوای سەری ساڵ؟
د.ئومێد سەباح: لە دوای سەری ساڵیشەوە مووچە بەردەوام دەبێت. بابەتەکە ئەوەیە لێرەوە تاوەکو سەری ساڵ دەرفەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەدرێت بۆ ئەوەی کێشەو گرفتەکان چارەسەر بکەن، کێشەو گرفتەکان نابنە هۆکاری ڕاگرتنی مووچە تاوەکو سەری ساڵ.
ئاڤا نیوز: پەیوەست بە پرسی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان، لە کۆبوونەوەکان لەسەر چی ڕێککەوتن کرا؟
د.ئومێد سەباح: لە کۆبوونەوەکە باسی ئەو بابەتەش کرا، بەڵام مەسەلەی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان پێش ئەوەی ببێتە بڕیارێکی عێراقی، بریارێکی کوردستانی بووە، ئێمە چوار هەفتە پێش ئێستا لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بووە ئەمەش، لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران باسی لەوەکرد کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دەبێت هاوتای مووچەی خانەنشینانی بەغدا بێت.
لە 2015وە یاسای خانەنشینی گشتی لە عێراق دەرچووە، عێراق هۆکاری جێبەجێ نەکردنی لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە، چونکە هیچ بودجەیەکی بۆ خانەنشینان نەدەنارد بەپێی یاسا تازەکە، ئێمە بڕیارماندا لای خۆمانەوە یاسای خانەنشینی جێبەجێ بکەین و دەستمان بە جێبەجێکردنی کرد، بۆ یەکەم مانگ، مانگی 7 ئێمە مووچەکانمان دابەشکردن بەپێی یاسای نوێ، جێبەجێکردنی ئەو یاسایەش کۆمەڵێک پرسیار دەهێنێتە پێشەوە، بۆ نموونە تەمەنی خانەنشینییە و مەسەلەی لێبڕینەکانە.
پەیوەست بە پرسی خانەنشینی شاندێک دەچێتە بەغدا
ئاڤا نیوز: لێبڕینەکە چۆنە؟
د.ئومێد سەباح: لە مانگی 7وە، یاسای خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لێ بڕینەکە وەکو بەغدا 10٪ـە، مووچەکانیشیان خانەنشینی بەغدایە، تەمەنەکە و یەک دوو شتی دیکە ماوە، سبەی شاندێک دەچێتە بەغدا پەیوەست بە پرسی خانەنشینی، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا.
لەسەر پرسی تەمەن، خۆم بۆچوونێکم هەیە، ماوەی 5 ساڵە لەنێو کایەی ئیدارین و هەموو شتەکان دەبینم، بەڕاستی ئەو فەرمانبەرانەی تەمەنیان لەنێوان 60 بۆ 63 ساڵە، دەرفەتی ئەوەیان ماوە خزمەتی زیاتر بکەن. ئێستا حکومەتی عێراقی خۆشی خەریکە پەشیمان ببێتەوە لەوەی بڕیاریاندا چی ئەوانەی لێهاتوویی و ئەزموونیان هەیە ئەوانەی کۆنن لەناو وەزیفەی گشتی هەڵیانتەکاندن و خانەنشینیان کردن.
ئێمە بەڕاستی بۆچوونێکان هەبوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش باسی ئەوەمان کرد ئەو کەسانەی کە بە ئەزموونن لەناو وەزیفەی گشتی بمێننەوە بۆ ئەوەی بتوانن شارەزاییەکانیان دەستی خەڵکی دیکە بگرن و وەزیفەی گشتیش خاڵی نەبێت لە لێهاتوویی و ئەزموونیان.
لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ دانانی بودجەی 2025 دەکەین
ئاڤا نیوز: ئەگەر بە یاسای عێراق خانەشین بکرێن، نزیکەی 25 هەزار فەرمانبەر خانەشین دەبن، ئایا دەرفەت دەکرێتەوە بۆ دامەزراندنی نوێ؟
د.ئومێد سەباح: خۆی دەرفەتی دامەزراندنی نوێ لە کۆتایی ساڵ لەگەڵ گفتوگۆکردنی بودجەی 2025 ئەو بابەتە دێتە بەرباس، ئێمە لە ئێستاوە بڕیارمانداوە بودجەیەک ئامادە بکەین بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەش دوای هەڵبژاردنەکان و کەوتنەوە کاری پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی کابینەی نوێ.
ئەمەش هەواڵێکی نوێیە و لە کۆتایی بابەتەکەین، خەریکی ئەوەین پرۆژەی بودجەیەک ئامادە بکەین، هەم بۆ گفتوگۆمان لەگەڵ عێراق بۆ بودجەی 2025، هەمیش بۆ کابینەی داهاتوو، هاوکات بۆ پەرلەمانی داهاتوو، بۆ ئەوەی هەموو شتەکان بەردەست بن ئەگەر لەسەر خێر پشتیوان بە خودا پەرلەمان کەوتەوە کارکردنی خۆی، بتوانین ببینە خاوەنی بودجەیەکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان.
بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی شاندێک دەچێتە بەغدا
ئاڤا نیوز: 90 هەزار خانەنشینی سەربازی مووچەکانیان هاوتا نەکراوە، کەی هاوتا دەکرێت و کێشەیان چی بوو؟
د.ئومێد سەباح: یەکێک لەو شتانەی کە ئەو شاندەی ئێمە دەچن، سێشەم کۆبوونەوەکە دەکرێت، یەکێک لەو شتانە بابەتی خانەنشینی سەربازییە چۆن هاوتا دەکرێت، لە عێراق یاسایەکی گشتگیر هەیە بۆ مەدەنی و سەربازی، ئەم یاسایە ماوەی 9 ساڵە لای ئەوان چووەتە بواری جێبەجێکردن، لای ئێمە تازە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێویستمان بە هەماهەنگی و ئەزموونێک هەیە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو یاسایە لەسەر ڕێچکەی خۆی بێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێک لەو بابەتانە لەگەڵ عێراق قسەی لەسەر دەکەن، بابەتی خانەنشینی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان دەبێت.
دامەزراندن کاری لە پێشینەی حکومەتە
ئاڤا نیوز: دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان، کەی دادەمەزرێن؟
د.ئومێد سەباح: چەند جارێک لە خزمەتی ئەواندا بووینە، یەکێکن لە ئەولەویەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوانن، گرێبەستەکانن، خۆبەخشەکانن و هەموو ئەو چین و توێژە ئەزیزانەن کە بەڕاستی ئێمە لە خەمیانین.
لەگەڵ شاندی عێراق باسی ئەوەمان کردققو کە ئێمە لە ساڵی 2013وە میلاکی هەرێمی کوردستان 682 هەزار کەسە، ئەمانە جێگیر کراون، ستەمێکی یەکجار زۆر لە هەرێمی کوردستان کراوە، تەنیا ساڵی ڕابردوو ملیۆنێک کەس لە حکومەتی عێراق دامەزرێنراون، بۆیە ئێمە باسی ئەوەمان کرد دەبێت مەسەلەی میلاکات لەگەڵ عێراقدا یەکلایی بکەینەوە، هەر بۆیە بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش دروست بکرێت، ئەو لیژنە هاوبەشە دیراسەی داواکاری هەرێمی کوردستان دەکات بۆ زیادکردنی پلەی وەزیفی و پێدانی ڕێژەی دادپەروەرانەی لە وەزیفەی گشتی و لە کەرتی وەزیفەی گشتی بە هەرێمی کوردستان، بێگومان ئەگەر پلەکانمان وەرگرت گرفت هەموو ئەمانە چارەسەر دەکرێت.
فەرمانی بە گرێبەستبوونیان دەچێتە وەزارەتی دارایی
ئاڤا نیوز: پرۆسەی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ بەکوێ گەیشت، کەی یەکەم مووچەی گرێبەستی وەردەگرن؟
د.ئومێد سەباح: کاک مەسرور لەگەڵ وانەبێژەکان و وەزیری پەروەردە دانیشت منیش لەوێ بووم، هەردووکمانی پابەند کرد کە دەبێت بە یەک مانگ تەواو بێت، سبەی لەگەڵ وەزیری پەروەردە دادەنیشین و فەرمانەکانیان واژۆ دەکرێت و مووچەکانیان بۆ دەبەسترێت.
وەزیری دارایی و پێشمەرگە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی مووچەی یەکەی حەفتا
ئاڤا نیوز: کێشەی لیستی مووچەی یەکەی حەفتا چییە؟
د.ئومێد سەباح: کۆمەڵەیەک لە یەکەی 70 هەیە، ئەو کۆمەڵەیە لە مانگی دوو لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان کە ڕەوانەی بەغدا کرا، ئێمە لیستەکانمان لە وەزارەت وەرگرت، بەشێک لەو کەسانەی کە بەناو خانەنشینن لەسەر یەکەی 70 تاوەکو ئێستا مووچەکانیان لەناو یەکەی 70 نەبووە، بەڵکو لەناو گەنجینەکان بوو لە وەزارەتی دارایی، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری دارایی ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی بابەتەکانیان چارەسەر بکرێت.
پێنەدانی پلەی وەزیفی و نەناردنی بودجە لەلایەن عێراقەوە وایکردووە دامەزراندن نەبێت
ئاڤا نیوز: ئایا بڕیارە خۆبەخشانی کەرتی تەندروستی بکرێنە گرێبەست؟
د.ئومێد سەباح: کێشەی میلاکات، لەبەر ئەوەی لە 2012وە هیچ پلەیەکی وەزیفی نەدراوەتە هەرێمی کوردستان، عێراق پلەی وەزیفی نەداوە و بودجەشی نەناردووە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان یاسای بودجە نەبووە. بڕیارمانداوە هەمووی لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی لەسەر میلاکات هەیە لەگەڵ عێراقدا یەکلایی بکەینەوە و پلەی وەزیفیان بۆ وەربگرین، چونکە هەمووی مافی خۆیانە و بەدوایاندا دەڕۆین و ناهێڵین مافی کەسیان بفەوتێت.
ئاڤا نیوز: زیندانیانی سیاسی کەی مووچەکانیان هاوتای عێراق دەکرێت؟
د.ئومێد سەباح: ئێمە داوامان لە عێراق کردووە ئەوانیش لەگەڵ کاروباری ئەوانەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن هاوتا بکرێن. هەردوو وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری شەهیدان ڕاسپێردراون لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق کار لەسەر ئەم بابەتە بکەن.
خۆڕاگریی و دانایی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نهێنی سەرکەوتنەکانی ئەو کابینەیە بوو
ئاڤا نیوز: کابینەی نۆیەم هەر لەسەرەتای پێکهێنانییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قەیرانی ئەمنی و سیاسی و سروشتی بووەوە، چۆن ئەو قەیرانانەتان تێپەڕاند؟
د.ئومێد سەباح: گرنگە هەندێک شت بۆ مێژوو باس بکەین، وەکو باسم کرد خۆڕاگریی و دانایی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وایکرد کە بەڕاستی ئەو کابینەیە مکووڕی لەسەر مافە دەستوورییەکان بکات، ڕاستییەکەش کاریزمایی خۆی و بەدواداچوونی وردی ڕۆژانەی خۆی دەتوانم بڵێم نهێنی سەرکەوتنەکانی ئەو کابینەیە بوو، کە لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوەو زاڵ بێت بەسەر هەموو پیلانگێڕییەکانیش، هەندێک جار قەیران نەبوو، پیلانگێڕیش هەبوو لەو کابینەیە کراوە.
یەکگرتوویی کابینەکە یەکێک بوو لە خواستەکانی سەرۆکوەزیران، زۆرجار هەوڵی دەدا دەیویست حکومەتێکی سەرتاسەریمان هەبێت، لێرەدا کێشەو گرفتمان هەبوو لەو بابەتەدا، زۆرجار هەماهەنگی نەبوو لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا، هاودەستی و هاوسۆزی و هاوڕەنگی و هاوبڕیاری نەبوو لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا.
سەرۆک بارزانی فریادڕەسی هەرێمی کوردستان بووە لە کاتە سەختەکاندا
ئاڤا نیوز: ئەوانەی کە هاودەست و هەماهەنگ نەبوون ئەوانەی لە ناو حکومەت بوون یان دەرەوەی حکومەت؟
د.ئومێد سەباح: لە هەردوولاوە هەبوو، بە داخەوە لە کۆمەڵێک هەڵوێست هەبوون، ئەگەر هاودەنگی و هاودەستی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووایە دەمانتوانی زۆر شتی دیکەش بکەین، جگە لە مانەوە و ئەو پێشکەوتنانەی کە ئێستا دەیبینین، دەمانتوانی حکومەتێکی سەرتاسەریمان هەبووایە.
هەندێک هەموو دەرگاکان بەسەرماندا دادەخران لە 5 ساڵی ڕابردوو، جەنابی سەرۆک بارزانی فریادڕەسی ئێمەبوو لە کابینەدا، چەند جارێک هەموو دەرگاکانمان بەسەردا دادەخرا، بە هەموو هێزو توانای خۆی دەهات و پەیوەندییەکان و کاریزمایی و بڕیار و پێگەی خۆی بەکار دەهێنا بۆ ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە پێشمانە پووچەڵی بکاتەوە و هاوکاریمانی دەکرد، ئەویش یەکێکە لە نهێنییەکانی سەرکەوتنی ئەو کابینەیە.
ئاڤا نیوز: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا کاریگەریی هەبوو؟
د.ئومێد سەباح: تەنیا ئەو سەردانە نا، من لە یادەوەرییەکانی خۆم نووسیومەتەوە جەنابی سەرۆک بارزانی لە چ وێستگەیەک توانیویەتی نەک تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو هەرێمی کوردستان ببپارێزێت و ببێتە فریادڕەسێک بۆ گەلی کوردستان و چەترێک بۆیان.
ئاڤا نیوز: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا ئەو پێشوازییەی لەو کرا لە هیچ سەرۆکێک نەکرا.. ئەمە بووە کردنەوەی دەرگاکان بۆ چارەسەری کێشەکان؟
د.ئومێد سەباح: بەڵێ بێگومان، بەڕاستی ئەو سەردانەش هۆکاری ئەوەبوو کە کرانەوەیەی دوایی ئەو سەردانەی کرا، ئەمە بەشێک بوو لەو چارەسەرانەی جەنابی سەرۆک بارزانی کردی.
پرۆژەکان بەردەوامبوون بەڵام حکومەتەکە سەرتاسەریی نەبوو
لە ماوەی 5 ساڵ 3662 پرۆژە بە گوژمەی 13 تریلیۆن و 671 ملیار دینار لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام ڕێژەی جێبەجێکردنەکانی جیاوازی هەبووە، جیاوازیشی هەبووە لەبەر ئەوەی مەسەلەی دارایی لا مەرکەزی بووە بۆ تەمویلکردنی پرۆژەکان، بە داخەوە حکومەتێکی سەرتاسەریمان نەبووە و نەیانهێشت ئەو حکومەتە بە تایبەتی لە پرسی داراییدا یەک بگرێتەوە، ئەوە هۆکار بوو کە هەندێک پرۆژە لە هەندێک ناوچە بە هەمان ئاست و ئەندازە نەڕواتە پێشەوە.
لەو 3662 پرۆژەیە، 1104 پرۆژەیان 100٪ تەواو بووە، ئەمە چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو کابینەیەیە. 879 پرۆژە ڕێژەی تەواوبوونیان لەنێوان 50 بۆ 100٪ـە، واتە ئەمانیش نزیکن لە تەواوبوون. 1679 پرۆژەی دیکەش لە خوار 50٪ـن ئەویش هەندێکی لەو ناوچانە بووە کە نەمانتوانیوە مەرکەزیەتێکی بەهێزی دارایی هەبێت بۆ تەمویلەکانیان، هەندێک لەو پرۆژانەش تازەن، لەگەڵ ئەوەشدا جەنابی سەرۆکی حکومەت هەوڵیداوە بە یەک چاو سەریری هەموو ناوچەکان بکات. خۆم دوو مانگ پێش ئێستا لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت لە سلێمانی بووم، بەدواداچوونمان بۆ شەقامی 100 مەتریی کرد، زۆر باش چووەتە پێشەوە، نزیکەی 70٪ی تەواو بووە، هەوڵ دەدەین لە تەمەنی ئەو کابینەیە ئەو پرۆژەیەو پرۆژەکانی دیکەش تەواو ببن. ئەو بڕیارە بوێرانە بدات،
هۆکاری هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵییە
ئاڤا نیوز: پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بەکوێ گەیشت؟
د.ئومێد سەباح: پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت هیچ شتێک نەماوە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە داخەوە هەموو بابەتەکان پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە.
چەند هۆکارێک وایکردووە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە نەکرێتەوە. یەکێکیان ئەوەیە حکومەتی عێراق لە 2023 لە یاسای بودجە بڕیاردرا کە نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشرێت، ئێمە ڕازی بووین لەسەر ئەمە، هۆکاری دووەم گرێبەستەکان بوو، داوایان دەکرێت گرێبەستەکان هەمووار بکرێتەوە.
نزیکەی 3 مانگ پێش ئێستا لەگەڵ هەموو کۆمپانیاکان خۆم چووم بۆ بەغدا لەگەڵیاندا دانیشتین، لەوێش نەیانتوانی پرۆپۆزەلێکی باش پێشکەش بە کۆمپانیاکان بکەن بۆ هەموارکردنەوەی گرێبەستەکان.
بەگشتی دەتوانم بڵێم هۆکاری هەناردە نەکردنەوەی نەوت حکومەتی فیدراڵییە، هیوادارم بتوانن پرۆپۆزەلێکی باش و دەستووری بخەنە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتیش دەستپێبکاتەوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کولتوور
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
هونەرمەندان بە چاوی پڕ فرمێسکەوە ماڵاوایی لە 'زاهیر عەبدوڵڵا' دەکەن
- کولتوور
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرهەمەکانی زاھیر عەبدوڵڵا بەرز دەنرخێنێت
- تەندروستی
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
پەڵەی ڕەشی پێست؛ هۆکار و چارەسەرەکانی
- ژینگە
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دانانی چەند زەنگێکی مۆبایل لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی فشاری دەروونی
6 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی دانانی سمێڵ لە مانگی نۆڤەمبەردا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
شارۆچکەیەک لە ئالاسکا دوو مانگ خۆر نابینێت
7 کاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە بۆ ئاڤا: کێشەکان بەدروستی چارەسەرنەکراون
9 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕێبەر ئەحمەد: داعش ئێستا زۆر لە ساڵی 2014 بەهێزترە
10 کاتژمێر لەمەوپێش
- بزنس
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی لەبارەی پرسی مووچە بۆ ئاڤا: کێشەکان بەدروستی چارەسەرنەکراون
- بزنس
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
تێچووی سەرژمێر لە تریلیۆنێک دینار نزیک دەبێتەوە
- بزنس
- 16 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بەدڵنیاییەوە ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی 10 دەنێردرێت
- بزنس
- 21 تشرینی دووەم
ئەمریکا سزا بەسەر گەورەترین بانکی گازپرۆمی ڕووسیا دەسەپێنێت
- بزنس
- 21 تشرینی دووەم
لیستی مووچەی مانگی 11 بۆ بەغدا دەنێردرێت
- بزنس
- 21 تشرینی دووەم
ئاڤا وادەی ناردنی مووچەی مانگی 10 ئاشکرا دەکات