ماوەی دوو ڕۆژ 19 گەڕەکی کەلار بێ ئاو دەبن

شەیری بکە لە:
ماوەی دوو ڕۆژ 19 گەڕەکی کەلار بێ ئاو دەبن

دیمەنێکی بازاڕی گشتی کەلار، وێنە: سۆشیاڵ میدیا

ئاڤا نیوز

 

بەهۆی بەستنەوەی وێستگەی 132kv کەلار-2 بە هێڵی نیشتمانییەوە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ کارەبای  پاڵاوگەی ئاوی کەلار دەبڕێت و ژمارەیەک گەڕەک بێ ئاو دەبن.

 

لێدوانی فەرمی: سامان ڕەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "ئەگەرچی پێمان گوتراوە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ پاڵاوگەی ئاوی کەلار بێ کارەبا دەبێت، بەڵام میکانیزمی کارپێکردنی پاڵاوگەکان بەجۆرێکە بەر لە دابەشکردنی ئاو دەبێت پێنج کاتژمێر زووتر کارەبا هەبێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت هەردوو ڕۆژەکە 19 گەڕەکی کەلار بێ ئاو بن".

 

لەلایەکی دیکە: ئالان ئەرکان، گوتەبێژی کارەبای گەرمیان بۆ ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: ئەو وێستگەیەی تەواو بووە زیاتر لە 18 ملیار دیناری لێ خەرج کراوە، بۆ سەلامەتی ئەو 50 کارمەندەی کار لە بەستنەوەی وێستگەکە دەکەن، ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی ئەم هەفتەیە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 4:00ی ئێوارە کارەبا نابێت.

 

هەر بە گوتەی ئالان ئەرکان، کارەبای هاونیشتیمانیان نابڕێت، بەڵکو تەنیا ئەو هێڵەی دەکەوێتە سەر کارەبای پاڵاوگەی ئاوی کەلار و زانکۆی گەرمیان لەگەڵ فیدەری 26 کە کارەبای گوندەکانی باوەنووری لەسەرە لەو کاتەی دیاریکراوە دەکوژێنەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: