بەڵگاندنی بەربژێران، لە دواندنی عەقڵەوە بۆ بزواندنی سۆز

بەڵگاندنی بەربژێران، لە دواندنی عەقڵەوە بۆ بزواندنی سۆز

ژیان بەردەوام پڕە لە کێشمەکێش و پێشبڕکێی لایەن و بەرەی جیاواز. هەمووان لەهەوڵدان براوە و سەرکەوتووبن. بۆ ئەمەش پەنا بۆ هەموو ئەو ئامراز و هۆکارانە دەبەن کە لە سەرکەوتنیان نزیک دەخەنەوە و بە ئامانجەکانیان دەگەیێنن. 

لە بواری سیاسەتدا، بەردەوام ئاراستە و ئامانجی جیاواز دەبینرێن، زۆرجار ئەو ئاراستانە هاوتەریب نین، بەڵکو یەکتربڕن؛ بۆیە لەم بوارەدا بەریەککەوتن و دەمەقاڵێ و تێکگیران کۆتایی نایەت، ئەمەش وادەکات دەنگی گوتاری سیاسی هەر بەرز بێت و کپ نەبێتەوە.

گوتاری سیاسی پانتایەکی فراوان لە ژیانمان داگیر دەکات، ئەویش وەک سەرجەم گوتارەکانی دیکە، گوتارێکی ئاراستەکراو و بارگاویکراوە، مەبەست لێی ڕازیکردن و باوەڕپێکردنی ئەو چینەیە کە ئاراستەی دەکرێت، لەڕێی بەڵگە و پاساوی جیاجیاوە.

بۆ باوەڕپێکردن و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر، کەسی سیاسی ناچار دەبێت پەنا ببات بۆ بەڵگاندن (الحجاج، Argumentation)، جا چ لەڕێی بەڵگەی عەقڵییەوە چینێکی هۆشیار و تێگەیشتوو بدوێنێت، یان لەڕێی بەڵگەی سادەوە هەست و سۆزی جەماوەر ببزوێنێت.

لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا گوتاری سیاسی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت، بەو پێیەی لیست و بەربژێرەکان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆیان لەماوەی دیاریکراوی بانگەشەدا دەخەنەگەڕ، تا بتوانن بە هەر جۆرێک بووە کار لە دەنگدەر بکەن و متمانەی بەدەستبهێنن، بۆیە ئەگەر بە گوتاری عەقڵی و تۆکمە و ورد ئەمەیان پێنەکرێت، ئەوا بێ سڵەمینەوە ڕێی ئاسانی بەڵگەی سادە و گوتاری لاواز دەگرنەبەر، تا بتوانن هەستەکانی دەنگدەر ببزوێنن، وەک: سۆز و بەزەیی و توڕەیی، خۆشەویستی و ڕق و هەر شتێکی دیکە، ئەمەش بەپێی هەلومەرج و بەستێنە جیاوازەکان.

لەڕاستیدا پێویستە گوتاری بەربژێران گوتارێکی باڵای ئاراستەکراو بێت بۆ عەقڵی دەنگدەر، بارە تەندروستەکە ئەوەیە بەربژێر لەڕێی خستنەڕووی بەرنامەی کار و پلان و دنیابینی خۆیەوە سەرنجی دەنگدەر ڕابکێشێت، دەست بخاتە سەر کێشەکان و چارەسەری گونجاویان بۆ پێشنیاز بکات، بەڵام لە واقعدا زۆربەی کات وا نییە، بەڵکو پەنا دەباتە بەر جوڵاندنی سۆزی دەنگدەر، بۆیە دەیانبینین سەردانی نەخۆش دەکەن، یان لەگەڵ گەنجان تاوڵە و دۆمینە دەکەن، یان دەچنە مزگەوت نوێژ دەکەن، یان سەبەتەی خۆراک دەبەخشنە هەژاران.

ئەم ڕاستییانە پێمان دەڵێن بەشێکی بەرچاوی بەربژێران خۆشیان هەژارن، هەژارن لەڕووی فکر و تێگەیشتن و پێگەیشتنەوە، هەر ئەمەیە وادەکات زیاتر بەلای گوتاری سادەی سۆزداریدا بڕۆن، زیاتر کار لەسەر هەستی جەماوەر بکەن، نەک عەقڵی.

ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانییە، هەوڵی بەربژێرانە بۆ بردنەوەی خۆیان و لیستەکانیان بەهەر بەهایەک بووبێت، ئەو ئامانجەیان دەستیان ناگرێت کە گەمە سیاسییەکە نەبەنە ئاستێکی نزم، کە زۆرجار خۆی لە ناوزڕاندن و هەڵدانەوەی پەڕەکانی مێژووی پڕ تەمومژدا دەبینێت، بە زمانێکی زبر و نزم و دوور لە هەموو بەهایەکی کۆمەڵایەتی، زمانێک کە هەرگیز لەگەڵ کەسێکدا ناگونجێت خوازیار بێت ببێتە چاوساغ و فریادڕەسی میللەت. 

زۆرجار ئامانجی بەربژێران بریتییە لە بردنەوە لەپێناو بردنەوە و بەرژەوەندی کەسی و حیزبیدا، نەک لەپێناو خزمەت و بەرژەوەندی گشتیدا، ئەمەش وادەکات جوانترین وێنە بۆ خۆیان بکێشن، وا خۆیان نمایش بکەن کە لەگەڵ هەموو چین و بۆچوون و پێکهاتە و بیرکردنەوەیەکدا دەگونجێن، بەڵام ئامانجی بردنەوە هەر زوو دەمامکیان هەڵدەماڵێت، کاتێک بە هەموو جۆرێک وێنەی بەرامبەرەکانیان بە ڕەنگێکی ڕەش لەسەر پەڕەیەکی چڵکن دەکێشن. 

بەگەڕانەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، بۆمان دەردەکەوێت کەشی هەڵبژاردن کەشێکی تەندروست نییە، بگرە ئاڵوز و ئاڵۆسکاوە، نەک لەبەرئەوەی بەرنامەی زۆر دەبینین و گەنگەشەی زۆر دەبیستین لەسەریان، بگرە بەپێچەوانەوە، ئەو کەلێنەی بێ بەرنامەیی دروستی ئەکات، بە دەنگی نەساز و تانە و یەکترسڕینەوە پڕدەکرێتەوە. هەر هێندەش نا، دەست بۆ مێژووی یەکدی دەبەن و شەن و کەوی دەکەن، لەکاتێکدا هەڵبژاردن خستنەڕووی بەرنامەی کارە بۆ داهاتوویەکی گەشتر، نەک داگاییکردنی ڕابردوویەک کە هەمووان بەشدارن لە تۆمارکردنی ڕووداوەکانیدا، باش بن یان خراپ.

تەنها بەربژێران بەرپرسیار نین لە ئاست و چۆنیەتیی بەڵگاندن، بگرە جەماوەریش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشدارە، چونکە گوتاری بەربژێران ئاڕاستەی جەماوەری دەنگدەر دەکرێت. جا هەرچەندە ڕۆشنبیری دەنگدەر فراوانتر و ئاستی بیرکردنەوەی بەرزتر و ڕوانینی دوورتر بێت، ئەوا بەربژێر ناچارە ژیرانەتر و هەستیارتر بیر لە بەڵگاندن بکاتەوە، نەبادا بکەوێتە بەر توڕەیی جەماوەی دەنگدەر و ڕیسەکەی بکاتەوە بە خوری. پێچەوانەکەش هەر ڕاستە، کاتێک بەڵگاندنێکی لاواز جێی پەسەند و چەپڵەڕێزان دەبێت؛ بزانە جەماوەرێکی سادە و ساویلکە لەئارادایە.

ئەگەر جەماوەر بەئاگا بێت و لە گرنگیی پەیامەکانی هەڵبژاردن تێبگات، بە سانایی چەپڵە لێنادات و سەر نالەقێنێت. ئەگەر جەماوەر بە گرنگییەوە لە داهاتووی وڵات بڕوانێت، بە گرنگیشەوە لە پەیام و بەڵگە و لێداونی بەربژێران دەڕوانێت، ئەوە ئەکات بە چۆڕێک ئاو ناکەوێتە مەلە و بە هەموو دەهۆڵێکیش هەڵناپەڕێت. 

بەربژێران مافی ئەوەیان هەیە پەنا ببەنە بەر جووڵاندنی هەست و سۆزی دەنگدەر، ئەوە دەنگدەرە کە پێویستە وریا بێت، بە قسە و بانگەشەی ڕواڵەتی فریو نەخوات. چونکە هەڵبژاردن مامەڵەیەکی سۆزدارانە نییە، بەڵکو ڕوویەکی گەشی پڕۆسەی دیموکراسی و ڕیگای گەیشتن بە دەسەڵات و نەخشاندنی ئایندەیە.  

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئاستی هۆشیاری جەماوەری دەنگدەر و شێوازی بەڵگاندنی بەربژێراندا هەیە، ئەگەر جەماوەر هۆشیار و پێگەیشتوو بێت، بەربژێر ناچارە عەقڵی بدوێنێت؛ ئەگەر سادە و کاڵ و کرچیش بێت، ئەوا سۆزی دەبزوێنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: