لەژێر فشاردا خێزانەکەی بەهزاد خوسرەوی سلێمانییان بەرەو هەولێر جێهێشت

شەیری بکە لە:
لەژێر فشاردا خێزانەکەی بەهزاد خوسرەوی سلێمانییان بەرەو هەولێر جێهێشت

بەهزاد خوسرەوی

ئاڤا نیوز

ئاسایشی سلێمانی ئەو مۆڵەتەی بە خێزانی بەهزاد خوسرەوی دابوو، تەواو بوو و بە ناچاری ئەو شارەیان بەرەو هەولێر بەجێهێشت.

چیرۆکی سەرەکی: 10 ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکرات ڕادەستی ئێران کرایەوە و خێزانەکەشی ئاگادارکرایەوە شارەکە جێبهێڵن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ئەو ماوەیە کۆتاییهات کە ئاسایشی سلێمانی بۆ خێزانی بەهزاد خوسرەوی دیاریکردبوو، بۆیە بەناچاری ڕوویان لە هەولێر کرد".

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەهزاد لەگەڵ دایک و خوشکی لە ساڵی 2014ـەوە لە سلێمانی لە خانووێکی کرێدا دەژیان، وەک کارمەند لە کۆمپانیایەک کاری دەکرد و مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو.

زانیاریی زیاتر: بەهزاد بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنە و بابەت لەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی چواردەوری ماڵەکەی دەگرن و دوای چەندجار بانگکردن، بەبێ ئاگاداری کەسوکاری دەستبەسەری دەکەن و ڕادەستی ئێرانی دەکەنەوە، 10 ڕۆژیش مۆڵەت بە خانەوادەکەی دەدەن سلێمانی جێبهێڵن.

گۆشەیەکی دیکە: دوای ئەوەی ڕادەستکردنەوەی بەهزاد خوسرەوی کاردانەوەی فراوانی لێکەوتەوە، ناوبراو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "خۆی ڕادەستی ئێران کردووەتەوە نەوەک یەکێتی ئەو کارەی کردبێت، ئەوان تەنها تاوەکو سەر سنووریان بردووە".

دواتر لە ڕاگەیێنراوێکدا خێزانەکەی ڕایانگەیاند: "ڤیدیۆکەی بە فشار پێکراوە و بە ئارەزووی خۆی نەبووە،
تاوەکو ئێستا لە زینداندایە، وێڕای ئەوەی کە نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەتە ئازاری زۆریشیان داوە، بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیە بۆ کەمکردنەوەی فشاربووە بە تایبەت یوئێن کە کەیسەکەی بەهزادی وەرگرتبوو".


زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: