سەرۆک بارزانی بۆ شاندێکی عێراق: ناکرێ هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی بۆ شاندێکی عێراق: ناکرێ هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت

دیمەنێک لە کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ ئابووری، سەرچاوە: بارەگای بارزانی

ئاڤا نیوز


سەرۆک بارزانی لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێویستی دەزانێت هەمووان بۆ دەستوور بگەڕێینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بن كە لایەنەكان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەسەری ڕێككەوتوون.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دووشەممە لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئابووری عێراق کۆبووەوە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد. لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێنراوێکدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتەوە: خەباتی گەلی كوردستان بۆ چەسپاندنی شەراكەت و مافەكانیەتی و ناكرێ لەبری ڕێزگرتن لە داواكانی گەلی كوردستان و قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران، هەوڵی ئەوە بدرێت دۆزێكی مێژوویی و خەبات و قوربانیدانی بێهەژماری كوردستان لە بابەتی مووچەدا بچووك بكرێتەوە، یانیش هەوڵی لێكترازاندنی هەرێمی كوردستان بدرێت.

 

سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە، باشترین ڕێگە بۆ نەهێشتنی كێشەكان، گرتنەبەری شێوازی لێكتێگەیشتن و دیالۆگی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستانە و حکومەتی فیدراڵە.

زانیاریی زیاتر: سەرۆک بارزانی بەپێویستی زانیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەمووان بۆ دەستوور بگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پابەندی ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە بن كە لایەنەكانی هاوپەیمانییەتی ئیدارەی دەوڵەت {بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق} لەسەری ڕێككەوتوون.

لەلایەکی دیکەوە: سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆكوەزیران سوودانی هەبووە بۆ نەهێشتنی كۆسپەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان. دووپاتیشی كردووەتەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكان، لەپاڵ پابەندبوون بە دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان پێویستە نیازپاكی و ئیرادەیەكی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری كێشەكان هەبێت.

بۆچوونی بەرامبەر: شاندی ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق  ئامانجی سەردانەكەیان بۆ سەرۆک بارزانی خستووەتەڕوو،  ئاماژەیان بەوە کردووە چاوپێكەوتن و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان سوودبەخش بووە، مەبەستیانە هەموو لایەك لە كەشێكی پڕ لە متمانە و بە تێڕوانینێكی شەفاف و بنیاتنەر بگەنە لێكتێگەیشتنێكی تەواو لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و لابردنی كۆسپەكان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: