بەهێزترین ڕکابەری پووتین لە زیندان کۆچی دوایی کرد

شەیری بکە لە:
بەهێزترین ڕکابەری پووتین لە زیندان کۆچی دوایی کرد

وێنەی ئەلێکیس ناڤالنی لە زیندانێکی مۆسۆ لە ساڵی 2018. وێنە: ڕۆیتەرز

ئاڤا نیوز

 

ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزیسیۆنی ڕووسیا و سەرسەختترین نەیاری سیاسیی ڤلادمیر پووتینی سەرۆکی ڕووسیا، لە زیندانێکی ئەو وڵاتە گیانی لەدەستدا.


بۆچی گرنگە: ئەلێکسی ناڤالنی سەرسەخترین ڕەخنەگری سیاسەتەکانی سەرۆکی رووسیا بوو، بەتایبەتی لەسەر جەنگی ئۆکراینا. چەند میدیایەکی ڕۆژئاوا هەر دوای مردنی ناڤالنی ڕاستەوخۆ گومانیان دروستکردووە کە لەلایەن پووتینەوە کوژرابێت.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: دامەزراوەی فیدراڵیی بەندیخانەکانی ڕووسیا دەڵێت: ناڤالنی دوای پیاسەکردنێک هەستی بە تێکچوون کردووە و ڕاستەوخۆ بووراوەتەوە، دواتر تیمی فریاکەوتن گەیشتوونەتە سەری، بەڵام ئەنجامەکەی ئەرێنی نەبووە و گیانی لەدەستداوە.


ئەوەی پێوستە بیزانیت: ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ، لە ساڵی 2021 بەتۆمەتی "پارەدارکردن و هاندان بۆ تووندوتیژی" لە مۆسکۆ دەستگیرکرا و سزای 19 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. ناڤالنی لە بەندیخانەیەکدا دەستبەسەر بوو کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە جەمسەری باکوورەوە دوورە.


زانیاری زیاتر: لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە مانگی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، ناڤالنی بەشێوەیەکی لاواز و بێهێز دەرکەوت و قژی تاشرا بوو.


باکگراوند: لە ساڵی 2021 دا ناڤالنی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە باسی لە "گەندەڵییەکانی" ڤلادمیر پووتین دەکرد. دیارترینیان ئەو کۆشکە گەورەیە بوو لە باشووری ڕووسیا، کە بەپێی گوتەی ناڤالنی بە پارەی نایاسایی و گەندەڵی، بە تێچووی یەک ملیار و 350 ملیۆن دۆلار دروستی کردووە. دوو ڕۆژ دوای بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکە ناڤالنی دەستگیرکرا.

شەیری بکە لە: