پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لە خەبات دروست دەکرێت

شەیری بکە لە:
پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لە خەبات دروست دەکرێت

دیمەنێکی زێی گەورە لە قەزای خەبات، وێنە: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز 

پرۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری لەسەر زێی گەورە لە قەزای خەبات بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار و نیو دروست دەکرێت، دوای تەواوبوونی هەلی کار بۆ نزیکەی هەزار کەس دەڕەخسێنێت.

وێنە گەورەکە:  قەزای خەبات بەدووری  35کم دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێر و زێی گەورەی پێدا تێپەڕ دەبێت،  پرۆژەکە لەسەر زێ دروست دەکرێت و مۆتێل، ڤێلای ڤی ئای پی، کافتریا، پارک، نافوورە، شوێنی پیادە، هۆڵی وەرزشی، یاری منداڵان و کەپری گەشتیاری لەخۆدەگرێت.

 

لێدوانە فەرمییەکان: کوێستان ئەحمەد، قائیمقامی قەزای خەبات بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: نەخشەی پرۆژەکەمان بە نووسراوی فەرمی ڕادەستی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنانی هەولێر کردووە و زەوی بۆ پرۆژەکە ئامادەیە.

مەحموود هاڕوون، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە ئاڤا نیوزی گوت: لەکاتی کارکردن 500 کەس کاری تێدا دەکەن، دوای تەواوبوونیشی هەلی کار بۆ نزیکەی 950 کارمەند دەڕەخسێنێت، ئەمە جگە لە پاسەوان و کارمەندانی ئیداری.


زانیاریی زیاتر: دوو شوێن بۆ دروستکردنی پرۆژەکە لەسەر زێی گەورە دەستنیشانکراون و یەکێکیان هەڵدەبژێردرێت، یەکەمیان لە نێوان هەردوو پردی کۆن و نوێی خەباتە و لەسەر ڕووبەری 46 دۆنم نەخشەی بۆ کێشراوە، دووەمیان لە لێواری پردی کۆن واتە پردی ئاسن دەستپێدەکات، تاوەکو سەرەتای پرۆژەی ئاوی خەبات و بە ڕووبەری 380 دۆنم زەوی نەخشەی بۆ کێشراوە.

شێوازی جێبەجێکردن: وەبەرهێنێکی ناوخۆ داواکاری پێشکەش کردووە پڕۆژەکە بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار و نیو جێبەجێ بکات، داواکارییەکەی قبووڵکراوە و تەنیا هەندێک ڕێکاری ماوە تاوەکو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بۆچی گرنگە: وێڕای ئەوەی پرۆژەکە سیمایەکی جوان بە خەبات دەبەخشێت، بەهۆی نزیکی لە هەولێرەوە قەزاکە دەکاتە شوێنێکی گرنگی گەشتیاری و ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر بووژانەوەی سەرجەم کەرتەکان دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: