دوای خانەنشینان مووچەی زیندانیانی سیاسی هاوتا دەكرێت

شەیری بکە لە:
دوای خانەنشینان مووچەی زیندانیانی سیاسی هاوتا دەكرێت

وێنەی 25 هەزار دیناری عێراقی و لۆگۆی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، گرافیک، ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


دوای ئەوەی خانەنشینانی شارستانی لە هەرێمی كوردستان یەكەم مووچەیان بە هاوتاكراوی وەرگرت، هەوڵەكان بۆ هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی چڕتر دەكرێنەوە.

وێنە گەورەكە: وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق لەهەوڵدایە بۆ هاوتاكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان. بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان 25 هەزارە و زۆرینەیان ڕزگاربووانی شاڵاوی ئەنفالن، هەوڵەكانیش لەم چەند ڕۆژە چڕتر بوونەتەوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا نیوز، مووچە و ئیمتیازی زیندانیانی سیاسی لە عێراق بەراورد بە هەرێمی كوردستان زیاترە، لە ئەگەری زیادبوون و هاوتاكردنی، مووچەیان لە هەرێمی كوردستان نزیكەی سێ هێندەی ئێستا زیاد دەبێت. ئێستا مووچەی هەر زیندانییەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دینارە، بەهاوتاكردنی دەبێتە ملیۆنێك و 200 بۆ ملیۆنێك و 400 هەزار دینار.

لێدوانی فەرمی: د.ناڤسەر نووری، بریكاری وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوان بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "هەوڵەكانمان بەردەوامە و وابڕیارە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق كۆببینەوە و بەوردی بابەتەكە تاوتوێ بكەین".

زیانە سەرەکییەکان: بریكاری وەزارەتی شەهیدان باسی لەوە کرد؛ وەزارەتەكەیان ئامادەكاری و وردبینی تەواوی بابەتەكەی كردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەكەی بە جێبەجێكردنی ئەو یاسایەی عێراق كاری پێدەكات، بەشێك لە زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان زەرەمەند دەبن، چونكە یاساكە ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە لەدوای ساڵی 1968ەوە زیندانیكراون، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێش ئەو وادەیەش زیندانیی سیاسیی هەیە، بەتایبەت لەنێوان ساڵانی 1961 تاوەكو 1968.

چارەسەرەکان: پێویستە ئەم بابەتە بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک لەمڕووەوە دەدات. د.ناڤسەر نووری پێشبینی دەکات دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق بڕیارێك بدات بۆ ئەوەی زیندانیانی ئەو ساڵانەش سوودمەند بن.


بۆچی گرنگە: مووچەی زیندانیانی سیاسی وەك مینحە دەدرێت و لە هەرێمی كوردستان ئەو مینحەیە تەنیا بۆ 10 ساڵە، بەڵام لە عێراق 25 ساڵە. هاوكات لە عێراق زیندانیانی سیاسی چەند منداڵێكیان دەتوانن بێبەرامبەر لە زانكۆ تایبەتەکان بخوێنن، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تەنیا یەك منداڵ دەگرێتەوە.

گۆشه‌یه‌كی دیكه‌: هاوكات لەگەڵ هەوڵەكانی وەزارەتی شەهیدان، لە پەرلەمانی عێراقیش هەوڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی دووەمی یاسای ژمارە 4ی 2006ی دەزگای زیندانیانی سیاسی بەردەوامە، لەماوەی ڕابردوودا دانیشتنی یەكەمی بۆ كراوە و گفتوگۆی فراكسیۆن و لیژنە تایبەتەكان سەبارەت بە ناوەڕۆكی هەموارەكە بەردەوامە، بەپێی یاساكە زیندانیانی هەرێمی كوردستانیش لەمەودوا لە بڕیارەكانی حكومەتی عێراق سوودمەند دەبن.


لەلایەكی دیكەوە: بەپێی یاسای ژمارە 11ی ساڵی 2011 لە هەرێمی كوردستان، ئەگەر زیندانییەكە ساڵێک زیندانی كرابێت 500 هەزار دینار وەردەگرێت، بۆ هەر ساڵێک زیاتر 50 هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەکەی، ئەو زیندانییەی لە ساڵێک کەمتر و لە شەش مانگ زیاتر زیندانی بووبێ، مووچەکەی 250 هەزار دینارە، ئەو كەسەشی لە شەش مانگ کەمتر زیندانی بووبێ، مووچەی مانگانەی نابێت، تەنیا جارێک بۆ هەر مانگێک 500 هەزار دیناری پێدەدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ