لە خەلەکان ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا و سێ کەس گیانیان لەدەست دا

شەیری بکە لە:
لە خەلەکان ئۆتۆمبێلێک بۆردوومان کرا و سێ کەس گیانیان لەدەست دا

دوو دیمەنی ئۆتۆمبێلەکە چەند ساتێک دوای بۆردوومانکردنی، وێنە: سۆشیاڵ میدیا

ئاڤا نیوز

لە شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان ئۆتۆمبێلێک بە درۆن بۆردوومان کرا و سێ کەس گیانیان لەدەست دا.

چیرۆکی سەرەکی: کاتژمێر 1:45 خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکرۆزەری ڕەنگ سپی ژمارە سلێمانی، لە دەروازەی شارۆچکەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان لەلایەن درۆنێکەوە بۆردوومان کرا.

 

لێدوانی فەرمی: سیروان لالەسەرحەد، قایمقامی قەزای دووکان بە ئاڤا نیوزی گوت: "ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی لەناو بووە، بەهۆی بۆردوومانەکە ئاگری گرتووە و هەرسێ کەسە گیانیان لەدەست داوە".

 

زانیاریی زیاتر: هاوشێوەی بۆردوومانەکانی ڕابردوو گومان دەکرێت درۆنەکە هی تورکیا بووبێت و ئۆتۆمبێلەکەش بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەکەکە بووە بۆردوومان کرابێت، بەڵام قایمقامی دووکان لەبارەی ناسنامەی سەرنشینان گوتی: "جارێ هیچ نازانین".

لەلایەکی دیکەوە: کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکان بە ئاڤا نیوزی گوت: هەرسێ قوربانییەکە پیاون و تەرمەکانیان ڕەوانەی سلێمانی کراوە.

باکگراوند: دوایین بۆردوومانی تورکیا لەلایەن درۆنەوە لە سنووری سلێمانی ڕۆژی 23-8-2024 بوو لە نزیک سەیدسادق، ئۆتۆمبێلی تیمێکی میدیایی نزیک لە پەکەکە بۆردوومان کرا، بەهۆیەوە دوو میدیاکاری ژن گیانیان لەدەست دا و کەسێکیش بەسەختی بریندار بوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: