سەرئێشەی بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا

سەرئێشەی بڵاوبوونەوەی ئەتۆمی بۆ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا

گرافیک، ئاڤا نیوز

هەفتەی ڕابردوو، سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا گوتی: ئێران دەتوانێت تا کۆتایی ئەمساڵ خۆی وەک دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمی ڕابگەیێنێت. سەرەتای ئەم مانگەش کۆمەڵی هەواڵگریی ئەمریکی هۆشدارییان دا لەوەی ئێران "کۆمەڵە چالاکییەکی ئەنجامداون کە پێگەی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری ئەتۆمی باشتر دەکات، ئەگەر خۆی بیەوێت." بە چ خێراییەک؟ شارەزایان ئێستا دەڵێن 12 هەفتە یان کەمتری پێویستە. 

لەوانەیە مەلاکان ئاگادارمان بکەنەوە یان هەر وا بە بێدەنگی بمێننەوە. هەر کامیان بێت، ئاڵنگاریی سەرۆکی داهاتوو ئەوە نابێت کە چۆن ڕێگە لە ئەتۆمییبوونی ئێران بگیرێت، بەڵکو بڕیاردان دەبێت لەسەر ئەوەی کە چی بکات دوای ئەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست دەهێنێت. سەرۆکی داهاتوو دەبێت سەرنجی خۆی کۆبکاتەوە و چەند هەنگاوێکی ورد بنێت.

یەکەم: پێویستە سەرۆک و سەرکردەی کۆنگرێسی ئەو پارتەی کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شکست دەهێنێت، هەریەکەیان سێ پسپۆڕ دەستنیشان بکەن تاوەکو پانێڵێک پێکبهێنن بۆئەوەی ڕاپۆرت لەسەر ئەوە ئامادە بکات کە دەبێت ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چی بکەن کاتێک ئێران دەبێتە هێزێکی ئەتۆمی. چۆن نەهێڵین تاران چەکی ئەتۆمی بەکار ببات؟ ئایا پێویستە ڕێگە لە دراوسێکانی ئێران بگرین لەوەی شوێنی مۆدێلی ئێران نەکەون؟ چۆن؟ ئەی سەبارەت بەو هاوپەیمانانەی دیکە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەیانەوێت ببنە هێزی ئەتۆمی؟ ڕاپۆرتێک یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی دۆخەکە بەوەی کە دەتوانرێت چی بکرێت.

دووەم: پێویستە پانێڵەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات ئایا ئەو هاوکارییەی پیتاندنی یۆرانیۆم کە سەرۆک جۆ بایدن و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەیانویست پێشکەشی سعوودیەی بکەن، مانادارە؟ شارەزایانی باڵای ئەتۆمی بە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان گوت دژی ئەو جۆرە یارمەتییانە بوەستێتەوە — کە هیچ "پارێزبەندییەک" ناتوانێت ڕێگە لە سعوودییەکان بگرێت کە یارمەتییەکان بۆ دروستکردنی بۆمب بەکارنەبات. بەڵام سعوودییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی ئەگەر ئێران ببێتە ئەتۆمی، دەبێت ئەوانیش بەدوایدا بچن. بۆ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، پیتاندن گرنگترین پرسە. کەواتە ئایا پێویستە شوێن ڕاوێژکارەکانی نەتانیاهۆ بکەوین یان یارمەتیی سعوودییەکان بدەین بۆ پیتاندن؟ پێدەچێت پێویست بێت سەرۆکی داهاتوو بڕیار بدات.

تەنانەت ئاڵۆزتریشە. هەندێک لە کۆنگرێس پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت وێستگەکانی پیتاندن بە سعودیە بفرۆشین – ئەگەرنا چین و ڕووسیا ئەو کارە دەکەن. بەڵام ئەگەر ئێران ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، ئایا ئەوکات ڕێگرتن لە فرۆشتنە ئەتۆمییە چینی و ڕووسییەکان دەبێتە نیگەرانیی سەرەکیی ئێمە؟ بەپێچەوانەی پەکین و مۆسکۆوە، واشنتن ڕێککەوتننامەی لەگەڵ ئیمارات و کۆریای باشوور هەیە، کێ هەیە بپرسێت کە داخۆ ئێمە ڕێگەی چی بە سعوودییەکان دەدەین. تورکیا، پۆڵەندا، میسر، کە هەموویان ئەندامی پەیماننامەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەتۆمین و مەیلیان بۆ بۆمبی ئەتۆمی هەیە، نیگەران دەبن. ئێمە دەبێت چی بکەین؟ 

پێویستە ئیدارەی نوێ بازرگانیی ئەتۆمیی مەدەنیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە پەرەپێدانی دروستکردنی بۆمبە چینی و ڕووسییەکان دوور بخاتەوە. کۆنگرێس ڕەخنەی لەوە گرتووە کە ڕووسیا سووتەمەنی بۆ ڕیئاکتۆرە خێرا و "ئاشتییانە"کانی چین دابین دەکات کە پلوتۆنیۆم بەرهەمدێنن، کە لە ئاستێکدایە دەتوانرێت لە دروستکردنی چەکدا بەرکار ببرێت. بەڵام هیچی سەبارەت بە یارمەتییەکانی کەنەدا بۆ چین نەگوتووە، کە ڕیئاکتۆرە کەنەدییەکان تریتیوم لە ئاستێکدا بەرهەمدێنن کە بتوانرێت لە دروستکردنی چەکدا بەکار ببرێت، یان ئەوەی کە بڕێکی زۆر لە یۆرانیۆم بە فرۆشیارانی چەکی ئەتۆمیی چین دەفرۆشێت. کۆنگرێس هەروەها سەبارەت بە کۆمپانیای وێستینگهاوس بێدەنگ بووە (کە ئیستا بەتەواوەتی لەلایەن کەنەداوە خاوەنداری دەکرێت) بەوەی کە ڕیئاکتۆری وزە بە چین دەفرۆشێت، تەنانەت ئێمە هیچ ڕێگایەکی کاریگەرمان نییە بۆ چاودێریکردنی بەکاربردنی "ئاشتییانە"یان (ئەمەش نیگەرانییەکی ڕەوایە، بە پشتبەستن بە کۆتاییهاتنی ئەو بەڵێنانە کە چێن پێشتر لەگەڵ شارەزایانی ئەتۆمیی ئەمریکا پێشێلی کردووە).

ئێمە هەروەها سکاڵا لە هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ڤلادیمیر پووتین دەکەین، بەڵام هێشتا ڕێگە بە دامەزراوە ئەمریکییەکان دەدەین ساڵانە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار یۆرانیۆم لە ڕووسئەتۆم، کۆمپانیای سەرەکیی درووستکەری چەکی ئەتۆمیی ڕووسیا، بکڕن. ئەمە ناوێکی خراپ بە دووڕوویی دەبەخشێت. پێویستە سەرۆکی داهاتوو گرێکە بکاتەوە: هەڵپەساردنی هاوکاریی ئەتۆمیی ئەمریکا لەگەڵ چین و ڕووسیا تا ئەوکاتەی ئەوان دەتوانن دڵنیایی بدەن لەوەی کە هیچ کام لە بازرگانییە ئەتۆمییەکانی ئەمریکا یان کەنەدا یارمەتیی هەوڵەکانی دروستکردنی چەکی ئەوان نادات. پێشتریش کردەی لەو جۆرە هەبووە، وەک ئەوەی کە ئەمریکا ساڵی 2008 لە هاوکاریکردن لەگەڵ ڕووسیا لەو بوارەدا بەشێوەیەکی کاتی کشایەوە.

لە کۆتاییدا، پێویستە هەڵوێستمان سەبارەت بە هاوبەشیکردنی چەکە ئەتۆمییەکان و جێبەجێکردنی پەیماننامەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمیی بەهێزتر بکەین. لە سەرەتاکانی 2026، پێداچوونەوەیەکی فەرمی بە پەیماننامەکەدا دەکرێت. هەر لە ئێستاوە، چین و ڕووسیا بە ڕەشبینییەوە بەدواداچوون بۆ گێڕانەوەیەک دەکەن کە خزمەت بەوان بکات بەوەی کە دەڵێن ئەمریکا بەگوێرەی داوخوازییەکانی پەیماننامەکە لە چەک دانەماڵراوە و ئەوەش پێشێلکردنی پەیماننامەکەیە لەڕێگەی هاوبەشیکردنی چەکە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ناتۆ و هەروەها ڕێگرینەکردن لە دووبارە جێگیرکردنەوەکان لە ژاپۆن و کۆریای باشوور. جێگیرکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیاش لە بیلاڕووس پاڵ بە پۆڵەنداوە دەنێت کە مەیلی ئەوەی هەبێت ئەویش چەکی ئەتۆمیی ئەمریکا لەسەر خاکەکەی جێگیر بکات. بەهەمانشێوەش کەڵەکەکردنی ئەتۆمیی چین پاڵ بە کۆریای باشوور و ژاپۆنەوە دەنێت ئەوانیش هاوشێوە ڕەفتار بکەن. یان ئەوەی کە پەکین و مۆسکۆ دانوستانی سنووردارکردنی چەکە ئەتۆمییەکانیان، بەو شێوەیەی کە پەیماننامەی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی داوای دەکات، ڕەتکردووەتەوە. 

ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بپرژێینە سەر فێڵەکانی پووتین و شی جینپینگی سەرۆکی چین. سەرۆکی داهاتوو دەبێت ئەو پێشنیازە پێشکەش بکات کە ناتۆ، ژاپۆن و کۆریای باشوور خاڵی دەبن لە چەکی ئەتۆمی ئەگەر پووتین بەڕاستی چەکە ئەتۆمییەکانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی چیاکانی ئۆراڵ ببات و ئەگەر شی ڕیئاکتۆرە خێراکان و چالاکییەکانی پڕۆسێسکردنەوەی سڕ بکات. 

زۆرە؟ بە دڵنیاییەوە، بەڵام پێویستیشە. نزا بکەن سەرۆکی داهاتوومان ئازایەتیی ئەوەی هەبێت هەموو ئەو کارانە بکات.

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا
سەرچاوە:  واشنتن پۆست 

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: