لەو ساڵیادەدا پارتی و یەکێتی بە شێوازی جیاواز قسەی لەسەر دەکەن

شەیری بکە لە:
لەو ساڵیادەدا پارتی و یەکێتی بە شێوازی جیاواز قسەی لەسەر دەکەن

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

28 ساڵ بەسەر ڕووداوی 31ـی ئابی 1996 تێدەپەڕێت، تاوەکو ئێستا لەو ساڵیادەدا پارتی و یەکێتی بە شێوازی جیاواز قسەی لەسەر دەکەن.

 

چی ڕووی دا: 21ی ئاب بۆ پارسەنگیی هێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە سوپای پاسدارانی ئێران دەکات هاوکاریی بکەن لە شەڕی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان. هێزەکانی یەکێتی بە پشتیوانیی هەزاران پاسدار هەولێر و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەگرن. 10 ڕۆژ دوای داواکەی یەکێتی لە ئێران، واتە لە 31ی ئاب لەسەر داوای پارتی، سوپای عێراق بەشدارییەکی کاتیی کرد دژ بە گرتنی هەولێر لەلایەن یەکێتی و سوپای وڵاتێکی دیکە.

 

وێنە گەورەکە: بەشداریی سوپای عێراق بەپێی ڕاگەیێنراوی ئەوکاتیان، دژی دەستوەردانی ئێران بووە لە شەڕەکەدا. پارتیش پێیوایە ڕووداوەکە ئەنجامی شەڕێکی سەپێنراو و ڕاکێشانی ھێزی بێگانە بوو، کە یەکێتی بۆ نەھێشتنی پارتی دایڕشتبوو.


درێژەی ڕاپۆرت...
لە درێژەی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتی و پارتی، کە لە ساڵی 1994 دەستیپێکرد و تاوەکو 1998 بە نێوەندگیریی ئەمریکا ڕێکەوتننامەی ئاشتیی واشنتن لە نێوان هەردوولا کۆتایی پێهات، ڕووداوەکانی 31ـی ئاب لە دیارترینی ئەو ڕووداوانە بوو، کە تاوەکو ئێستاش لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا دێتەوە بەرباس و مشتومڕ.

 

هەڵوێستی ئەمریکا
لەگەڵ سەر‌هەڵدانی شەڕی ناوخۆ هەموو هەوڵێکی ئەمریکا بۆ ئەوە بوو هەرچی زووە یەکێتی و پارتی بگەڕێنێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، واشنتن پێیوابوو دەبێت هەرێمی کوردستان بە سەقامگیری و بەهێز بمێنێتەوە، لەکۆتاییشدا هەوڵەکانی سەریگرت و لە واشنتنەوە ئاشتەوایی ڕاگەیێنرا و کۆتایی بە شەڕ هات.

 

31ـی ئاب لە بەڵگەنامەکانی ئەمریکادا
بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پێیانوایە یەکێتی بە هاوکاریی ئێران پێشڕەوییەکانی دژ بە پارتی کردووە و سوپای پاسداران هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان، لەبەر ئەمەش پارتی داوای لە عێراق کردووە دەستوەردان بکات. 


هاتنی سوپای ئەوکاتی عێراق هەرچەندە بەزاندنی هێڵی 36ـی هەرێمی کوردستان بوو، کە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دانرابوو، بەڵام ئەمریکا کاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بەو هێرشە، تەنانەت بەهیچ شێوەیەک لە سنووری هەولێر بەرپەرچی سوپای عێراقی نەدایەوە، تاوەکو ئەرکە کاتییەکەی کۆتاییهات و کشایەوە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەمریكا ئەو هەنگاوەی پارتی بە جۆرێک لە پێویستی زانیوە، بۆیە هیچ كاردانەوەیەکی نەبوو.

 

"سه‌دام وه‌ڵامی‌ ئێرانی‌ دایه‌وه"‌

لەسەر ڕووداوەکەی 31ـی ئاب جۆن ئێدوارد پۆرتێر، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ ئه‌مریكا لە گفتوگۆیەکدا به ‌سه‌رۆكی‌ ئەو کاتی ئه‌نجوومه‌نەکە ڕاده‌گه‌یێنێت: "نوێنه‌رانی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌  ئاگاداری‌ ئه‌وه‌ نەبوون، كه‌ ئێران سنووری عێراقی‌ به‌زاندووه‌ و هێرشی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌كانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌ باكووری‌ عێراق". دەشڵێت: "پاش هێرشه‌كه‌ی‌ ئێران، واشنتن هیچ هه‌ڵوێستێكی‌ نەبووە و ئه‌م هێرشه‌ی‌ شه‌رمه‌زار نه‌كردووه‌. عێراقیش وه‌ك ده‌ستدرێژی‌ بۆ سه‌ر خاكی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سه‌یری‌ ئه‌م هێرشه‌ی‌ ئێرانی‌ كردووه ‌و به‌ره‌و باكووری‌ عێراق کەوتووەتە جووڵە".

 

سەرۆک بارزانی چۆن باسی 31 ئاب دەکات؟

لە بەرگی پێنجەمی کتێبەکەی بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد)، دەنووسێت: "بەرەبەیانیی 17ی ئابی 1996 ھێرشە بەربڵاو و فراوانەکەی یەکێتی لە ھەموو میحوەر و بەرەکانی شەڕ دەستیپێکرد، شەڕی ئەمجارە زۆر جیاوازبوو لەگەڵ شەڕی قۆناغەکانی پێشتر. بۆردوومانە چڕ و تووندەکەی تۆپخانە و کاتیۆشا کاری یەکێتی نەبوو، چاک دەمانزانی و دیاربوو کە ئەمە تۆپخانەی ئێرانە و زیانێکی زۆری بە هێزەکانمان گەیاند. دوای ئەوەی دەرکەوت کە ئێران ڕاستەوخۆ ھاتووەتە ناو شەڕەکەوە، سەدام، مانع عەبد ڕەشید، بەڕێوەبەری موخابەراتی ناردە کوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانەکانی ئێران، منیش داوام لێ کرد، ژمارەیەک تۆپی 130ملم و کاتیۆشای 107 و 122ملم بە میلاک و ستافەکەیانەوە بنێرن بۆمان، دواتر وەڵامیان ناردەوە کە ئامادەین یارمەتیتان بدەین و ھەولێر ڕزگار بکەین".

 

سەرۆک بارزانی دەشڵێت: "31ی ئاب کردەوە و بەرنامەیەکی پێشوەختە نەبوو، بەڵکو کاردانەوەی ئەو شەڕ و کاولکارییە بوو، کە یەکێتی بە ھاوکاری و یارمەتی و حزووری ڕاستەوخۆی ئێران لەدژی پارتی دەیکرد، ئەنجامی پڕۆسەیەکی ناهەق و شەڕێکی سەپێنراو و ڕاکێشانی ھێزی بێگانە بوو کە یەکێتی بۆ نەھێشتنی پارتی بەپێی پلانێکی تۆکمە و بەرفراوان دەستی پێ کردبوو". سەرۆک بارزانی قاعیدەیەکی فیقھی لەبارەی ڕووداوەکە هێناوەتەوە و دەڵێت: (دفع اڵافسد بالفاسد)؛ واتە لابردنی خراپتر بوو بە خراپ.

 

لە وەڵامی ئەو کەسانەشدا کە ڕەخنەیان لە ڕووداوی 31ی ئاب ھەیە، سەرۆک بارزانی گوتوویەتی: "بەر لەوەی ڕەخنە لە پارتی بگرن، دەزانن یەکێتی لە 17ی ئابی 1996 چی کرد؟ ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1994ـەوە سەدام چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ ھاوکاریکردن و یارمەتیدانی کردەیی پارتی، ئێمە ڕەتمان کردەوە ھاوکارییان لێ وەربگرین. بەڵام کاتێک یەکێتی و ئێران لەسەر لەناوبردنی پارتی ڕێک دەکەون و ئێران بە ھێزێکی زۆرەوە دێتە کوردستان، ئەوە یەکێتی بووە بەمەبەستی گۆڕینی ھاوسەنگیی ھێز و لەناوبردنی پارتی؛ ھێزی بێگانەی ھێناوەتە ناو شەڕەکەوە".

 

نامەکەی جەلال تاڵەبانی بۆ ئێران
بەپێی چەند سەرچاوەیەک پێش ئەوەی پارتی داوا لە سوپای عێراق بکات و لە ڕۆژی 21ـی ئاب، جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نامەیەک بۆ محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی ئەوکاتەی سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرێت و داوای لێدەکات بە زووترین کات هێز بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی بنێرن، دوای ئەوەش لەسەر داواکاریی و ڕێخوشکردنی یەکێتی، سوپای پاسدارانی ئێران بە هێزی زیاترەوە هاتنە قووڵایی خاکی کوردستان.

 

"پاسدارانی ئێران هاتوون و هێرشیان کردووەتە سەر حیزبی دیموکرات"

جیاواز لە قسەی پارتی و یەکێتی و بەڵگەنامەکانی ئەمریکا، محەممەد نەزیف قادری، ئەندامی ناوەندی بەڕێوەبەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بە ئاڤانیوزی گوت: "لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب هێزێکی زۆری سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕێگەی پێنجوێنەوە هاتنە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ژمارەی سەربازەکانیان زیاتر لە دوو هەزار کەس بوو، تاوەکو بەرزاییەکانی کۆیە هاتن، بارەگاکانی حیزبی دیموکراتیان بە چڕی بۆردوومان کرد".

 

یەکێتی دووبارە هانا بۆ ئێران دەباتەوە
دوای تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکانی 31ی ئاب و لە ڕۆژی 10-10-1996، یەكێتی بە هاوكاری هێزەکانی ئێران، هێرشی پێچەوانەی دەستپێكرد و توانی سنووری پارێزگای سلێمانی و تاوەکو كۆیە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: