لە بیابانەکانی ئەنبار 14 چەکداری داعش کوژران

شەیری بکە لە:
لە بیابانەکانی ئەنبار 14 چەکداری داعش کوژران

ئۆپەراسیۆنێکی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەنبار - وێنە: ڕادیۆ سەوا

ئاڤا نیوز  


فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کوژرانی 14 چەکداری ڕێکخراوی داعشی لە بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند، لە نێو کوژراوەکانیشدا سەرکردەی ڕێکخراوەکە هەن.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند: ماوەی دوو مانگ بوو هێزە هەواڵگرییەکان چاودێری چڕیان خستبووە سەر مۆڵگەو جوڵەی چەکدارانی داعش لە ناوچەی حوزەیمی لە ڕۆژهەڵاتی دۆڵی غەدەف لە بیابانەکانی پارێزگای ئەنبار، سەرئەنجام کاتژمێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بە چڕی ئەو ناوچانە بۆردوومان کران.


زانیاریی زیاتر: دوای بۆردوومانی ئەو ناوچانە، هێزەکانمان لە فڕۆکەوە بۆ ناوچەکە دابەزین، بە هەماهەنگی هەواڵگریی و تەکنیکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دوای پێکدادان لەگەڵ ئەو چەکدارانەی لە ئەنجامی بۆردوومانەکە هەڵاتبوون، توانرا 14 چەکداری ئەو ڕێکخراوە بکوژرێن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەپێی ڕاگەیێنراوی فەرماندەییەکە، زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لە نێو کوژراوەکاندا سەرکردەی گرنگ لە پلەی یەکەمی باندە تیرۆریستییەکانی داعش هەبوون، جیا لە کوژرانی چەکدارەکانیش سەرجەم مۆڵگە و چەک و کەرەستە و پاڵپشتییە لۆجستییەکانیان تێکشکێنراون لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی هەندێک بەڵگەنامەی گرنگ و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: