پڕۆژەکانی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

شەیری بکە لە:
پڕۆژەکانی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

وێنەی کۆبوونەوەکە - میدیای عێراقی

ئاڤا نیوز 


سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکانی ئاو لەنێوان وڵاتەکەی و تورکیا بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە، داواشیکرد پڕۆژەکانی دروستکردنی بەنداو بۆ کۆکردنەوەی ئاو، کاری لەپێشینەی وەزارەتەکان بێت.


وێنە گەورەکە: مانگی نیسانی ئەمساڵ عێراق و تورکیا لەسەر دروستکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی پەیوەست بە پاراستنی سامانی ئاو ڕێککەوتن، پڕۆژەکان حکومەتی عێراق بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی لایەنی تورکی جێبەجێ دەکرێن.


ڕاگەیێنراوی فەرمی: نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لەکۆبوونەوەیەکدا کە تایبەت بووە بە پڕۆژەکانی تایبەت بە ئاو لە وڵاتدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە ئاسایشی ئاو بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.


ژمارەکان وادەڵێن: ڕێککەوتنەکە خۆی لە جێبەجێکردنی 13 پڕۆژەدا دەبینێتەوە و بەشێکیان بەپڕۆژەی ستراتیژی لەقەڵەم دەدرێن، شەش پڕۆژە لەلایەن وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، پێنج پڕۆژە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و شارەوانییەکان و دوو پڕۆژەش لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە جێبەجێ دەکرێن.


بۆچی گرنگە: پڕۆژەکان پێکدێن لە دروستکردنی کەناڵی ئاوی گەورە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی، گواستنەوەی ئاو بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بە بۆری لەجێگەی جۆگە لەگەڵ دروستکردنی بەنداو بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین بڕی ئاو، ئەوەش بەشێک لە کێشەی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق چارەسەر دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: