یەکێتی: بێ پارتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین

شەیری بکە لە:
یەکێتی: بێ پارتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ناکەین

لۆگۆی پارتی و یەکێتی- گرافیکی ئاڤا

ئاڤا نیوز


لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک نامەی فەرمییان بۆ لایەنە بەشدارنەبووەکان ناردووە و داوایان لێکردوون لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشدار بن، ئەندامێکی یەکێتیش دەڵێت ئەوەندەی بتوانن بێ ئەوان کۆبوونەوە ناکەن.

وێنە گەورەکە: ڕۆژی 24-8-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک  بە بەشداری نۆ ئەندام (پێنج یەکێتی، سێ عەرەب و ئەندامێکی بزووتنەوەی بابیلوون) لەکۆی 16 ئەندام یەکەم کۆبوونەوەی کرد. دوو ئەندامی پارتی و دوو ئەندامی بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامی عەرەب کە لە دەرەوەی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیین، بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، ژمارەیەک پۆستی پارێزگاکەش بۆ ئەو لایەنانە دانراون و داوایان لێدەکەن وەریان بگرن.

لێدوانی فەرمی: هۆشیار هیجران؛ ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئاڤا نیوزی گوت، "چاوەڕێی وەڵامی پارتی و لایەنەکانی دیکە دەکەین بۆ ئەوەی بانگهێشتنامە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی داهاتوو دەربکرێت."

هۆشیار هیجران جەخت دەکاتەوە وەکو یەکێتی بڕیارە بەبێ پارتی و لایەنەکانی دیکە کۆبوونەوە نەکەن، "بەڵام ئەگەر پێداگربن لەسەر بەشدارینەکردن، ئەوا ناچارن بێ ئەوان کۆبوونەوە بکەن."

لەلایەکی دیکەوە: بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا فراکسیۆنی یەکێتی سەردانی فراکسیۆنەکانی پارتی، بەرەی تورکمانی و سێ ئەندامەکەی عەرەب بکات کە تاوەکو ئێستا لە دەرەوەی حکومەتی خۆجێیین.

بۆچوونی بەرامبەر: پێشتر کاوە ئەحمەد، کارگێڕی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە ئاڤا نیوزی گوتبوو، حکومەتی خۆجێیی کەرکوویان بایکۆت نەکردووە، دەیانەوێت بەفەرمی ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنە بزانن کە کراوە ئینجا بڕیاردەدەن. ناوبراو مەبەستی لە ڕێککەوتنی یەکێتی و سێ ئەندامی عەرەب و ئەندامێکی کۆتای کریستیان بوو بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.

 
 

 

شەیری بکە لە: