زیارەتکارانی ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە دەبەنەوە وڵاتەکەیان

شەیری بکە لە:
زیارەتکارانی ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە دەبەنەوە وڵاتەکەیان

گرافیک؛ ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


پێشبینی دەکرێت پێنج ملیۆن زیارەتکاری شیعە بەشداریی یادی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لە کەربەلا بکەن. بەپێی بەدواداچوونێکی ئاڤا نیوز، هاتنیان زیارەتە و گەڕانەوەیان تیجارەت. 

وێنه‌ گه‌وره‌که‌: شیعە مەزهەبەکان 20ـی مانگی سه‌فه‌ر، که‌ ئه‌مساڵ ده‌کاته‌ 25 -8- 2024، یادی چله‌ی ماته‌مینیی ئیمامی حوسێن دەکەنەوە و ملیۆنان زیارەتکار ڕوودەکەنە کەربەلا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن زیارەتکار لە وڵاتی ئێرانەوە گەیشتوونەتە عێراق و پێشبینی دەکرێت ژمارەکە بگاتە پێنج ملیۆن زیارەتکار. 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە بەدواداچوونێکی ئاڤا نیوزدا ئاشکرا بووە، لەم ڕێوڕەسمانەدا بەهۆی بڕیارێکی بانکی ناوەندییەوە، زیارەتکارە ئێرانییەکان لە گەڕانەوەیاندا سەدان ملیۆن دۆلار لە عێراقەوە دەبەنەوە ئێران.

 

ئەمریکا دەرگاکانی دەستگەیشتن بە دۆلاری بەڕووی ئێران داخستووە

بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و کارکردنی بانکی ناوەندیی عێراق بە سیستەمی سویفت (کۆمەڵگەی پەیوەندییە داراییە جیهانییەکانی نێوان بانکەکان)، سزادانی ژمارەیەک بانکی ئەهلی عێراق دەرگاکانی دەستگەیشتنی ئێران بە دۆلار بەڕووی وڵاتەکەدا داخراون.

بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە ڕۆژبەڕۆژ تمەنی ئێرانی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست دەدات. بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا نیوز، ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕێگەی ژمارەیەک کۆمپانیاوە بە ڕێگەی قاچاخ دۆلار دەبرێتە ئێران و لەوێ تمەنی پێ دەکڕدرێ و پاشان دەهێنرێتەوە بۆ عێراق و بە نرخی گرانتر دەفرۆشرێتەوە، بەڵام تا ڕادەیەک ئەو ڕێگە قاچاخە ئاشکرا بووە و لەژێر گوشاری ئەمریکا، دەسەڵاتدارانی عێراق کۆنتڕۆڵیان کردووە، ئەمەش لە ڕێگەی بڕیارەکانی بانکی ناوەندییەوە.

ئێرانییەکان چۆن دەستیان بە دۆلار دەگات؟

سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندیی عێراق، بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: بەپێی ڕێنوێنییەکان، هەر کەسێک کە دەچێتە نێو خاکی عێراق ڕێگەی پێدەدرێت تاوەکو 10 هەزار دۆلار لەگەڵ خۆی ببات، بەهەمان شێوەش ڕێگەی پێدەدرێت تاوەکو 10 هەزار دۆلار لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە، ئەم ڕێنوێنییە لە چەندین وڵات کاری پێدەکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر هەر زیارەتکارێکی ئێرانی لەگەڵ خۆی 100 دۆلاری ئەمریکی بباتەوە وڵاتەکەی، ئەوە 500 ملیۆن دۆلار لەو ڕێگەیەوە دەبرێتە ئێران. بەپێی گوتەی چاودێرانیش ئەگەرێکی بەهێزە ئێران لەو ڕێگەیەوە زۆرترین بڕی دۆلار دەستبخات و کاریگەریی گەمارۆ ئابوورییەکەی سەری کەم بکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بە ئاڤا نیوزی ڕایگەیاند: هەر کەسێک کاتێک لە دەرەوەی عێراقەوە دێت، پاشان کە دەڕواتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی بۆی هەیە تاوەکو 10 هەزار دۆلار لەگەڵ خۆی بباتەوە و ئەمە ئاساییە و ڕێگەی پێدەدرێت، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بە وشکانی و ئاسمانی بۆ بردنە دەرەوەی دۆلار.

لە خاڵە سنوورییەکان پشکنین دەکرێت

بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا نیوز، لە خاڵە سنوورییەکان، پشکنین بۆ هەر گەشتیار و زیارەتکارێک دەکرێت و ڕێگەی پێنادرێت لە بڕی دیاریکراو زیاتر دۆلار لەگەڵ خۆی بباتە دەرەوە. مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران وێڕای ئەوەی ڕایگەیاند، ئاگاداری بڕی ئەو پارەیە نییە کە دیارکراوە، بەڵام بە ئاڤا نیوزی گوت، "لە ڕێگەی بانکی ناوەندی و گومرگەکانەوە ڕێنوێنیی تایبەت دەرکراوە، کە هەر گەشتیارێک بۆی هەیە چەند بڕی پارە بباتە دەرەوەی وڵات".

سەبارەت بە ڕێوشوێنەکان بەرامبەر بە سەرپێچیکاران، مەسعود باتێلی ئاماژەی بەوە دا، کە هەر کەسێک سەرپێچی بکات، دەستگیردەکرێت و بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 

ڕێنوێنی بۆ هێنان و بردنە دەرەوەی دۆلار

نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، ژمارەیەک ڕێنوێنی بۆ ڕێگەپێدانی هێنان و بردنە دەرەوەی دۆلار و دینار دەرکردووە و ئێستا لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانی عێراق کاری پێدەکرێت لەوانەش:

•    بەبێ ڕێگەپێدان و مۆڵەت، ڕێگە بە هێنان و بردنەدەرەوەی بڕی 10 هەزار دۆلار یان هەمان بڕ بە دراوی دیکە دەدرێت.

•    لەنێوان 10 هەزار دۆلار تاوەکو 20 هەزار دۆلار هێنان و بردنە دەرەوەی دۆلار دەبێت بە ڕێگە پێدان بێت و پێویستە هۆکارەکەی دیاریبکرێت.

•    ڕێگە بە هێنان و بردنەدەرەوە نادرێت ئەگەر بڕەکە زیاتر بێت لە 20 هەزار دۆلار، دەبێت هێنان و بردنە دەرەوەی ئەو بڕە لە ڕێگەی دامەزراوە داراییەکانەوە بێت.

•    ڕێگە نادرێت بە هێنان و بردنە دەرەوەی بڕە پارەیەک، کە لە یەک ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت، تەنانەت ئەگەر ڕێگە پێدانیشی هەبێت دەست بەسەر پارەکەیدا دەگیرێت و ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

دەستکەوتنی دۆلار لە باشووری عێراق ئەستەم بووە

بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا نیوز، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا دۆلاری ئەمریکی لە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە پارێزگاکانی باشووری عێراق تەنانەت لە بەغداش زۆر کەمبووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکار و هاووڵاتیانی عێراق بۆ دەستخستنی دۆلار ڕوو لە بەغدا دەکەن، بۆ ئەمەش تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری حکومەتی عێراق ڕوونکردنەوەی نەداوە، پسپۆڕان پێیان وایە ئەمە هۆکاری دابەزینی بەردەوامی بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار.


خەرجییەکی زۆر لەسەر حکومەتی عێراق

جگە لەوەی دۆلار تێیدا دەبرێتە دەرەوە، هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی زیارەتکار، خەرجییەکی زۆری لەسەر حکومەتی عێراق دروستکردووە، لە دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە و شوێنی حەوانەوە و دابینکردنی بەشێک لە خواردن و خواردنەوە. لەو بارەیەوە ئەحمەد مووسەوی، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی تایبەت له‌ وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند: 300 هەزار ئۆتۆمبێلیان دابینکردووه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی زیاره‌تکاران لە بەندەرەکانی شەلامچە، شێب، مونزرییە، زەرباتیە و سەفوانەوە به‌ره‌و که‌ربه‌لا.

حکومەتی ئێران پارەی عێراقی بە نرخێکی کەم بۆ زیارەتکاران دابین کردووە

هەر سەردانکەرێکی ئێرانی کە بە مەبەستی زیارەتی شوێنە مەزهەبییەکانی شیعە سەردانی عێراق بکات، دەتوانێت بڕی 200 هەزار دیناری عێراقی بە نرخی بانک لە حکومەتی ئێران بکڕێت. ئەگەر لە عێراقیش پارەی لێبڕا، ئەوا دەتوانێت لە نووسینگەکانی ئێران لە عێراق ئەوەندەی دیکە پارە بگۆڕێتەوە، بۆ نموونە لە بازاڕی دراو  40 هەزار تمەن بەرامبەر هەزار دیناری عێراقییە، بەڵام ئەو لیژنەیە هەر هەزار دینار بە 22 هەزار تمەن دەگۆڕێتەوە و 200 هەزار دینار بەو نرخە دەدات بە هەموو زیارەتکارێک ئەگەر تەمەنی لە پێنج ساڵ زیاتر بێت.


بەهای دینار چی بەسەردێت؟

بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار لە هەوڵەکانی بەردەوامە و ڕۆژانە 300 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام لەو بڕە تەنیا 15 تا 20 ملیۆن دیناری بەشێوەی کاشە، ئەگەر بێت و پلانی بردنە دەرەوەی دۆلار لەلایەن زیارەتکارانەوە جێبەجێ بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار، چاوەڕێ دەکرێت بەهای دینار زۆر زیاتر لەوەی ئێستا بەرامبەر بە دۆلار دابەزێت، کە ئێستا بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 149000 - 150000 دیناری عێراقییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: