پلانی کشانەوە لە عێراق تەڵەی بایدنە بۆ سەرۆکی داهاتوو

پلانی کشانەوە لە عێراق تەڵەی بایدنە بۆ سەرۆکی داهاتوو

سەربازێک و هەمەڕێکی سەربازیی ئەمریکا. وێنە: NBC News

ئاڤا نیوز

 

لە ساڵی 2021دا، جۆ بایدن ڕاگەیاند کە شەڕ لە عێراق کۆتایی هات، بەڵام 2500 سەربازی ئەمریکی لەوێ و 900 سەربازی تریش لە سوریا بەجێهێشت بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکەن کە ڕێگە لە سەرهەڵدانی دووبارەی داعش بگرن. ئێستا کە تەنها پێنج مانگ ماوە بۆ پۆستەکەی، ئیدارەکەی لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر پلانێک کاردەکات بۆ ڕاگەیاندنی کۆتایی بەو ئەرکە و دیاریکردنی کاتی هێنانەوەی سەربازەکان بۆ ماڵەوە. ئەمەش بۆ بایدن ڕێگەخۆشکەر دەبێت تا بڵێت کۆتایی بە "جەنگێکی هەمیشەیی" دیکە هێناوە، وەکو ئەو کاتەی شانازی بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستانی دەکرد.

 

بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە: سەرەڕای خواستی بایدن بۆ ڕاگەیاندنی "ئەرکەکە ئەنجامدرا"، ئەم بابەتە بوونی نییە و هیچ پلانێکیش لە ئارادا نییە کە ئەرکەکە نزیک بکاتەوە لە تەواو بوون. سەرەڕای نیازی باش، ئەگەر بایدن بە فەرمی ڕازی بێت بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی دژی داعش، ئەوا ڕەنگە زەمینە بۆ خراپتربوونی قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش بکات کە بۆ سەرۆککۆماری نوێی ئەمریکا جێدەهێڵرێت.

 

چەند مانگێکە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا و عێراق بە ئاشکرا باسی دانوستان لەسەر ڕێککەوتن دەکەن. ئەو ڕێککەوتنە بە فەرمی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنی چارەسەری هەمیشەیی (Operation Inherent Resolve) دەهێنێت، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ شکستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014دا دروستی کرد. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا داوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکرێت، لە زاری چەند بەرپرسێک.

 

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە پلانی ڕاگەیاندنی ئەم گرێبەستە کە بۆ ئەم مانگە دانرابوو بەهۆی "پێشهاتەکانی ئەم دواییە" دواکەوتووە. ئەو پێشهاتانە بریتین لە هێرشەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسن لە تاران.

 

ڕاگەیاندنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تەنانەت بە درێژایی دوو ساڵ، ئاماژەیە بۆ وازهێنانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لە هەمان کاتدا، هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە چاوەڕێ یارمەتی واشنتنن بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکانی ئێران. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکە توانای 77 وڵاتی بەشداربووی هاوپەیمانییەکە بۆ هەماهەنگی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لاواز دەکات و ئەگەری گەڕانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی بەهێزتر دەکاتەوە.

 

هێزەکانی ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ ڕیگریکردنی سەرهەڵدانەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی بەریتانی بڵاویکردەوە، دەوڵەتی ئیسلامی تەنیا لەمساڵدا بەرپرسیارێتی 153 هێرش لە عێراق و سووریای لە ئەستۆ گرتووە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشە تیرۆرستییەکانی ئەمساڵ لە ئێران و ڕووسیا و هەروەها هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو لە کۆنسێرتی تەیلۆر سویفت لە ڤیەننا ڕاگەیاندووە.

 

هێزە کوردییەکان کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا شەری داعش دەکەن پشت بە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی دەبەستن. هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بۆ زانیاریی هەواڵگری و پێداویستییەکان پشت بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبەستن. نەمانی ئەو سەربازانە بۆشاییەک دروست دەکات کە لەلایەن داعش و هاوپەیمانانی ئێرانەوە پڕ دەکرێتەوە.

 

کۆنترۆڵکردنی ئێران لە ڕووی تەکنیکییەوە بەشێک نییە لە ئۆپەراسیۆنی چارەسەری هەمیشەیی، بەڵام سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا بۆ ئەو ئامانجە زۆر گرنگن. هەرچەندە سەرکردایەتیی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بە ئاشکرا داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکات، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی عێراقی بە شێوەیەکی تایبەت ترسیان هەیە ئەم هەنگاوە عێراق بخاتە ژێر کۆنترۆڵی ئێرانەوە.

 

مەبەستی ئەم کاتە دوو ساڵییە لە نێوان ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی شەڕی دژی داعش و هێنانەوەی سەربازەکان بۆ ماڵەوە، ئەوەیە کە ڕێگە بە هەردوو لایەن بدات بۆ ڕێکخستنی پلانەکە ئەگەر هەڕەشەکە زیاد بکات یان ئەگەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق نەتوانن بەرپرسیارێتی دژە تیرۆر لە کاتی خۆیدا بگرنە ئەستۆ. بەڵام ئەو ناڕوونییە بەمەبەستە بووەتە هۆی سەرلێشێواوییەکی بەرفراوان.

 

بۆ نموونە، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەمریکا دانوستان لەسەر "کشانەوەی" هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ناکات، بەڵکو کار دەکات بۆ"گواستنەوە"ی هێزەکان بە مەبەستی ڕێککەوتنێکی ئەمنی دوولایەنە. بەرپرسان پێیان وتم کە ڕێککەوتنێکی ئەمنی دوولایەنەی ئەمریکا و عێراق دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی سەربازانی ئەمریکی شەڕی دژی داعش لەوێ بمێننەوە. ئەوەش لە ڕووی تیۆرییەوە دەتوانێت مەترسییەکانی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی دژی داعش کەم بکاتەوە.

 

ئەرکە لەسەر سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کە بەدواداچوون بۆ ئەم ڕێککەوتنە بکات. لە ئەگەری شکستهێنانی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوا سەربازانی ئەمریکا دەبێت بە تەواوی بکشێنەوە. لە ساڵی 2008، جۆرج بوش ڕێککەوتنی کشانەوەی سەرجەم سەربازەکانی ئەمریکای لە عێراق واژۆ کرد، بەڵام لە دوای ئەو باراک ئۆباما دانوستانێکی زۆری کرد بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێک لە سەربازەکان لە عێراق بهێڵێتەوە کە سەرکەوتوو نەبوو. دوای سێ ساڵ، ئۆباما هەستا بە ناردنی هەزاران سەربازیی ئەمریکی بۆ عێراق کاتێک داعش ناوچەیەکی بە قەبارەی ڤیرجینیای داگیر کرد.

 

لە ساڵی 2021 دا، بایدن ناچاربوو بە جێبەجێکردنی گرێبەستی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکی لە ئەفغانستان کە لەلایەن سەرۆکی پێش خۆیەوە، دۆناڵد ترەمپ، واژۆکرا بوو. کاتێک پلانەکە بە باشی بەڕێوە نەچوو، بایدن زانی کە سوودی نیە ئەگەر بڵێت ئەمە پلانی خۆی نیە. ئێستا، بایدن هەمان کێشە بۆ سەرۆکی دوای خۆی دروست دەکات؛ کە دەبێت یان پلانی کشانەوەی بایدن پێچەوانە بکاتەوە و لە ڕووی سیاسییەوە ئازار بچێژێت، یان بەدواداچوون بکات و لە مەترسیی کارەساتێکی ئەمنیدا بێت.

 

کینێس پۆلاک، ڕاوێژکاری باڵا لە پەیمانگەی ئینتەرپڕایزی ئەمریکی دەڵێت: "بایدن وەک بەشێک لە میراتەکەی سەیری ئەم بابەتە دەکات. دەتوانێت بڵێت، من ئەو کەسەم کە کۆتاییم بەم شەڕە بێ پایانە هێناوە. ڕەنگە کامالا هاریس پێیوابێ ئەمە ڕێگەی پێدەدات کە دواتر جۆ بایدن تاوانبار بکات." ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە ڕووی سیاسییەوە ئەم کارانە بۆ هەموویان مانای هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم کارانە بێ ئەوەی هیچ کامیان درکی پێ بکەن خراپتر دەردەکەون”.

 

کەس نایەوێت سەربازانی ئەمریکا بۆ هەمیشە لە عێراق و سووریا بمێننەوە. بەڵام ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەرکەکە کۆتایی هاتووە، مانایی تەواوی کۆتایی هاتن نادات. کۆتاییهێنان بە “جەنگەکانی هەمیشەیی” ئاسانترە لە ڕاگەیاندنەکەی. ئەگەر ئەمریکا ئێستا دەستبەرداری ڕۆڵی خۆی لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ڕەنگە جارێکی دیکە ناچار بێت کە ئەو وانەیە بە ڕێگای سەخت فێر بێت.

 

وەرگێڕانی: د. ڕێباز چەتۆ

شەیری بکە لە: