لە بەریتانیا چی ڕوودەدات؟

لە بەریتانیا چی ڕوودەدات؟

گرافیک؛ ئاڤا نیوز


هەموومان کاتی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپامان لەبیرە کە بووە شووم و کارەسات بۆ سەر سپۆنسەر و بونیادنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە بنەماکانی یەکگرتنی ئەوروپا و هاوکاریی نێوان دراوسێکاندا هەیە. چەندین سەدەیە بەریتانیا دەوڵەتێکی زلهێزە و ڕێساکانی هەڵبژاردن و نوێنەرایەتیی دیموکراسیی دامەزراندووە، پێش ئەوەی وڵاتانی گەورەی وەکو ئەمریکا و فەڕەنسا پێی بزانن.

ئەوەی پێش چەند ساڵێک ڕوویدا و وای لە دەیڤید کامیرۆن، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا کرد دەست لەکار بکێشێتەوە و، دامەزراوە ئەوروپییەکانی تووشی ترس و شڵەژان کرد و، هاوپەیمانێتییە ستراتیژەکان لەوانەش هاوپەیمانیی ئەمریکا- بەریتانیا و ئینجا ئەمریکا- بەریتانیا- ئەوروپای بە بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەئاگاهێنایەوە، ئەوەیە کە ڕەهەندی نیشتیمانیی سەروەریی تاکلایەنە ڕەهەندی یەکگرتوویی فیدراڵیی بەشداریکردنی لەگۆڕنا.

ئەوەی ئەم ئاراستەیەی گرتەبەر، وڵاتانی وەکو پورتوگال یان هەنگاریا نەبوو، بەڵکو بەهێزترین وڵاتی ئەوروپی و جیهانی بوو. داواکارییەکانی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا سوودی نەبوو کە لە نێوجەرگەی لەندەنی پایتەخت داوای کرد پابەندبن بە حیکمەتەوە و هاتنی سەرۆک شارەوانییەکی موسڵمان بۆ سەر کورسیی شارەوانیی لەندەن کە یەکێک بەهێزترین پایتەختەکانی جیهانە، هەموو ئەمانە سەرکەوتوو نەبوون لە باوەڕپێکردنی قسەکەرانی زمانی شکسپیر کە ڕەهەندی فیدراڵی لەپێش ڕەهەندی نەتەوەیی دابنێن.

ئەوەی ڕوویدا پووختەکەی ئەوەیە ئینگلیزەکان هەستێکی بەهێزیان هەیە و ئەوان خەڵکی هەڵبژێردراوی مێژوون. هەروەها سەر بە وڵاتێکی بەهێزن کە ڕەگ و ڕیشەی بەدرێژایی سەدەکان درێژدەبێتەوە و دامەزراوە ئەوروپییە دەستکردەکان مافی ئەوەیان نییە یاسا و کۆتوبەند لەسەر وڵاتەکەیان دابنێن، یان وانەی پێکەوەژیان یان چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیان فێر بکەن.

بەڵام سەرهەڵدانی تووندوتیژیی ڕەگەزپەرستانە و دژایەتیکردنی خەڵکی بیانی کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕوویدا، پشتڕاستی کردەوە کە ڕق و کینە و دژایەتیکردنی کەسانی بیانی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی گرتووەتەوە، بە بەریتانیاشەوە، چونکە پرسی ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەمیشە لە مەترسیدایە.

ئەم ڕووداوانە دوای ئەوە دێن، لە 29ی تەمموزی ڕابردوو، لە ساوسپۆرت-ی باکووری ڕۆژئاوای ئینگلتەرا، بە چەقۆ هێرش کرایە سەر ژمارەیەک منداڵی بەریتانی لە وانەی فێربوونی سەما و سێ کچۆڵە گیانیان لەدەست دا. دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆ لەبارەی هێرشبەرەکەوە، ئەکاونتی ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان لە سۆشیاڵ میدیا بەشێوەیەکی کاریگەر ئەمەی قۆستەوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد ئەو کارە لەلایەن خوێندکارێکی پەنابەری موسڵمانەوە کراوە، لەکاتێکدا ئەم زانیارییە هەڵە بوو.

ئەوەی دیکەش ڕوونە: ڕاستەوخۆ دوای ئەوە لە دەیان شاری بەریتانیا دەست بە کردەوەی تووندوتیژی کرا . تەنانەت مزگەوت و ناوەندەکانی نیشتەجێبوونی پەنابەران لە چەندین ناوچە لە بەریتانیا هێرشیان کرایە سەر. ئەمەش بووە هۆکاری دەستگیرکردنی 900 کەس و زۆرێکیان تۆمەتبار کران بە کردەوەی تووندوتیژی و هاندان بۆ ڕق و کینە لە ئینتەرنێتەوە. ئەوەش پێش ئەوەی پۆلیس ناسنامەی هێرشبەرەکە ئاشکرا بکات کە ناوی ئاکسل ڕوداکوبانایە و تەمەنی 17 ساڵە، لەدایکبووی شاری کاردیفە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕواندایە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کریستیانن.

کاتێک بەریتانیا ویستی لە یەکێتیی ئەوروپا بکشێتەوە، خاوەن بڕیارەکان پێیان وابوو وڵاتەکەیان وەکو وڵاتانی دیکە نییە، دیدگای جیاوازی لەبارەی کۆچ و بونیادنانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەیە و پایتەختی جیهانە بۆ قبوڵکردنی فرەیی و شارستانییەت. 

 

بەڵام نائارامییەکانی ئەم دواییە و ئەوەی لەبارەی کۆچ  گوترا و نووسرا لەلایەن نوێنەرانی حیزبەکان لەمیانەی دوا هەڵبژاردنەوە،  لەوە دەچێت وەک ئەوەی لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکاوە هەیە، گرفتەکانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش بەهەمانشێوە، بۆیە موزایەدە و بانگەشە و قسە و باسە سیاسییەکان لەسەر حیسابی کۆچبەران و بەتایبەت موسڵمانان زۆرن کە دەبنە بارمتەی سیاسەتە ئەمنییەکان و پرسی کۆچ و تیرۆر و ماددەی هۆشبەر و تاوانی کوشتن تێکەڵ دەکرێن و، بڕە پارەیەکی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی چوونەژوورەوەی نهێنی بۆ ناو یەکێتیی ئەوروپا تەرخان دەکرێت.

لەکاتێکدا ئەم کێشەیە تەنیا 10٪ی کۆچی نایاسایی دەگرێتەوە کە زۆربەیان لە ئەنجامی درێژکردنەوەی چوونەژوورەوەی یاسایی بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی نایاسایی دێتە ئاراوە. ئەم ڕێبازە ئەمنییە هاوبەشی وڵاتانی بانکی باشوورە، کە لەبەرامبەردا سیاسەتی دژە کۆچبەرییان داڕشت و چاودێریی تووندتریان کرد، ئەمەش وای کرد کۆچبەران پەڕینەوەیەکی سەخت و مەترسیدارتر بکەن (بە بەکارهێنانی کەناڵی سیسیلیا لەبری بریندیسی و دوورگەکانی کەناری لەبری گەرووی جەبەل تاریق).

هەموو لێکۆڵێنەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن تا چەند سنوورەکان کراوە بن، تێپەڕاندنی کۆچبەران ئاسانتر دەبێت (وەک ئەوەی لە ساڵی 1991ەوە لە ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات ڕوویداوە). تا سنوورەکانیش زیاتر دابخرێن، قاچاخچێتی زیاتر دەبێت و لێشاوی کۆچبەرانیش زیاتر دەبێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی هەڕەمەکی جێگیر ببن، کاتێک بەڵگەنامەی پێویستیان نییە لە ئەنجامی نەتوانینی ڕۆشتن یان گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، ئەمەش ئەو گرفتەیە کە بەریتانیا سەرەڕای دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

کاتێک حکومەتی بەریتانیا تووشی ئەو شتانە بوو کە لە شەقامەکانی شارەکانیدا ڕوودەدەن، چەکی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتیی ئینتەرنێتی بۆ ئاشکرا بوو، بەتایبەتی پلاتفۆرمی "ئێکس" کە ڕاستڕەوە تووندڕەوەکان و چالاکوانانی دژی کۆچی موسڵمانان بەکاری دەهێنن و زانیاریی چەواشەکارانەیان تێدا بڵاودەکردەوە،  بۆ ئەوەی گرژی دروست بکەن. هەموویان هاوشێوەی ئەو شتانەن کە لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا ڕوودەدەن و تەنها یەک نموونەن لە پەیوەندی نێوان زانیارییە ناڕاستەکانی ئینتەرنێت و نائارامییەکانی پاڵنەری سیاسی.

وەرگێڕان: فازڵ عەبدوڵڵا
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: