بۆچی یاریی هەڵبژاردەکان سەرنجڕاکێشە؟

بۆچی یاریی هەڵبژاردەکان سەرنجڕاکێشە؟

 

کۆتدیڤوار جامی ئەفریقای بردەوە و ئوردن گەیشتە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، گەورەترین دوو ئەنجامی  چاوەڕواننەکراو بوون، بێگومان خۆشی یاریی هەڵبژاردەکان لەوە دایە ئەنجامی سەیر و چیرۆکی شاراوەی تێدایە.

 

بەبێ هیچ گومانێک تۆپی پێی ئەوروپا بەراورد بە کیشوەرەکانی دیکە لەوپەڕی پێشکەوتندایە، لەڕووی تاکتیکی و زانستی وەرزشی و بەڕێوەبردنەوە هیچ شوێنێک ناگات بە ئەوروپا، لەنێویشیاندا یانەکان، تا بلێی بەهێزتر و باشتر دەبن و خولەکان کۆنترۆڵ دەکەن، ئەم پێشکەوتنە زۆرباشە، بەڵام ڕێگەی ئەنجامی چاوەڕواننەکراوی کەمکردووەتەوە، بەهێزەکان کێبڕکێ لەسەر نازناوە گەورەکان دەکەن، ئەوە چیرۆکی بەردەوامی تۆپی پێی یانەکانی ئەوروپایە، بەڵام لە یاریی هەڵبژاردەکان ئەنجامی چاوەڕواننەکراو هێشتا ماوە، بەتایبەتی لەم دوو کیشوەرەی ئەفریقا و ئاسیا زۆر جیاوازتر بوو.

 

ئاگادارن کۆتدیڤوار بەچی شێوەیەک بووە پاڵەوانی جامی ئەفریقا؟ ئەمە لە یاریی هەڵبژاردەکان و ئەفریقا نەبێت لە کوێ ڕوودەدات؟ هەڵبژاردەیەک هەردوو یاریی کۆتایی کۆمەڵەکەی دۆڕاند و لە یاریی سێیەمدا 4-0 بە گینیای کەمەرەیی دۆڕا و ڕاهێنەرەکەی دوورخستەوە، بەڵام بەباشترین سێییەم بە جیاوازیەکی زۆرکەم بۆ قۆناغی 16 سەرکەوت، پاشان چیرۆکە سەیرەکەی بەردەوام بوو.

 

کۆتدیڤوار لەگەڵ سێنیگال لە دوایین خولەکەکان گۆڵی یەکسانیان کرد و دواتر بە لێدانی یەکلاکەرەوە قۆناغی شانزەیان بڕی، لەگەڵ مالی بە کارتی سوورەوە خولەکی 90 گۆڵی یەکسانبوون و 120 گۆڵی بردنەوەیان کرد و چارەگی کۆتاییان بڕی. لە پێش کۆتایی و کۆتایی سباستیان هالەر گۆڵی بۆ کردن، لەکاتێکدا تووشی شێرپەنجە بووە و چاک بووەتەوە، لە شێرپەنجە ڕزگارت بێت و بێی ببیتە پاڵەوانی وڵاتەکەت نازناویان بۆ ببەیتەوە! ئەم چیرۆکە جیاوازە لەوانی پێشوو.

 

چیرۆکی ئوردنیش هیچی لە ئەنجامی سەیرەوە دوورنەبوو، ئەم هەڵبژاردەیە لە سەرەتادا هیچ باش نەبوون، بەباشترین سێیەم سەرکەوت بۆ قۆناغی 16 و لەوێدا ڕووبەڕووی عێراق بووەوە، عێراق نزیک بوو لە سەرکەوتن بەڵام کارتی سووری ئەیمەن و دوو گۆڵی ئوردن لە خولەکەکانی 95 و 97 چیرۆکەکەی گۆڕی، دواتر تاجیکستان و هەموو پێیان وابوو بەرامبەر کۆریا شکست دێنن، بەڵام موسا تەعەمەری و هاوڕێکانی کۆریاشیان بڕی، ڕاستە یاریی کۆتایی بە سێ پێناڵتی دۆڕان، بەڵام ئوردنێک یەکەم جارە بگاتە یاریی کۆتایی ئاسیا و تەنیا تەعمەری، وەک یاریزانی پیشەگەر هەبێت کەس چاوەڕێی ئەوەی لێ نەدەکرد.

 

لە یاری هەڵبژاردەکاندا پێویست ناکات هاندەری هیچ لایەک بیت، چیرۆکی ناو هەڵبژاردەکان وات لێ دەکات سۆزت بۆ لایەک یان یاریزانێک بجوڵێت، بۆ نموونە پێت خۆشە سباستیان هالەر بووەتە پاڵەوان، یان مووسا ئەل-تەعمەری دەبینیت کە چەند باشە دڵخۆشی بۆی، لە کۆتاییدا تۆپی پێی یانەکان و هەڵبژاردەکان دوو جیهانی زۆر جیاوازن، هەردووکیان تابڵێی خۆش و سەرنجڕاکێشن، بەڵام هەرگیز یاریی یانەکان جێگەی هەڵبژاردەکان ناگرێتەوە.

شەیری بکە لە: