نەوتی عێراق دەدرێتە تیرۆریست و میلیشیاکان

نەوتی عێراق دەدرێتە تیرۆریست و میلیشیاکان

لە ڕۆژانی 15 و 22ـی تەمموز، لیژنەی وەزاریی وزەی حکومەتی عێراق دوو کۆبوونەوەی یەک لەدوای یەکی ئەنجامدان کە بڕیاری "زۆر بەپەلە"ی تێدا دران. بڕیارەکان پەیوەست بوون بە پێویستیی هەڵپەساردنی دەستبەجێی پێدانی فراوانی سووتەمەنی حکومەتی عێراق بەو لایەنە ساختانەی سەر بەو گرووپانەن کە لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق.

 

لیژنەی وەزاریی وزە، کە لەلایەن سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانییەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت، ئەم ڕێکارانەی لە سەرەتای مانگی تەمموز دەرکرد.لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت ئەگەر قەبارەی هەڕەشەی پارەدارکردنی کەناڵی تیرۆریزم ئاشکرا ببووایە، کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان لە مانگەکانی داهاتوودا لەسەر بنەمای ئەو نیگەرانییانە کاردانەوەیان نیشان بدایە. ڕێکارەکان سەرەتای تەمموز دەستیان پێکرا کاتێک بەشێوەیەکی لەناکاو پشکپشکێنەی نەوتی بەسرە وەستێنرا؛ کە بەسرە ئاسانترین شوێن بوو بۆ بەقاچاخبردنی نەوت بۆ دەرەوە.

 

هەر لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونیەوە، سوودانی و حکومەتەکەی شارەزای ڕێگاکانی پێدانی نەوت بوون بە تیرۆریست و میلیشیاکان و بەتەواویش هانیان دەدا. وەزارەتی نەوت، وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و ناوەندی ئۆپەراسیۆنە نیشتیمانییەکانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران بڕێکی دیاریکراو لە نەوتی حکومەتیان بۆ کارگەکانی ئەسفاڵتی عێراقی بە نرخێکی تەواو پاڵپشتیکراو تەرخان دەکرد. لەکاتی دیارییکردنی پشکی نەوتی نایاسایی، زیادەڕەوییەکی زۆر لە توانای کارپێکەریی و پێویستیی کارگەکان بە وزە کراوە و زۆربەی (هەندێکجاریش هەموو) نەوتی سووتەمەنییەکە بۆ هەناردەکردنی نایاسایی نێردراوە و بەهەڵە (بە دەستێکەڵکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق) وا نیشان دراوە کە ئەوە فلانکۆت بێت. بەوپێیەی فلانکۆت ماددەیەکی ڕەقە و لەناو بەرمیلدا دەگوازرێتەوە، ئەوە زۆر ڕوون بوو کە ئەو ماددە هەناردەکراوە فلانکۆت نییە، چونکە بە تەنکەری گواستنەوەی سووتەمەنی دەگوازرایەوە.

 

بەقاچاخبردنی نەوتی سووتەمەنی لەلایەن حکومەتی پێشوو، حکومەتەکەی مستەفا کازمییەوە سنووردار کرابوو. لە 2020-2021، نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کارگەکان لە 70 دۆلارەوە بۆ 220 دۆلار بۆ هەر تەنێک زیادکرا (لەگەڵ هەڵوێستی میلیشیاکان لە 2021 بۆ بەربەستدانان لەبەردەم هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری نرخ، بۆ 375 دۆلار بۆ هەر تەنێک). (بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، دەتوانرێت تۆنێک لەم جۆرە نەوتەی سووتەمەنی لە دەرەوەی عێراق بە نرخێک کە لە 500 دۆلار کەمتر نەبێت بفرۆشرێت، بەمپێیە تاوەکو نرخی فرۆشتنی بەرزتر بێت، پەراوێزەکانی بەقاچاخبرن کەمتر دەبنەوە). حکومەت لە 2020-2022 ڕووپێوی بۆ توانای ڕاستەقینەی کارگەکانی ئەسفاڵت کرد و پشکی تەرخانکراوی نەوتی سووتەمەنی بۆ کارگەکان بەگوێرەی ئاستیان کەمکردەوە، بەزۆری بە ڕێژی سفر تاوەکو 20٪.

 

لەژێر سایەی حکومەتەکەی سوودانیدا، پێچەوانەی ئەوە ڕوویدا: جارێکی دیکە نرخی نەوتی سووتەمەنی دابەزێنرایەوە، لە 100 بۆ 150 دۆلار بۆ هەر تۆنێک و هەروەها تەرخانکردنی نەوتی سووتەمەنی بۆ کارگەکان جارێکی دیکە لە پێداویستییە سەلمێنراوەکانیان زیاتر کرا. سووتەمەنی بۆ شەش وێستگەی ناکارا دابینکرا کە بەتەواوەتی لەلایەن ئەو گرووپانەوە بەڕێوەدەبران کە ئەمریکا بە تیرۆریست ناساندوونی. لە 2022ـەوە حکومەتەکەی سوودانی پێدانی مۆڵەتی بە کارگە ساختە نوێیەکانی ئەسفاڵت خێراتر کرد؛ لەناویشیاندا 37 پڕۆژەی نوێ (لە بەرامبەردا، لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا ئەمە تەنیا یەک پڕۆژە بوو)، دەشکاتە نزیکەی دوو هێندەی قەبارەت پیشەسازیی پێش ساڵی 2022. هەر وەک لە  بڕیارەکان لیژنەی وەزاریی وزە و وەزارەتی نەوتدا ئاماژەی پێدراوە، نزیکەی 26 کارگە (لە ناویشیاندا زۆر لەو نوێیانەی کە لە دوای 2022ـەوە زیاد کراون) هیچ بەرهەمێکیان نەبووە و هیچ کرێکاریشی نەبووە تا ببێتە پاساو بۆ تەرخانکردنی سووتەمەنی بۆیان.

 

کاردانەوەی حکومەتەکەی سوودانی خۆدوورگرتنی خێرا بوو لە میکانیزمەکە، ئەمەش سەرەڕای سەختیی شاردنەوەی ڕۆڵی سەرکردانەی ناوەندی ئۆپەراسیۆنە نیشتیمانییەکانی سەر بە نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە دابینکردنی سووتەمەنی. لیژنەی وەزاریی وزە فەرمانی دەرکرد بۆ دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە توانای ڕاستەقینەی کارگەکانی ئەسفاڵت و کەمکردنەوەی دابینکردنەکان بۆ 60٪ لە تواناکانیان تا پێداچوونەوەکە تەواو دەکرێت و نرخی پشتیوانیی نەوتی سووتەمەنی زیاد دەکرێت تاوەکو 369 دۆلار بۆ هەر تۆنێک. لە ماوەی 90 ڕۆژدا (یان تاوەکو کۆتایی نۆڤەمبەر، نزیک بە هەڵبژاردنی ئەمریکا) لیژنە عێراقییەکە بڕیارەکانی سەبارەت بەو کارگانە دەردەکات کە دەبێت بەکراوەیی بمێننەوە. 

 

ئەوە گرنگ دەبێت کە چاودێریی دۆخەکە بەردەوام بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو جووڵانەوانەی ئەمریکا بە تیرۆریست ناساندوونی نەتوانن سوود لە نەوتی دابینکراو و پاڵپشتیکراو وەربگرن؛  ساڵانە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار لە پڕۆسەی ساختەکاریی هاوشێوەدا هەبووە کە ساڵی 2019 کۆتاییهات. ئەمڕۆ، لەوانەیە سیستەمی بەقاچاخبردنی فراوان زیاتر لە 80 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا یان 960 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا دەستکەوتی هەبێت، ئەمەش لە سەر بنەمای لێکدانەوەکان بە نزیکەیی سەبارەت بە نرخ و قەبارە.

 

ئەوەش گرنگ دەبێت چاودێریی ئەوە بکرێت ئایا هیچ کارگەیەکی ئەسفاڵت بەڕاستی داخراوە یان نا. لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی نەوتدا هاتووە کە 26 (لە کۆی 55) کارگەی ئەسفاڵتی کەرتی تایبەت هیچ مافێکی یاساییان سەبارەت بە وەرگرتنی نەوتی سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو نەبووە. زمانی بەکاربراو لە فەرمانەکانی لیژنە وەزارییەکەی وزە بواری فراوانی بۆ خۆدزینەوە هێشتووەتەوە و خاوەن کارگەکان (گرووپە تیرۆریست و میلیشیاییەکان) خۆیان ئامادە دەکەن تاوەکو داوای پێداچوونەوە و چاککردنی ئەنجامەکانی بکەن.

 

پێویستە سەرنجێک لەوەش بدرێت کە ئێستا ڕوودەدات؛ زیادەی نەوتی سووتەمەنی لەبری ئەوە دەدرێتە کارگەکانی سەر بە دەوڵەت "کۆمپانیای دەوڵەتیی بۆ پیشەسازییە کانزاییەکان" کە ئەوانیش لە بەر نزمیی ئاستی بەرهەمهێنانیان شایستەی ئەوە نین. ئایا ئەم بڕەش کە تەرخانکراوە لە بەرژەوەندیی گرووپە میلیشیایی و تیرۆریستەکانە؟

 

لەکۆتاییدا، چاودێریکردنی ئەو کەناڵانەی دیکەش پێویستە کە چالاک کراون بۆ دزینی نەوتی سووتەمەنیی بەردەستی نوێ لەڕێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە بۆ هەناردەکردنی بە تەنکەر لە ڕێگەی تورکیا، ئێران یان سووریاوە.

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا 

سەرچاوە: پەیمانگای واشنتۆن

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: