گوتەبێژی یەکێتی: لەبارەی پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ پارتی لە یەک نزیكین

شەیری بکە لە:

سەعدی ئەحمەد پیرە گوتەبێژی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان

ئاڤا نیوز


سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی چەند پرسیارێکی ئاڤا نیوز دەداتەوە و لەبارەی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "لەگەڵ پارتی نزیکین لەسەرئەوەی دەبێت پارێزگار کورد بێت، هەرچەندە یەکێتی زۆرینەی بەدەستهێناوە، بەڵام لەسەر ئەوە کێشە دروست نابێت". ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات بەمنزیکانە جارێکی دیکە هەردوو حیزبە کۆدەبنەوە.

گوتەبێژی یەکێتی لەم چاوپێکەوتنە لەبارەی پرسە گرنگەکانی وەک: پارێزگاری کەرکووک، پرسی هەڵبژاردن لە دادگای فیدراڵی، شەڕی پەکەکە و تورکیا و کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و چەند بابەتێکی دیکە وەڵامی ئاڤا نیوز دەداتەوە:


ئاڤا نیوز: یەکێتی لە پارێزگای نەینەوا داوای چەند پۆستی ئیداریی کردووە؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە لە دوا کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی قسەمان لەسەر ئەوە کردووە، لە کەرکووک و موسڵ بەهاوکاری یەکدی کاربکەین بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی ئەو دوو پارێزگایە، ئەگەر هەموو ئەندامەکانیش یەکێتی بن بەبێ لایەنەکان حکومەتی خۆجێی پێکناهێنین، چونکە موسڵ عێراقێکی بچووکە و شوێنی پێکەوەژیانە، لەبەرئەوە یەکێتی بەپێی ژمارەی کورسی و خاڵەکانی پۆستەکانی وەردەگرێت.


ئاڤا نیوز: لەسەر دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ پارتی چەند نزیکن؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە لەگەڵ پارتی نزیکین لەسەرئەوەی کە دەبێت پاڕێزگاری کەرکووک کوردبێت، هەرچەندە یەکێتی زۆرینەی بەدەستهێناوە، بەڵام لەسەر ئەوە کێشە دروست نابێت، گرنگ ئەوەیە پارێزگارێکی باش نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکووک بکات و ڕێز لە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی ئەو شارە بگرێت، کورد پێویستە ببێتە هەوێنی پێکەوەژیان و کۆتایی بە شاتەشاتی شۆڤێنی خۆپەرستانە بێهنێت. 


ئاڤا نیوز:  پارتی دیموکراتی کوردستان داوا دەکات کەسێکی نیشتیمانی بۆ ئەو پۆستە دابنرێت و حیزبی نەبێت، ئێوە ڕازین بەوە ؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: نەخێر ڕاست نییە، پارتی ئەوەی داوا نەکردووە، پارتی داوای کردووە کورد بێت و لەسەر وردەکاری قسە دەکەین، پارتی دەڵێت دەبێت ئەو کەسەی دەبێتە پارێزگاری کەرکووک  حیزبییەکی تووندڕەو نەبێت، چونکە نموونەی ئەو کەسانە لەناو پارتی و یەکێتیش هەن، ڕەنگە ئەو کەسانە زەرەربن بۆیە دەبێت کەسێکی لێوەشاوە دیاریبکرێت بۆئەوەی بتوانێت ئەم پێکەوەژیانە مسۆگەربکات.


ئاڤا نیوز: پارتی هیچ مەرجێکی هەیە لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگای کەرکووک ؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: نە پارتی مەرج قبوڵ دەکات، نە ئێمەش مەرج قبوڵ دەکەین، لە دانیشتەکەمان لە گۆشەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەییەوە گفتوگۆی ئەو بابەتەمان کردووە، ئەگەر بە مەرجەوە بچینە ناو هەر بابەتێک ئەوا کۆتایی نایەت.


ئاڤا نیوز: دوایین وەڵامی پارتی بۆ یەکێتیی چی بوو دوای کۆبوونەوەکەی نێوانتان و دواتر کۆبوونەوەی پارتی خۆی؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: کۆبوونەوەکەمان کورت بوو، پێموابێت کاتژمێرێکی خایەند، زۆر لەیەکتر نزیک بووین، ئێمە تێگەیشتین کە ئەوان ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە دەبەنەوە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی خۆیان، چاوەڕێی وەڵامیش نەبووین لە ئەوان، چونکە داوای وەڵاممان نەکردبوو، ئینشائەڵڵا بەخێر دەگەڕێت.


ئاڤا نیوز: وەزیری دەرەوەی تورکیا، پێشنیاز دەکات پارێزگاری داهاتووی کەرکووک بە دەوری بێ لە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە؟ ئێوە لەسەر ئەمە چی دەڵێن؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: باشتر وایە تورکیا خەریکی دۆخی خۆی بێت، ئەوە لێگەڕێن بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکەوەژیانی لایەنە سیاسییەکان، ئێمە لە پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕێزمان لە تورکمانەکان گرتووە، پێموایە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕێزی خۆی هەیە، پیاوێکی شارەزایە، دڵنیای دەکەینەوە لەوەی کارێک دەکەین هەم ئارامی ببەخشێت هەمیش جێگای ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت لە پێکهاتەکان.


ئاڤا نیوز: لەگەڵ پارتی دووبارە کۆ دەبنەوە؟ کەی کۆ دەبنەوە؟ لەسەر چی کۆ دەبنەوە ؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: پێموایە یەکێتی و پارتی بەمنزیکانە کۆدەبینەوە، لەسەر کێشە سیاسی و ئابووریی و ئەمنییەکان، پێویستە هەمووجارێک ئەم بابەتە نوێ بکرێتەوە و قسەی لەسەربکرێت.




ئاڤا نیوز: بۆ دەیەمینجار سکاڵاکەتان لە دادگای فیدڕاڵی دواخرا، بیرتان لەوە نەکردووەتەوە سکاڵاکە بکشێننەوە بە گفتوگفۆ بابەتەکە چارەسەر بکەن؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: پێمانوایە هەمواری ساڵی 2009 بۆ یاسای هەڵبژاردن ناحەقە، ئەو لایەنانەی داوای هەموارەکە سوودمەندبوونە باڵانسیان ڕانەگرتووە و بوونەتە بەشێک لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، ئێمە دەمانەوێت ڕێز لە پێکهاتەکان بگرین، نامانەوێت ژمارەیان کەمبکرێتەوە و نامانەوێت بێ ماف بن، بەڵام نامانەوێت ببنە بەشێک لە کێشەکان.


ئاڤا نیوز: هۆکاری دواخستنی دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی چییە؟ ئایا دەستوەردان هەیە؟ بەتایبەت لەلایەن شیعەوە؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە نین ڕێگامان لە سکاڵا گرتووە، داومانەتە دادگا هەرکاتێک دادگا بڕیار بدات، ئێمە پێیەوە پابەند دەبین، سەبارەت بەدەستوەردان نازانم شیعەکان ئەمە دەکەن یان نا بەڵام لە هەموو لایەکەوە دەستوەردان هەیە بەتایبەتی یەکێتی،  ئێمە دەمانەوێت زوو دانیشتنەکە کۆتایی بێت و هەڵبژاردن بکرێت، ئەو لایەنانەشی لەو بابەتە زەرەر دەکەن دەستوەردان دەکەن.


ئاڤا نیوز: هاکان فیدان دەڵێت یەکێتی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بەردەوامبێت، لەبەرەی دوژمن هەژماری دەکەن؟ وەڵامی یەکێتی بۆ ئەو هەڕەشانەی تورکیا چییە؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: من پێموانییە ئەمە هەڕەشە بێت، ئەمە بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ خۆیان، دەیانەوێت موخاتەبەی ئەو کەسانە بکەن کە لەناو تورکیا هەستی ناسیۆنالیستییان هەیە، بەدوای بەرەی ناحەزێک دەگەڕێن تا کاری خۆیان بکەن. ئێمە پێمانوایە لەوەدا زیادەڕەوی دەکەن، چونکە پارتی کرێکارانی کوردستان تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی نییە، لە ناوچەکانی دیکە زۆر زیاتر هەیە. لە سلێمانی بەچەکەوە ئامادەییان نییە و هیچ بەرەیەکیان لای ئێمە دانەمەزراندووە، ئەگەر هەبێت لە ناوچەکانی ئامێدی و دهۆک هەیە.


من تێناگەم بۆ لە دهۆکەوە بازدەدەن و یەخەی ئێرە دەگرن. یەکێتی نیشتمانیی پێویستی بەوە نییە کێشە لەگەڵ تورکیا دروست بکات. ئەوە ئێمە نیین پارتی کرێکارانی کوردستانمان بانگهێشت کردووە و پێمان ناخۆشە ئەوان ببنە بەشێک لە کێشەکانی نێوان ئێمە و تورکیا، ئەوان دەبێت کێشەکانی خۆیان لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکەن. ئەگەر تورکیا بەدوای بەهانەدا ناگەڕێت دەیان ساڵە بەو توانا زۆرەی خۆیەوە خەریکە و لێیان دەدات، چاوەڕێیە ئێمە بەو توانا کەمەوە  کۆتاییان پێبهێنین، تورکیا نەیتوانیوە ئەوان لەناوببان ئێمە چیبکەین. بژاردەی شەڕ بژاردەیەکی دروست نییە، ئەرکی ئێمە لە کوردستان ئەوەیە بەرپرس بین  و هەوڵی ئەوە بدەین هەرێمی کوردستان دەورێکی تەواوکەر ببینێت بۆ تەواوی دراوسێکانی لەڕووی ئارامیی و ئاسایشەوە.


ئاڤا نیوز: قوباد تاڵەبانی داوایەکی ئاراستەی وەزیری بەرگری تورکیا کرد بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، وەڵامیان چی بوو؟


سەعدی ئەحمەد پیرە: بێگومان گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی زوو یان درەنگ هەر دەستپێدەکاتەوە خۆ هەر ئاوا نامێنێتەوە، لەگەڵ وەزیری بەرگری تورکیاش ئەم بابەتە باسکراوە.


ئاڤا نیوز: هەڵویستی یەکێتی لەبارەی دەرچوونی ئەمریکا لە عێراق چییە؟ ئێستا پەرلەمانی عێراق دەیەوێت بە یاسا ئەوە بکات


سەعدی ئەحمەد پیرە: ئێمە نایشارینەوە هەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی بۆ ڕاهێنان و شەڕی تیرۆر تا ئێستا پێویستە. ئێمە ئەگەر بمانەوێت ئارامیی لە عێراق هەبێت دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین خەڵک سەرپێچی یاسا کارپێکراوەکان نەکات، گرووپ وکۆمەڵەی چەکدار هەن بەچەک و مووچە و توانای ئەم حکومەتەی خۆمان ڕۆژانە کێشە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان دروست دەکەن. دەیانەوێت عێراق بکەن بە لوبنان، بە لوبنانیکردنی عێراق لە قازانجی عێراق و هەرێمی کوردستان نییە،  بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەمریکا و هاوپەیمانان بمێننەوە بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە تائێستا شانەی نووستووی تیرۆر هەیە، کێشەی سنوورەکانمان هەیە، سەروەری عێراق پێشێل دەکرێت و هێزی عێراقی نەیتوانیوە ئەوە کۆنترۆڵ بکات.


ئاڤا نیوز: ماوەی چەند ڕۆژێکە لە بازگەکانی یەکێتی ڕێگە نادرێت مۆبایل و پێداویستییەکانی و کەرەستە کارەباییەکان لە هەولێرەوە بێتە ناو سلێمانی، هۆکار چییە؟ دەڵێن بڕیاری یەکێتییە.


سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەمە شەڕی نێوان بازرگانەکانە، بازرگانەکانی هەولێریش لە شوێنێکی دیکە ئەمە دەکەن، ئەمە کاری من نییە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.

شەیری بکە لە: