بابەكر زێباری: بەدووری دەزانم هاوپەیمانان لە عێراق بكشێنەوە

شەیری بکە لە:
بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق

بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق

ئاڤا نیوز 

 

بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، چەند زانیارییەک سەبارەت بە مەترسییەكان داعش و دەنگۆی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەخاتەڕوو.

 

وێنە گەورەكە: ئازادكردنی سەدان ئەندامی داعش و گرووپە توندڕەوەكانی دیكە لە زیندانەكانی سووریا و مەترسیی پەڕینەوەیان بۆ عێراق، هاوكات دەنگۆی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، هەڕەشە و هێرشی بەردەوامی گرووپە میلیشیاییەكان بۆ سەر ئەو هێزانە و تێوەگلانیان لە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەگشتی دۆخی عێراقی هێندەی دیكە ناجێگیر كردووە و هاونیشتمانیان ترسیان هەیە و نیگەرانن.

 

لێدوانی فەرمی: بابەكر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق لە چاوپێكەوتنێكیدا سەبارەت بە بابەتی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمریكا بەتایبەتی، بە ئاڤا نیوزی گوت: هاوپەیمانان و ئەمریكا، ئێستا هیچ هێزێكی شەڕكەریان لە هیچ ناوچەیەكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش نییە و ئەوەی هەیە تیمی ڕاوێژكاری و ڕاهێنانن، پێموانییە كە ئەو هێزانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكشێننەوە و تاوەكو ئێستا بەفەرمی هیچ زانیارییەک لەمبارەیەوە ڕانەگەیێنراوە.

 

زانیاریی بەدەستهاتوو: لە ماوەی ڕابردوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە سەركردەكانی هەماهەنگی گوتووە كە ڕێككەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریكی كراوە كە هێزەكانیان بە دوو قۆناغ لە عێراق بكشێننەوە، قۆناغی یەكەم بە كشانەوەی هێزەكان لە مانگی 9ـی ئەمساڵ لە بەغدا و ئەنبار دەستپێدەكات.

 

زانیاریی زیاتر: بابەكر زێباری، ئاماژەی بە ئەوەش دا كە بوونی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، بەتایبەت لە بابەتی هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

درێژەی چاوپێكەوتن..


سوپاسالاری پێشووی عێراق، جەخت دەكاتەوە كە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان، تەنیا بۆ بابەتی ڕاوێژكاری و ڕاهێنانە بە هێزە ئەمنییەكان، ئەمەش لە هەموو وڵاتێک هەیە و ئاساییە و ڕێگەپێدراوە، بۆنموونە ئەو چەكانەی لەدەست هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە هەیە، پێویستییان بە چاودێریكردن و ڕاهێنانی بەردەوام هەیە،  نەمانی ئەو تیمانە و دەنگۆی جێهێشتنی عێراق باوەڕپێنەكراوە.

 


یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە


سەبارەت بە یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بابەكر زێباری كە لە نزیكەوە ئاگای لە قۆناغەكانی یەكگرتنەوەكە هەیە ڕایگەیاند: پرۆسەكە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت و بەردەوامە، بەڵام قورسە و كاركردنی زۆری دەوێت وا ئاسان نییە بە چەند ڕۆژێک تەواو بێت، چونكە ئەو هێزانە هەموویان لە سەنگەرەكانن و دەبێت لەچوارچێوەی یەكەی گەورەدا ڕێكبخرێنەوە و ئێستا سەرقاڵی پێكهێنانی فرقەن و پرۆسەكە بەپێی ئەو پلانەی كە هەیە بەڕێوەدەچێت.

 

 ڕاهێنانی پێ دەكرێتەوە


بابەكر زێباری، لەدرێژەی باسكردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژەی بە ئەوەش دا كە هێزەكانی هاوپەیمانانیش ئەو ڕاستییە دەزانن كە پرۆسەكە كەمێک قورسە و كاركردنی دەوێت، بەڵام بەردەوامە، قورسییەكە ئەوەیە كە دەبێت سەرجەم ئەو هێزانە جارێكی دیكە بهێنیتەوە بنكەكانی مەشق و بەشداری لە خولی ڕاهێنانی سەربازی بكەنەوە و دواتر لە یەكەی یەكگرتوو جێیان بۆ بكرێتەوە، ئەمەش جگە لە پێشمەرگە پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر پلەدار و ئەفسەر و فەرماندەیە هەروەها فیرقەش پێویستی بە هەموو بەشەكانی تۆپخانە و ئەندازەی سەربازی و مغاویر و گرووپی مەیدانی چەندین بەش و گرووپی دیكە دەبێت و پێویستە هەموویان پڕ بكرێنەوە و هیچ كەموكوڕییەك نەبێت.

 

كاتەكەی ئاشكرا دەكات


بەپێی گوتەی بابەكر زێباری، پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە ئەگەر وەک ئێستا بەردەوام بێت و هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە سێ تاوەكو چوار ساڵی دیكەی پێویستە.


داعش كۆتایی نەهاتووە


سەبارەت بە مەترسییەكانی جارێكی دیكە سەرهەڵدانەوەی داعش ، سوپاسالاری پێشووی عێراق گوتی: داعش كۆتایی نەهاتووە و هێشتا لە عێراق ماون، بەڵام وەک پێشوو نییە كە بنكەیان هەبێت و شوێنیان دیاربێت، بەڵكو ئێستا لە شێوەی شانەی نووستوون و 99یان عێراقین، بەڕۆژ كار دەكەن و بەشەویش دەبنەوە بە داعش، پێموانییە كە ئەمەش مەترسی بێت بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو توانایەی جارانیان نەماوە.


داعشەكانی سووریا بۆ سەر عێراق مەترسین؟


بابەكر زێباری لە دوا قسەكانیدا سەبارەت بە مەترسییەكانی داعش و گرووپە توندڕەوەكانی دیكەی سووریا بۆ عێراق ڕایگەیاند: پێموایە ئێستا سنووری عێراق تۆكمە كراوە و سیم كراوە و ژمارەیەكی زۆر كامێرای چاودێری دانراوە و دەربازبوون و هاتنی چەكدار و ئەندامانی داعش بۆ عێراق وا ئاسان نییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: