نەتانیاهۆ ئێران بۆ لێواری شەڕی بەرفراوان ڕادەکێشێت

نەتانیاهۆ ئێران بۆ لێواری شەڕی بەرفراوان ڕادەکێشێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

بنیامین نەتانیاهۆ لە کۆتایی جەنگ دەترسێت، کاتێک کە جەنگ کۆتایی دێت پرسیاری زۆری لێدەکرێت لەسەر بەرپرسیارێتی و شکستەکان لەلایەن ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی لەوبارەیەوە پێکدەهێنرێن. کە ئەو پرسە بۆ ئەو وەک چیرۆکی ژیان و مردنە، بەڵام ناکرێت کێشەکە کورت بکرێتەوە بۆ پابەندبوونی نەتانیاهۆ بە ئۆفیسەکەیەوە بۆ خۆپاراستن لە لێپرسینەوە. ڕاستە واژۆی سەرۆکوەزیران بۆ هەر پرۆسەیەکی کوشتنی دوژمن دەشێت کاریگەری ئەمنی و سیاسی هەبێت، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە دەزگای سەربازی و ئەمنییەکان لیستی بژاردەکان دەخەنە سەر مێزی سەرۆکوەزیران تاوەکو لەنێوانیاندا هەڵیبژێرێت.

 

زۆرینەی گومانەکان بۆ ئەوەن کوشتنی ئەو دوو  سەرکردەیەی ئەم دواییە لە بەیروت و تاران ڕەنگە ڕەنگدانەوەی خواستی دامەزراوەی ئاسایشی ئیسرائیل بێت بۆ گەڕاندنەوەی توانای بەرگرتن کە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" بە قووڵی ڕووبەڕوویی بوویەوە. شەڕی بڵاوکردنەوەی وێنە هەمیشە بۆ ئیسرائیل گرنگ بووە، پێیوایە دوژمنان هەست بەوە دەکەن کە چ باجێکیان لە ئەنجامی هێرشەکانیانەوە داوە، ڕەنگە ئەمەش هانیان بدات واز لە جێبەجێکردنی ئەو هێرشانە بهێنن.

 

کات لە جەنگدا گرنگییەکی ناوازەی هەیە. کوژرانی ئەو دوو سەرکردیە دوای ئەوە هات کە ناتانیاهۆ بۆ جاری چوارەم لەبەردەم کۆنگرێسدا وەستا و بۆ ماوەیەکی زۆر چەپڵەی بۆ لێدرا، ئەمە سەرەڕای نەگوتنی هەندێک وشە کە تەنها بە تێبینیکردن دەتوانرێت خەمڵاندن بۆ کاریگەرییەکانی بکرێت. وەک گوتارەکەیدا لە کۆنگرێس 27 جار باسی ئێرانی کرد و بێ ئەوەی وشەیەک لەبارەی ئاگربەستەوە بڵێت.

 

کەسانێک هەن پێیانوایە نەتانیاهۆ لە گەشتەکەیدا گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەمریکا ناتوانێت دەست لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بکێشێتەوە، سەرەڕای سەرزەنشتی جۆ بایدن و لێدوانەکانی کامالا هاریس. ئەوان لەو باوەڕەدان کە نەتانیاهۆ چاوەڕێی تەواوبوونی پەرتبوونی "حەماس" لە غەززە دەکات پێش ئەوەی سەرنجی ئەو هەڕەشەیە بدات کە لە بەیروت و تارانەوە دێت. دەشڵێن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەستی بەوە کردووە کە "حیزبوڵڵا" ئامادە نییە شەڕێکی سەرتاسەری بکات و تارانیش ئامادە نەبوو، بۆیە بڕیاری دا ئەم شەڕە بکات بۆ ئەوەی هەردوولا شەرمەزار بکات.

 

بەو دوو هێرشەی نەتانیاهۆ پەسەندی کرد، هیچ بژاردەیەکی لەبەردەم ئێران و حیزبوڵڵا نەهێشتەوە جگە لە وەڵامدانەوە نەبێت. دواتر بە فەرمی کوژرانی محەممەد زەیف-ی پشتڕاسکردەوە کە یەکێک لە باڵاترین و دیارترین سەرکردەکانی "قەسام" بوو، ڕەنگە ویستبێتی هەموو ئەمانە بۆ ئەوە بکات تاوەکو لە قۆناغی داهاتوو لەگەڵ ئێران و هاوپەیمانەکانی ڕووبەڕوو ببێتەوە نەک لەگەڵ فەلەستینیەکان لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا.

 

ئەو ویستی دۆسیەی ئێران و ڕۆڵی هەرێمی و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بخاتەوە بەرباس بۆ ئەوەی دۆسیەی ئاگربەست لە غەززە و پرسی دەوڵەتی فەلەستین بچووک بکاتەوە. لەوانەشە ویستبێتی تارمایی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران بگەڕێنێتەوە کاتێک ئەمریکا هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل پوچەڵ دەکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هاوپەیمانەکانی تاران هێرش بکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ناوچەکە.

 

کەسانێک هەن کە پێیانوایە نەتانیاهۆ ناوچەکەی بەرەو لێواری شەڕێکی بەرفراوان بردووە بۆ ئەوەی ڕێگا لە شەڕێکی ئاشکرای پەرتبوون بگرێت، هەروەها داوای ئەوە بکات کە ئێران بەبێ جیاوازی لە هەموو بەرەکاندا شەڕ بووەستێنێت.

 

دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی ئیسرائیل دەزانن کە مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی "حیزبوڵڵا" توانای گەیشتن بە هەر خاڵێکی ئیسرائیلیان هەیە. هەمان شت بۆ مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیش ڕاستە. لەگەڵ ئەوەشدا وای لە هەردوولا کرد بیانخاتە بەردەم بژاردەی شەڕێکی فراوان.

"حیزبوڵڵا" ناتوانێت لە بەرامبەر کوشتنی فوئاد شوکری، سەرکردەی باڵای سەربازییەکایان لە بەیروت بێدەنگ بێت و ئێرانیش ناتوانێت لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی "حەماس" لە تاران بێدەنگ بێت.

 

دامەزراوەی ئیسرائیل وا هەڵسوکەوت دەکات کە دەیەوێت شەڕەکە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەکەی یەحیا سنوارەوە بگۆڕێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بەرنامەی ڕێبەری ئێران. بۆیە دوێنێ نەتانیاهۆ بە پەرۆش بوو بۆ ئەوەی بڵێت "ئێمە شەڕێکی فرە بەرە لە دژی ئێران و بریکارەکانی دەکەین و بە تووندی لە هەموو باڵەکانی دەدەین". دوای 10 مانگ، ئیسرائیل بڕیاریدا وەک سەرەتای شەڕێکی هاوئاهەنگ و ئاشکرا مامەڵە لەگەڵ "تۆفانی ئەقسا" بکات کە شایەنی وەستاندنی بێت و بگاتە لێواری ململانێیەکی سەرتاسەری لەگەڵ سەرپەرشتیارەکانی.

 

هەڵسوکەوتی نەتانیاهۆ لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەڵسوکەوتی لە 10 مانگی ڕابردوودا ڕوون دەکاتەوە. ئاگربەست بۆ ئەو جێگەی پرسیار نەبوو، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ ئازادکردنی قۆناغ بە قۆناغی بارمتەکانیش بێت. ئەو وەشاندنی گورزێکی گەورەی بۆ "حەماس" و غەززە وەک ئامانجێکی ستراتیژی بینی کە زۆر دوور بوو لە گرنگیی گەڕانەوەی بارمتەکان. کەسانێک هەن پێیانوایە ئەو خەون بە زیان گەیاندن بە "حیزبوڵڵا" دەبینێت وەک ئەوەی بە "حەماس"ی گەیاند. سەرەڕای جیاوازی سروشتی هێزەکان و گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە و قووڵایی ناوچەکە. هەروەها ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ئیدارەی بایدن نەیتوانی هەڵوێستێکی ئیسرائیل دەربهێنێت کە یارمەتیدەر بێت لە تێپەڕاندنی "ڕێککەوتنەکە".

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕێی هێرشێک دەکات، زیاتر لەو باوەڕەدان کە هێرشی ئەمجارە تووندتر دەبێت لەوەی کە ناوچەکە لە مانگی نیسان بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی بەهۆی کوشتنی ئەو دوو سەرکردەیە. ئەمە لەگەڵ چاوەڕوانی ئەوەی سنووری ئاگرەکە بەکوێ دەگات. ڕۆڵی گرووپە چەکدارییەکانی عێراق سەر بە ئێران چی دەبێت؟ سنووری بەشداری حوسییەکان چەندە؟ ڕۆڵی بەرەی سوریا چییە؟ ئایا نەتانیاهۆ وەڵامی هێرشەکەی ئێران دەداتەوە بە گواستنەوەی قورسایی شەڕەکە بۆ "گۆڕەپانی لوبنان"؟

 

دەیان ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵێت، دیمەنە نوێ و ناوازە دەبینین، هاوینی کوشتنەکان، پێکدادانەکان گەرمتر دەبێت. سنووری هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە کوێیە؟ سنووری ڕۆڵی ئێران لە کوێیە؟ ئایا ئەمریکا دەتوانێت ئەوە قبووڵ بکات بەو گۆڕانەشی کە لە "یاساکانی شەڕ" لەنێوان ئێران و ئیسرائیل هاتووەتە دی، ناوچەکە لە لێواری شەڕێکی بەربڵاو دوور بخاتەوە؟

 

ئەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ترسناکە؛ حکومەتەکان سەریان لێشێواوە، سوپاکان نیگەرانن، گرووپەکان کۆکراونەتەوە، بنکەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدان، کەشتیە جەنگییەکان ناخەون. چ ڕۆژێکی سەختە لەم بەشەی جیهاندا!

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: