کۆمپانیاکانی قەزوین بەشداری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەکەن

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز  


ژووری بازرگانی پارێزگای قەزوین لە ئێران، بە یاوەری 50 کۆمپانیای پارێزگاکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەشداری لە پیشانگی نێودەوڵەتی هەولێر دەکەن.


وێنەگەورەکە: پارێزگای قەزوین یەک لەسەر سێی بەرهەمەکانی هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکات و 50٪ بەرهەمەکانی هەناردەی بازاڕەکانی عێراق دەکات.


لێدوانی فەرمی: ڕەسوول حاجی عومەر، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە ئاڤانیوزی گوت: ئامانج لە سەردانی شاندی پارێزگای قەزوین فروانترکردنی ئالوگۆڕی بازرگانی نێوانمان و گفتۆگۆکردنە لەبارەی دامەزراندنی کارگەی هاوشیوەی پارێزگای قەزوین لە هەرێمی کوردستان.


لە لایەکی دیکەوە: مەهدی عەبدیان ، سەرۆکی ژووری بازرگانی پارێزگای قەزوین بە ئاڤانیوزی گوت:  لێرەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان گەرموگوڕتر و بەهێزتر بکەین و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانمان زیاتر بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش بەرهەمەکانمان لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر نمایش دەکەین.


زانیاریی زیاتر: لە پارێزگای قەزوین سێ هەزارو740 یەکەی پیشەسازی ، 1050 پڕۆژە لەبارەی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ماسی و  نەمامەگە ، 360 کارگەی بەرهەمهێنانی ماددە جیاوازەکانمان هەیە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: 70٪ قەبارەی بازرگانی ئەو پارێزگایەی ئێران لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: